بۆچی (کورد) دژی عەلاوی بو؟

كاوه‌ محه‌مه‌د
  2020-03-02     2237

هەرچەندە هەمو کورد نا، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش هەمو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دژی هەوڵەکانی (د.محەمەد تۆفیق عەلاوی) بۆ پێکهێنانی کابینەکەی وەستانەوە. ئەوە جگە لەچەند پەرلەمانتارێکی کورد، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕیاری حزبەکانیان لەگەڵ دەنگدان بە عەلاوی و کابینەکەی نەبون.

پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی (کورد) لەدژی عەلاوی وەستایەوە؟ لەکاتێکدا وەک ژمارەی وەزارەت بیگریت، ئامادەبو لەهی کابینەکەی ئێستای (د.عادل عبدالمهدی) وەزارەتی زیاتر بداتە کورد کە جگە لە سێ وەزارەت، جێگرێکی سەرۆک وەزیرانیش لەکورد دابنێت. لەوەش گرنگتر ئامادەبو بەڵێننامەی نوسراو بۆ کورد ئیمزا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی لەموچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگەو جوتیاران و مادەی ١٤٠و ئەمنیەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، من رۆژی ٣/١ لەکۆبونەوەیەکدا راستەوخۆ ئەمەم بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وت کە ئەگەر ئەوان شەڕ لەسەر دانانی وەزیرەکانی خۆیان ناکەن، فەرمو ئەوە (د.عەلاوی) ئامادەیە داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکات، بۆچی ئێمەی کورد دەنگ بە کابینەکەی نەدەین، داوامان کرد کە قسەیەک لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی بکات و وەڵاممان بداتەوە، چونکە هەمو فراکسیۆنەکان ئەو قەناعەتەمان بۆ دروستببو، تەنها پارتی مابو بێتە سەر ئەو رایە. بەڵام بەداخەوە ئەو وەڵامەمان وەرنەگرتەوە تا جەلسە بەبێ نیساب بڵاوەی پێکراو دواتریش د.عەلاوی لەراسپاردنەکەی کشایەوە.

ئاخر بەڕاستی جێی خۆیەتی بپرسین (کورد) بۆچی ئاوا سەنگەری لە (د.عەلاوی) گرت و بوە هاوکارو هاوپەیمانی رەمزە هەرە گەندەڵەکانی سوننەو شیعە بۆ شکستپێهێنانی. بەتایبەتیش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بو کە لەگەڵ کەسێک رێککەوین لاوازەو پێویستی زۆری پێمانە، بەتایبەتیش لەو کاتانەی بەشێک لەشیعەکانیش پشتیان تێکردو لەبەڵێنەکانی پێشوی خۆیان پاشگەزبونەوە.

بەبڕوای من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (د.عەلاوی) جیا لەسەرۆک وەزیرانەکانی پێشتر هیچ حیسابێکی بۆ حزبەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەکرد، سەردانی هەولێری نەکرد تا هەندێ بەرپرسی کورد دەرونی پڕ لەگرێیان ئارام ببێتەوە، ئامادەنەبو هەندێ وەزیر دوبارە بخاتەوە کابینەکە، هەر بۆیەش هەوڵیاندا بەرگێکی کوردستانی لەبەر ئەو گرێ دەرونییەیان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە بەپەلە سەرۆکی هەرێم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و فراکسیۆنەکانی بەغدای کۆکردەوەو وەفدی هاوبەشیان پێ پێکهێنان و رەوانەی بەغدایان کردن، جێی خۆشحاڵی بو کە (د.عەلاوی) هەر لەسەر کەللـە رەقییەکەی خۆی بەردەوام بو و رازی نەبو وەزیری حزییان بۆ دابنێت، لەم رێگەیەشەوە توانیان گروپی ١٥ی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەیەکتر بترازێنن و لای (د.عەلاوی)ش بەدگومانی لەسەر گروپەکە دروستبکەن. چونکە نوێنەرانی گروپەکە دوجار لەگەڵی کۆبوینەوەو یاداشتێکی ١١ خاڵیشمان لەبارەی ماف و داواکارییە کوردستانی و عیراقییەکان پێشکەشکردبو، کەچی حزبەکانی پێکهێنەری ئەو گروپە لەوەفدە هاوبەشە کوردستانییەکەش بەشداربون کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد، ئینجا هاتن ئاڕاستەی ئەم پرسەیان وا گۆڕی کە گوایە بۆ پاراستنی کیانی دەستوری هەرێم و سەروەری و کۆمەڵێ دەستەواژەی دیکەی ئاوا دژی د.عەلاوی-ن و میکانیزمی پێکهێنانی کابینەکەیان بەدڵ نیە!.

من لەنزیکەوە ئاگادارم کە بۆ موچەی خەڵکی هەرێم وتی سواڵم کردبێت ناهێڵم موچەی هەرێم کێشەی بۆ دروستببێت، ئامادەبو شایستە داراییەکانی ساڵانی (٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠1٦) ی جوتیاران سەرف بکات و موچەی پێشمەرگە بنێرێت و هەندێ بەڵێنی دیکەی تایبەت بە مادەی ١٤٠و ناوچە دابڕێنراوەکانیش.

ئیتر نازانم بۆ ئەو وەفدە هاوبەشە لەگەڵی نەگەیشتنە رێککەوتن؟ ئەو قەوانە قەومچیە، چیە دیسان دەشریخێنێت کە گوایە کورد سەرکەوتن و دەستکەوتی مێژویی بەدەستهێناوەو سەرۆکی پارتی سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکات کە بە یەکڕیزی-یەوە ئەو (دەستکەوتە مێژوییە)یان بەدەستهێناوە!.. لەکاتێکدا هەمو دەستکەوتەکە بریتییە لەتێرکردنی غروری چەند دەسەڵاتدارێکی کوردو جارێکی دیکە سەلماندنی ئەوەی کە هیچ حکومەتێک لەعیراق پێکنایەت ئەگەر بۆ ئەوان نەگەڕێنەوەو موبارەکەی نەکەن، ئینجا با ئەو کابینەیە ئامادەبێت هەمو ماف و داواکارییەکانی کورد بسەلمێنێت و وەزیری زیاتریش بە کورد بدات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×