ئەلتەرناتیفی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان
شوان داودی
2020-07-10   582
ماوەیەکە گفتوگۆ لە نێوان بەرگری عێراق و پێشمەرگەی هەرێم هەیە بۆ پێکهێنانی چەند ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنی و عەسکەریانەی کە لە غیابی پێشمەرگە لەو ناوچانە دروست بووە و لە لایەن داعشەوە سودی لێ وەردەگیرێ بۆ دەستوەشاندن لە هێزە عێراقیەکان و دروستکردنی نائارامی لەو ناوچانە ، ئەمەش مشتومڕی زۆری لێکەوتۆتەوە لای پێکهاتەکانی تر ، بە هەموو شێوەیەک گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە رەت دەکەنەوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی پشێوی زیاتر .
لە رووی ئابوورییەوە هێز و میلیشیا شیعەکان دوای بەغدا ئەم ناوچانەیان بە گشتی و کەرکوکیان بەتایبەتی کردۆتە هێڵی دووەمی ئابوری خۆیان وپشتنێنەیەکی بە هێزیان دروست کردوە و دەستیان لە کۆی چالاکیە ئابوورییەکانی شارەکە هەیە بەتایبەت لە بواری نەوتدا ، ئەمەش بۆ کۆمپانیای bp بۆتە مایەی دوودڵی لە گەڕانەوەیان بۆ کۆمپانیای نەوتی باکور کە بەتەمان بگەڕێنەوە بۆیە بەریتانیەکان بە گەرمی لەسەر خەتن ، بۆ ئەمریکەکانش مایەی قەبوڵکردن نیە و کار بۆ وشک کردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو هێزانە دەکەن و دوورخستنەوەی ئەو میلیشایانە لەم ناوچانە بەگشتی و لە کەرکوک بە تایبەتی بۆتە بڕیار لایان .
لەبواری سیاسیش بۆ پێشهاتە تازەکان چی ئەمریکیەکان و چی حکومەتی عێراق گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی لەوە زیاتر نابێ کورد لە کەرکوک پەراوێز بخرێت کە زۆرینەی شارەکەیە و بە هەر شێوازێک بێت دەبێت هاوسەنگی بگەڕێتەوەو پێگەی کورد پارێزراو بێت ، لەهەمان کاتدا هەم حکومەتی عێراق ناتوانێ بڕیاری گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە بدات هەم ئەمریکیەکانش قەبوڵیان نیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە لەبەر ئەوەی پێکهاتەکانی تر رازی نابن .
حکومەتی کازمی کە لە لایەن ئەمریکیەکانەوە پشتوانی دەکرێ و لە ڕێیی شەش راوێژکارەوە ڕێنمایی دەکرێت سورن لەسەر هێنانە کایەی گۆرانکاری گەورە لە عێراق و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ دروستکرنی سەقامگیری سەربازی و ئابوری وسیاسی بۆ ئەم مەبەستە گۆڕانکاری لە جۆری هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراقدا دەکرێ ، بۆ ئەم ناوچانەش بیر لە ئەلتەرناتیفی پێشمەرگە دەکەنەوە بەشێوەیەک بتوانن هاوسەنگی نێوان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە و شاری کەرکوکیش ڕابگرن .
بەم خێراییەش و لەم قەیرانی داراییەدا حکومەتی عێراق ناتوانێ هێزێکی نوێی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە دروست بکات کە داوایەکی کۆن و تازەی پێکهاتەکانە لە کەرکوک
بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە بیر لە گواستنەوەی هەردوو لیواکەی سەرۆکایەتی کۆمار بکەنەوە کە لە سەردەمی مالکیدا دامەزراون سەربە وەزارەتی بەرگری عێراقن و ئاسایشی بەشێک لە ناوچەکانی بەغدایان پێ سپێردراوە بۆ ئەوەی مەلەفی ئەمنی کەرکوک بدرێتە دەست ئەو هێزانە کە پێکهاتەکەی تێکەڵەیە لە هەموو پێکهاتەکان و تاڕادەیەکی باش هاوسەنگی تێدایە و زۆربەیان خەڵکی ئەو ناوچانەن ، ئەمە لەم کاتەدا ڕەنگە باشترین بژاردە بێت ئەگەر لایەنێکی کوردی بە هۆکاری حزبی ئاستەنگ دروست نەکات یان سەرۆکایەتی کۆمار ڕێگا نەدات .