لەشارەکەت زەلیلە شێر، گوڵم..... باوی ڕێوییە*

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-06-14     1074

کە فێستیڤاڵی تاج لەسەرنانی سوڵتانی نوێی (هەرێمی کوردستان داش عێراق)م، بینی و لەو لاشەوە فرۆکەکانی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی تورکم بینی کە لە ژێر سایەی سەرۆکی کۆنی هەرێم و سەرۆکی نوێی برازادا، بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی تورک وەک خۆشەویسترین میوانی خێڵی سوڵتان، ئاگر لە گیان و ماڵی ئەو بەشە لە نەتەوەکەم بەر دەدا لە باشووردا و خاكی ئەوبەشە لە نیشتمانە داگیرکراوەکەم دەکاتە سووتماک، خەمێکی قورس بۆ ئایەندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەکەم دای گرتم، دەترسم زۆر دەترسم، هەمان سیناریۆ، هەمان بەدبەختی و هەمان ترازان و هەمان دابڕان لە نەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتیش لەژێر سایەی حیزبە داڕزاوەکانی ڕۆژهەڵاتدا چەندبارە ببنەوەوە.


چەند هەفتە لەمەوبەر، کاتێ بینەری بەرنامەی تاوتوێ بووم لە کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لەگەڵ فکرێکی ساغ، دڵێکی پاک، قەڵەمێکی بوێر و زمانێکی راستگۆ، چاوەکانم پڕ لە فرمێسکی شادمانی بوون و پڕ بە گەرووم هاوارم کرد: هۆ نووسەرانی باشووریم، ئەگەر نووسیتان وەک ئەو بنووسن، ئەگەر وتتان وەک ئەو بڵێن.**


ئێستا کاتی هەڵبڕینی دەنگتانە، سەردەمی وتنی حەقتانە، ڕۆژگاری وشیاریی و وشیارکردنەوەتانە، زەمانێکە و تێدەپەڕێ، سەرکردەی زەمانی خۆتان بن، شوێن زوڕنای ئەهریمەن مەکەون، ئەوە دەنگی شمشاڵەکەی ( قالە) نییە، بۆ کورد نییە، شیوەنی زیندووکردنەوەی بازییەکانی سوڵتانە زۆرەکانی ڕابوردووە، گریانی سەر سەکۆی شانۆیە، ماچی سینەمایی و بەڵێنی ( بەکر مەرگەوەڕانە) یە، ئەوە مانگ نییە، تا خەرمانەی بێ، ئاسمان نییە ئەستێرەی بێ، درەختی بەردار نییە، تاکەی بەدیار درەختی زڕی سیاسەتییەوە هەڵدەکروشکێن؟! 


مێژوو لەوسەرەوە لە دوورایی هەزاران هەزار ساڵەوە، لەیەکەم هەڵسانی یەکەم مرۆڤەوە بۆ سەر پاکانی، لەیەکەم پژمینەوە، دەستی بە نووسینەوەی خۆی کرد، وێنەکانی گرتن، دیمەنەکانی تۆمارکردن، بەسەر هەموو نەتەوەکاندا، مێژوو تێپەڕیوە و تێدەپەڕێ.


