رۆژنامەنووسان و (برا گەورە)ەکەی ئۆرویل
كاوه محهمهد
2020-04-07   1123
لەدوای (١٩٤٩)ەوە کە ساڵی بڵاوبوونەوەی رۆمانە بەناوبانگەکەی (جۆرج ئۆرویل)ە بە ناوی (١٩٨٤)، ئیتر دەستەواژەی (برا گەورە-Big Brother) وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵاتدارە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان بەکاردەهێنرێت، چونکە لەو رۆمانەدا دەسەڵات دەچێتە ناو وردترین وردەکارییەکانی ژیانی کۆمەڵگا و ئینسانەکان و هەموو کاتێک خۆیان بە چاودێریکراوی (برا گەورە) دەزانن و تەواوی ژیان و هەڵسوکەوتیان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکارە توندەکەی دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵکراوە و ناتوانن بە موو لەبڕیار و فەرمانەکانی لابدەن، کەسیش نابێ قسەیەک بکات کە باسکردنی حەقیقەت بێت، یان نزیک لەحەقیقەتیش بێت، چونکە دەسەڵات (وەزارەتی حەقیقەت)ی هەیە کە تەنها ئیشوکاری ساختەکردنی حەقیقەتە.
ئەگەرچی ئێمە لەهەرێمی کوردستان هێشتا نەکەیشتووینەتە ئەوەی لەو فەزا تۆقێنەرە ئۆرویلیەدا بژین، بەڵام لەراستیدا هەمان عەقڵیەت و کەڵکەڵەی تۆتالیتاریانە لەنێو دەستەبژێری حوکمڕانی ئێمەدا بوونیان هەیە و مەترسی و هەڕەشەیەکی بەردەوامن بۆ سەر ئازادی و ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسانی ئەهلی و سەربەخۆ. بەتایبەت لەکەیسەکانی (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و چەندینی دیکە) زۆر بەروونی پەنجەمۆری تاوانی ئەو تایپە لەحوکمڕانان بەدیدەکرێت، وا ئێستاش لەدرێژەی هەمان زنجیرەدا؛ (هێمن مامەند)ی رۆژنامەنووس کە دوو جارە تەنها لەسەر ئەوەی بەرگری لەمووچەی خەڵک کردووە و دژی گەندەڵکاران قسەیکردووە، لەهەولێر راپێچی زیندان دەکرێت، بێگومان ئەمەش بەشێکی بۆ چاوترساندنی هەر رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی دیکەیە کە زاتی ئەوە بکات باسی حەقیقەت و رووبەرووی ساختەکارانی حەقیقەت ببێێتەوە، چونکە (حەقیقەت) تەنها لای دەسەڵات و (برا گەورە)کانێتی و بەس.