حەشد و پارتی لەخزمەتی یەکتردا
كاوه محهمهد
2020-10-17   703
لێدوانەکانی (هۆشیار زێباری) تەواو پێچەوانەی ئەوەی لەرووکەشدا باسدەکرێت، بەدڵی گروپە توندڕەوەکانی (حەشدی شەعبی) بوو و سووتاندنی بارەگای لقی پارتی-ش لەبەغدا زۆر بەدڵی پارتی و بەتایبەت توندڕەوەکانێتی، چونکە لەهەر شوێنێکی دنیادا وەکچۆن میانڕەو و ئاشتیخوازەکان دەبن بە هاوپەیمانی یەکتر، بەهەمانشێوە توندڕەوەکانیش لەڕوودا دژ و دوژمن دەردەکەون.
بەڵام لەراستیدا هەردوولا وزەی توندڕەوی بە بەرامبەرەکەیان دەبەخشن و هەریەکە بوون و پاڵەوانێتی و نیشتیمانپەرەورێتیی درۆزنانەی خۆی لەدیسکۆرسی توندڕەوانە و دوژمنکارانەی ئەویدیکەدا دەبینێتەوە.
بۆیە ئێستا حەشدییەکان لێدوانەکانی (زێباری) وەک دەستکەوت بۆ خۆیان دەبینن تا سەرلەنوێ ئەو پەیامە بە هەموولایەک بگەیەننەوە کە بوونی ئەوان زەروورە و باس لەرۆڵی هێزەکانیان لەشەڕی داعش بکەن و بڵێن ئەوەتا (کورد) دژی حەشد و عەرەب و عیراقە و هەرێمی کوردستان پێدرێزی کردۆتە سەریان.
هاوکات بۆ پارتیش فرسەتە فوو لەگوتارە بەتاڵە نەتەوەپەرستیەکەی بکاتەوە و دیسانەوە خۆی وەک (فریادڕەسی نەتەوەیی و پارێزەرەری کورد) نیشان بدات.