قەڵەمە زڕەکان، دەنگە سواوەکان، دڵە نەخۆشەکان و بیرە ژاراوییەکان، ڕۆژێک دێنێتەوە سەر پەردەی سینەمای ژیان و مەیمون و مەیمونەوان پێکەوە، هەر ڕۆژەی دەبنە پاڵەوانی( کۆمێدیای ) خیانەتێک بە نەتەوە. مەیمون پێی وایە ئەگەر جلەکانی گۆڕی و وەک خەڵکی شار خۆی ڕازاندەوە ، ئێدی لە جەنگەڵەوە بۆ شاری دەگوێزنەوە و لە کۆڕی شارستانەتا ڕوویەکی تێدەکەن و قسەیەکی لێ دەسەلمێنن. خۆ مەیمەن لە ڕووی شعور و هەستەوە فرە نزیکە لە مرۆڤەوە، کەچی کاتێ مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەیموون بوونەکەی، ئێدی لێی دەشێوێ و لە نێوان جەنگەڵ و شاردا دێت و دەچێ، نە ئەمیانە و نە ئەویان، ئاخر گەڕانەوەی فکر بۆ دواوە، داڕزان و داڕمان و داتەپان و گەندەڵ بوون دروست دەکات، وەک تاکە ناوەندێک کە ئینسانی گەڕاوە لە بەرەی ئینسانەوە بۆ بەرەی غەیرە ئینسان، دەتوانێ تییدا لەگەڵ خەیاڵی خۆیدا بدوێ و مەرجەعییەت بۆ خۆی دروست بکات و نیشتمان پەروەریی بفرۆشێ و پێی وابێ ئەو لە کوێ بێ نیشتمان پەروەریی لەوێیە!!!


ئاوایە!!! گەڕانەوە لەبەرەی ئینسان بوونەوە بۆ بەرەی پێچەوانە، ناخ بەرمەڵا دەکات، ڕواڵەت دەگوڕێ، دەنگ ناخۆش دەکا، ڕەفتار تێک دەدات و بیرەوەریدان دەسڕێتەوە. 
قسەیەک هەس دەڵێت: کورد بدوێنە خۆی شەرحی خۆی دەکات، ئەم موقەلیدە بەزاری خۆی وتی، کە ئەو لەگەڵ مەرجەعەکەیدا، بەم دواییانە چۆتە بەغدا، بە قسەی خۆی هەرلەو سەفەرەدا شیفتە و شەیدای مەرجەعی تەقلیدەکەی دەبێت، وەلێ باسی ئەوەی نەکرد لەکام هەڵوێست دا، تووشی ئەم جەزەبەیە بووە، ئایا لەو کاتەدا بوو کە مەرجەعەکەی، وەک دۆڕاوێکی مایە پووچ بوو، دەست بە دامێنی ( عەبادی ) پۆزشی بۆ دەهێنایەوە و فەرموویان: هەوڵ دەدەین غەڵەتەکانی ڕابووردومان ڕاست بکەینەوە؟!


ئێمە دەزانین کە ( عەبادی) لەسەر غەڵەتی ڕیفراندۆم، ئەم مەرجەعی تەقلیدەی بوغزاند و قاسم سلێمانی وتەنی: ئەگەر هێزەکانی ئێمە نەبوایە داعش هەولێری دەگرت و ئێستایش کە ئێستایە، سەبارەت بەم قسەیەی سلێمانی، ئەم مەرجەعە فزەی لێوە نەهات، بەرێز ئایا ئێوە لەو کاتەدا حاڵتان لێهات و شەیدای وەفا و قسە و ڕەفتاری مەرجەعەکەتان بوون؟!


من لە قوڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی لەو بەشە لە  نەتەوەکەم دەکەم لە باشوور، کە هەردوای ڕیفڕاندۆمی ئەو مەرجەعە جارێکی تر عەقڵی خۆیان نەدایەوە دەست مەرجەعەکەی تۆ و لە دوا هەڵبژاردندا بەرێژەی ٦٥% یان وتیان ( نا بۆ ئێوە) حیزبەکانی ناو گۆڕەپانی پڕ لە ساختەی باشوور و بەدڵنیاییەوە ئەوە پەشیمان بوونەوەیشیان بوو لە ڕیفراندۆمی ئەو مەرجەعە، چونکە ئەوان بەڕۆح دەڵێن بەڵی بۆ ( سەربەخۆیی نەتەوەکەمان)، بەڵام چەواشەکاری و زمانبازیی بەهەڵەیدا بردین.


