خەیاڵی ئارامی لە ناو ڤیستیڤاڵ و چالاکییەکاندا..

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2026-10-13   

لە کاتێکدا کە کۆمەڵگاکان بەدەست قەیرانی توندی ئابوری، سیاسی و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، زۆرجار دەبینین بازاڕ و شەقامەکان دەبنە شوێنی سازکردنی فێستیڤاڵی خواردن، چالاکییە وەرزیەکان، پانێڵ، سیمینار و دیدار و بۆنە کلتورییە گەورەکان. لە ڕوواڵەتدا، ئەم چالاکییانە وەک نیشانەیەک بۆ زیندوێتی و پێشکەوتنی کلتوری دەردەکەون، بەڵام لە قووڵاییدا، ستراتیژێکی داڕێژراوی دەسەڵاتن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە جوڵانە، پێدانی دۆخێکی دەروونی ساختەیە بە ھاوڵاتیان کە گوایە "ھەموو شتێک باشە"، ئەمەش بە ھاوکاری ڕاستەوخۆ و ئەندازیاری پێشوەختەی میدیای چەواشەکار جێبەجێ دەکرێت.

فێستیڤاڵ و ئیڤێنت و بۆنەکان وەک سڕکەری دەروونی و سیاسی
دەسەڵاتە سیاسییەکان کاتێک لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکان (وەک بێکاری، گرانی، یان نەبوونی دادپەروەری) عاجز دەبن، پەنا بۆ دروستکردنی "دیمەنی سەرنجڕاکێش" دەبەن. فێستیڤاڵە کلتوری و کۆمەڵایەتییەکان پەنا دەبەنە بە سیمینار و پانێڵ و بۆنەکان لەم کاتانەدا دەبنە جۆرێک لە ئۆپیۆم یان سڕکەری دەروونی. مرۆڤی ماندوو لە ژێر باری قورسی ژیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕێگەی ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانەوە خۆی لە ڕاستییە تاڵەکان دادەبڕێت. دەسەڵات ئەم دابڕانە کاتییە دەقۆستێتەوە بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لابدات و جۆرێک لە ئارامیی دەروونی ساختە بسەپێنێت.
ئەم فێستیڤاڵ و سیمینارانە بەبێ ئامادەیی میدیای چەواشەکار ناتوانن ئامانجە سیاسییەکەیان بپێکن. میدیای سەر بە دەسەڵات بە شێوازێکی سیستماتیک کار لەسەر گەورەکردنی ئەم ڕووداوانە دەکات .
دەبینین چۆن تیشک دەخەنە  سەر خەندەی خەڵک، قەرەباڵغی بازاڕەکان و جوانی ڕەنگەکانی وەرزەکان، لە کاتێکدا کێشە ڕاستەقینەکانی وەک نەبوونی خزمەتگوزاری و قەیرانی سیاسی و بەرزی بازار و نەبونی ھەلی کار و کێشە دارایی و سیاسی و ێابوریەکان فەرامۆش دەکرێن ، ھێنانە پێشەوەی بابەتە کلتورییە لاوەکییەکان بۆ پێشەوەی گرنگیپێدانی ھاوڵاتیان و پاشەکشێپێکردنی پرسیارە جدییەکان.
میدیای چەواشەکار و سۆشیاڵ میدیا وا نیشان دەدات کە "ئەگەر قەیرانیش ھەبێت، ژیان بەردەوامە و خەڵک دڵخۆشن"، ئەمەش وا لە تاک دەکات شەرم لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بکات ، وە رێگە دەگرێت لە بیرکردنەوەی دروستی مرۆڤ دەگرێت بۆ دۆینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو . 

ئەم دیاردەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نوێ نییە و زانایانی کۆمەڵناسی و فەلسەفە بەوردی شیکارییان بۆ کردووە:
ستراتیژی "نان و سێرک" (Bread and Circuses): لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا، کاتێک دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری و سیاسی دەبوونەوە، یاریی گەورەی گلادیاتۆرەکان و فێستیڤاڵی گەورەیان ڕێکدەخست و گەنم و نانی خۆڕاییان بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات. شاعیری ڕۆمانی یوڤینال (Juvenal) ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵات بەم ڕێگەیەوە ھاوڵاتیانی لە مافە سیاسییەکانیان غافڵ دەکرد و دەیانکێشا بۆ ناو کایەی کاتبەسەربردن.
تیۆری "کۆمەڵگای نمایش" (The Society of the Spectacle): فەیلەسوفی فەڕەنسی گی دێبۆرد (Guy Debord) لە کتێبەکەیدا ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن لە جیھانی مۆدێرندا "ژیانی ڕاستەقینە" جێگەی خۆی دەدات بە "وێنە و نمایش". دەسەڵات لە ڕێگەی میدیاوە کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە تەنھا تەماشاکەرن؛ خەڵکی سەرقاڵی تەماشاکردنی دیمەنە فێستیڤاڵییەکان دەبن و پێیان وایە بەشدارن لە ژیانێکی باشدا، لە کاتێکدا ئەوان تەنھا نێچیرێکی دەروونین.
تیۆری "پیشەسازی کلتور" (Culture Industry): بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، بەتایبەت تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ماکس ھۆرکھایمەر، باسیان لەوە کردووە کە کلتور، فێستیڤاڵ و کاتبەسەربردن لە لایەن سیستەمە پڕ قەیرانەکانەوە بەکاردێن بۆ کۆنترۆڵکردنی مێشکی جەماوەر. ئەوان دەڵێن ئەم چالاکییانە جۆرێک لە "ھۆشیاری ساختە" دروست دەکەن کە ڕێگری لە گەشەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی مرۆڤەکان دەکات بەرامبەر بە دۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە سەختەکان .

فێستیڤاڵ و دیدار و پانێڵ و بۆنەکان لە بنەڕەتدا کەرەستەی گرنگن بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی، بەڵام کاتێک لە کاتی قەیرانە قووڵەکاندا و بە پشتیوانی میدیای ئاڕاستەکراو ئەنجام دەدرێن، دەبنە ماسکی دەسەڵات بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی کێشەکان. ھۆشیاری کۆمەڵایەتی لەوەدایە کە ھاوڵاتیان چێژ لە کاتەکان و کلتور و مێژو بۆنەکانی خۆیان ببێنن، بەڵام لە ھەمان کاتدا ڕێگە نەدەن ئەم نمایشە کاتییانە ببێتە ھۆی فەرامۆشکردنی مافە سەرەکی و بنەڕەتییەکانیان و چەواشەکردنی ھۆشیارییان ، وەستانی مێشکی میللەت دواجار بە زەرەری ھەردولا دەشکێتەوە ھەم دەسەڵات و ھەم نیشتیمان ، کۆبونەوەی قەیرانەکان و شاردنەوەتان مانای نەمانیان نییە بەڵکو کەڵەکەبون و دارمان ئەنجامەکەیەتی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×