مایەی شەرم و شوورەییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی دهۆک بۆ داوای مووچەکانیان خۆپیشاندان دەکەن، کەچی هێزە ئەمنییەکان چالاکوانان دەستگیردەکەن و خۆپیشاندەران سەرکوتدەکەن..
ئەو کەناڵە میدیایبانەیش کە بەردەوام لافی پیشەییبوون و سەربەخۆبوون لێدەدەن، ئامادەیی و توانای ئەوەیان هەیە کە راستەوخۆ رووداوی کوێرە دێیەکی ئەفریقا و ئوسترالیا بگوازنەوە، کەچی ئێستا نوتقیان لەخۆیان بڕیوە، تەنانەت بە رستەیەکی ژێرنووسیش باسی ناکەن..ئەمەش لەراستیدا ئەوپەڕی داوەشبنی سیاسی و میدیاییە..
ئێستا دەبێ ئەوە لای هەمووان روونبێتەوە کە لەکابینەی نۆیەمدا، لەجیاتی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چووبێتەوە پاڵ حکومەت، بەپێچەوانەوە کۆی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی بوونەتە بەشێک لەو ئەنجومەنە ئەمنییە و حکومەت ئامرازە بەدەستییەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئەمنی و پۆلیسییەکانی باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی، هەربۆیەشە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، رۆژ بە رۆژ دەرکەوتە و دەرەنجامەکانی زاڵبوونی ئەو عەقڵیەتە پۆلیسیە تۆختر دەبێتەوە..بەردەوام باسکی حکومەت لاواز دەبێت و باسکی ئەمنی ئەستوورتر دەبێت..