یەکێتی لەماوەی 30 ڕۆژی تردا چی دەکات؟

شوان داودی
  2020-06-30     1804
دوای بریارەکەی حکومەت لە کەم کردنەوەی موچە و کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سەری و بەیاننامەکەی نیوەشەوەی بۆ پشتوانی بڕیارەکەی حکومەت و دواتر تویتەکەی شێخ لاهور هاوسەرۆکی یەکێتی لەو بارەیەوە کە دواهەڵوێستی یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە گەڕانەوە بۆ کۆبونەوەی سەرکردایەتی ، بەمەش هەموو ئومێدەکان بۆ ڕێگری کردن لەو بڕیارەی حکومەت کەوتە کۆبونەوەی 28ی حوزەیرانی سەرکردایەتی یەکێتی .

قەڵاچوالان بۆ یەکێتی واتا و دەلالەتی خۆی هەیە ، کۆبونەوە چارەنوسسازەکەی سەرکردایەتی لە قەڵاچوالان ئەنجام درا ، بەڵام بێ ئەوەی هیچ راگەینراوێکی لێوە دەربچێ ، دوابەدوای کۆبونەوەکەش جووڵەیەکی زۆر و خێرای سیاسی و دیپلۆماتی یەکێتی دەستی پێکرد کە بۆتە جێی پرسیاری زۆر لە لایەن کۆمەڵانی خەڵک و چاودێران و پێکهاتە سیاسیەکانەوە ئایا یەکێتی بە تەمای چیە ؟

کە کۆبونەوەکە ڕاگەینراوی نەبوو ، مەرج نیە بەرهەمی نەبووبێ ،وهەر بڕیارێکی چارەنوسسازیش کە پەیوەست بوو بە ژیان و گوزرانی کۆمەڵانی خەڵکەوە بەرپرسیارتیەکی گەورەیە ، مەرج نیە بەیەک کۆبونەوە بڕیاری لێ بدرێت و لە میدیاوە جاری بۆ بدرێت ، بریاری لەو جۆرە پێویستی بە بەرچاوروونی زیاتر وراوێژی زۆرتر هەیە بەتایبەت لە گەڵ لایەنە سیاسیەکانی تر.

دژایەتی کردن یان قەبوڵ نەکردنی هەر بڕیارێک کە رەهەندی سیاسی ئیداری و دارایی هەبێت تەنها بە گوتار ناکرێت و پێویستت بەوە هەیە پرۆژەی ئەلتەرناتیفت هەبێ و خەڵک و لایەنەکانی تریش قەناعەتیان بەو ئەلتەرناتیفە هەبێت و هاوبەش بن لەو بڕیارەدا بۆ ئەوەی تیایدا سەرکەوتوو بیت .
ئاشکرایە ئەزمونی هەرێم و دەسەڵاتەکەی لە کۆمەڵێ قەیرانی قوڵدایە ، قەیرانش دەستپێکە بۆ گۆڕانکاری چەند قەیرانەکان قوڵ بن گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن ، یەکێتیش بڕیاری ئەوەی داوە کە کار بکات بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی دێنە کایەوە لە ئەنجامی ئەو قەیرانانە لە بەرژەوەندی پتەو کردنی قەوارەی سیاسی هەرێم لە شێوازێکی نوێی حوکمڕانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت، بۆ ئەمەش بڕیاری ئەوەی داوە کە نەچێتە ژێر باری هەر بڕیارێک کە دەسکەوتی بۆ خەڵک تیا نەبێ ، بۆ گەیشتن بە بریاری یەکلاکەرەوە و دەستەبەرکردنی پرۆژەی ئەلتەرناتیف ، یەکێتی 30 ڕۆژ دەرفەتی بە خۆی داوە ، بەو شێوەیە بریاری پێویست وەردەگیرێ ئەوجا ئەگەر پارتی هاتە ژێر بار ئەوە یەکێتیش ئامادەیە لە گەڵیدا بەرپرسیارێتی هەڵگرێ بە پێچەوانەوە هەموو ئەگەرەکان لە پێشدا کراوەن .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×