ئێدی تۆ باسی کام خەڵکە دەکەیت و لەبەردەم کام ئاوێنەدا وەستاوی و لەگەڵ خۆت قسان دەکەیت و دەڵێت: کە ئەو بەتەنیا مەرجەعی تۆ نییە، بەڵکو مەرجەعی هەموو نەتەوەی کوردە، مەرجەعی چل ملیۆن کوردە؟!! من نازانم شەوی ڕابوورد و لەسەر کام تەنیشتە خەوتوی!! کە ئاوا خەوێکی سوریالیزمیانەت بینیوە، خودا هیدایەتت بکات ***.

من بەدڵ ئەو مەرجەعەی تۆم قەبوڵە وەک مەرجەعی خیانەتەکانی:

ئاشبەتاڵ و لێکەوتەکانی کە ئەنفالەکان و بۆمبارانی کیمیاوی کوردستان بوون
ناچارکردنی بیرمەندی نەتەوەکەمان مامۆستا ( مەسعوود محەمەد) بۆجێهێشتنی هەولێر و کۆچی موبارەکی بۆ سلێمانی لەدوا مانگەکانی ژیانی پڕ لە بەرەکەتی ئەو سەروەرەماندا.
شەهیدکردنی کاک سوڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی
چەندین شەڕی کورد کوژیی لە باشوور لە نێوان سەرکردەکانی حیزبە جوداکانی  باشووری کوردستاندا ( کە خۆیان ناویان لێنابوو شەڕی براکوژی، بۆوەی براکان بکەنە دوژمنی یەکتر و کردیشیانن)
کوردکوژیی ٢٠ ڕۆژەی شاری سنە
شەهیدکردنی کاک فوئاد موستەفا سوڵتانی
شەهیدکردنی کوردپەروەرانی باکوری نیشتمان
شەڕی کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان
بکوژی ڕۆشنبیران و رۆژنامە نووسان و دەنگە ئازادەکان
چاوساغیی لەشکری داگیرکەرانی کوردستان
سەرچاوەی گەندەڵی و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی بەشێک لە کوردستان و
دەیان و سەدان و.....تا بێ پایان. 

فارس بەیتێكیان هەس دەیژێ : 
                 هر سازی زدی ما رقصیدیم
                 وای بە روز ما بزنیم و شما برقصید

کوردییەکەی: هەر سازێکتان ژەن
                سەمامان پێ کرد
                وا وەیلا بەو ڕۆژەی
               ئێمە بژەنین ساز و ئێوەیچ بکەن سەما

سەرچاوەکان:
*بەیتێکی شیعری ( شار)ی شاعیر کاک سوارەی ئیلخانی زادەیە
http://www.vejinbooks.com/view/خەوە_بەردینە/شار

** مەبەستم لە چاوپێکەوتنی نووسەر و سیاسەتمەداری زۆر بەرێز و دڵسۆزی نەتەوەکەمان مامۆستا مەسعوود عەبدولخالقە، لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی، بەرنامەی تاوتوێ، کە هیوادارم بەرنامەی ئاوا بەنرخ و زانستی و مەنتقی چەند جار و چەندپاتە بکرێتەوە، تا بینەران بە فکر  و پەیامی بەرزی نەتەوەیی ئەو مامۆستا بەڕێزە زیاتر ئاشنا بن، تەئکیدکردنەوە لەسەر بیری ئەو پێویستی ئەم قۆناغەمانە.
****  لەبەر ڕێزی زۆرم بۆ ناو و فکری شکۆداری بیرمەندی گەورەمان 
      ( مامۆستا مەسعوود محەمەد) و ناوی بەرێزی مامۆستا ( مەسعوود عەبدولخالق)، نامەوێت ناوی ئەو موقەلیدە و مەرجەعەکەی بێنم. بگەڕێنەوە بۆ بەرنامەی تاوتوێ سەرلە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ١١/٠٦/ ٢٠١٩ زاینی، کە مایەی ئەسەفە (بزڕکاندنەکانی) سەعاتێک لە وەختی گرانبەهای بینەرانی گرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×