خەفەتێك بۆ یەكێتی‌و خەفەتێكیش لەكورد

شوان داودی
  2019-04-19     1246
لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان لە رۆژنامەی هەواڵ كە بەندە خاوەندارێتی دەكەم رەخنەیەك بە شێوەی (چز) لە فراكسیۆنی یەكێتی گیرابوو، بەوەی كە حزووریان نەبووە لەكۆبوونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارنامەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی. دیارە سەرۆكی فراكسیۆن كە لەوپەڕی رێزم بۆی زیاتر هیچی ترم لەگەڵ نییە، ئەم رەخنەیەی بە دژایەتی خۆی لە قەڵەمداوەو لە چەندین شوێن بەناوی گلەیی و گازندەوە سكاڵای لێكردووم، لەسەر راسپاردەی هەڤاڵان داوام لێكرا، خۆم لە قسەكردن لەسەر فراكسیۆن بپارێزم، لەم ماوەیەداو دوور لە راگەیاندن لە گرووپێكی داخراوی حزبیدا و دواتر لە كۆبوونەوەیەكی حزبیدا رایەكی خۆم لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی دەربڕی بەمەبەستی پێداچوونەوە و چاككردنی كەموكوڕییەكان، كە وتبووم:" یەكێتی كۆمەڵێ پەرلەمانتاری باشی هەیە لە بەغدا، بەڵام فراكسیۆنی نییە". ئەم قسەیەم بە ترش و خوێەوە گەیەنراوەتەوە سەرۆكی فراكسیۆن، بۆیە لە یەك دوو موناسەبەدا كە یەكتریمان دەبینی.. لێمان لالووت بوو.

هەر لەسەر راسپاردەی برادەران بڕیاری ئەوەم دابوو هیچ قسەیەك لەسەر فراكسیۆنەكە نەكەم، هەفتەی رابردوو لەسەر بانگهێشتی هاوڕێم محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بۆ راسپاردنی ئەركێك سەردانی پەرلەمانم كرد، لەكافیتریای پەرلەمان لەگەڵ سێ هاوڕێم لە پەرلەمانتارانی یەكێتی كە بە پێویستی نازانم لێرە ناوەكانیان بنووسم لەسەر مێزێك دانیشتبووین، كە سەرۆكی فراكسیۆن هات نەك بەخێر هاتن، تەنانەت بە هۆی منەوە سڵاوی لەوانیش نەكرد، كاغەزێكی خستە بەردەستیان و داوای كرد ئیمزای بۆ بكەن. 

دواتر هەر لە رێڕەوەكانی پەرلەماندا لەگەڵ د. مەلا بەشیر تووشی یەكتر بووین، لە دوورەوە یەكتر دەناسین، بەڵام ئەمە یەكەمجارە رووبەڕوو یەكتری ببینین، بەخێر هاتنی گەرمی لێكردم و رێزێكی زۆری نواند و بانگهێشتی ژوورەكەی كردم، چووە دانیشتنی پەرلەمان و دوای چەند خولەكێك دانیشتنەكەی جێهێشت بۆ میوانداری كردنم، لەوەتەی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لەسەر پشكی پارتی وەرگرتووە، سێ وتاری رەخنەیی توندم لەسەری نووسیوە، دوای رێزگرتنێكی زۆر هەر لە ژوورەكەی خۆی گفتوگۆیەكی گەرممان كردو لەسەر كۆمەڵێ پرسی سیاسی بیروڕامان گۆڕییەوە.

یەكێك لە كلتوورە جوانەكانی یەكێتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و قبووڵكردنی رەخنە بووە، پرسی رەخنە لە یەكێتیدا بۆتە نەریت، ئەندازیاری ئەم نەریتە شارستانییەش جەنابی مام بوو. كاتێك بەراوردی هەردوو هەڵوێستەكەی د. جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و د. مەلا بەشیر جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی پارتیم كرد، زۆر خەفەتم بۆ یەكێتی خوارد، چونكە ئیدارەدانی ململانێ سیاسییەكان بەگشتی و بەتایبەت لە بەغدا كە جەنابی مام نەخشە داڕێژەری بوو، بەو نەفەسەی ئێستای سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نادرێت.

لە سەردانیكردنم بۆ ژوورەكەی د. مەلا بەشیر، هەڤاڵ ئەبو ئیبراهیم كە راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمانی عێراقە لەسەر پشكی یەكێتی .. هاوڕیێەتی كردم، دوای تەواوبونی گفتوگۆی بەندەو د. بەشیر، گفتوگۆیەكی نیشتمانیانەی چڕوپڕ وەك دوو هاونیشتمانی كوردستان لە نێوان هەر یەك لە د. بەشیر و ئەبو ئیبراهیم دروستبوو گفتۆگۆكەیان دوور بوو لە دەمارگرژی نەتەوەیی و حزبی، گفتوگۆیەك پڕ لەدیدی روون لە دیاریكردنی كێشەكان و ئاسۆی چارەسەری كردنیان، لە راستیدا ئەو گفتوگۆیە بۆمن مایەی هەڵوەستەكردن بوو، چونكە د. بەشیر بەرەگەز توركمانەو ئەبو ئیبراهیمیش عەرەبە، بە بەراورد لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد ئێستاش جگە لەململانێی سیاسی و حزبی گفتوگۆیەكی زانستی نشتیمانیمان لە نێوان دوو پەرلەمانتاری كورد لە دوو فراكسیۆنی جیاواز بۆ كێشەكانی كوردستان وەك نیشتمان نەبیست.

كاتێك ئەو دیمەنەم بەراورد كرد كە ئێمەی كورد سەرقاڵی ململانێی سیاسی و حزبیی و موزایەدە كردنین بەسەر یەكتریدا خۆمان و كوردستانمان لە بۆتەی تەسكی نەتەوەدا بچووك كردۆتەوە بەپێی بەرژەوەندییە حزبیە بچوكەكان كوردستانمان دابەشكردووە و وەكو نیشتمان لەبیرمان چۆتەوە، بۆیە لەم بەراوردكاریەشمدا زۆرم خەفەت لە كورد خوارد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×