كوردستان لەنێوان دوو مۆدیلی ئابوریدا

بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
  2021-11-09     585
كوردستان لەڕووی ئابورییەوە لەچەندان قەیرانی گەورەدا رۆژگاری بەسەردەبات، كە بەدەست ناهاوسەنگی رێژەی هاوردەو هەناردەو لاوازیی ژێرخانی ئابوری‌و بەرزی رێژەی بێكاری‌و چەندان كێشەی دیكەوە گیرۆدەیە، بەڵام ئەوەی ئەم گرفت‌و قەیرانانەی گەورەتر كردوە ئەوەیە كە هێشتا هەرێمی كوردستان خۆی یەكلایی نەكردوەتەوە پەیڕەویی لەسیستەمی بازاڕی ئازاد دەكات یان سیستەمێكی ئابوری ئاڕاستەكراوو داخراو؟! 

وەك ئاشكرایە چەمکی بازاڕی ئازاد بۆ یەكەمجار لەلایەن ئابوریناسی ناوداری سکۆتلەندی "ئادەم سمس"ەوە بەكارهێنرا، كە پێداگری لەگرنگی ئابوریەکی ئازادی دوور لەدەستێوەردانی دەوڵەت کرد. ئادەم سمس لەکتێبە بەناوبانگەکەی "سامانی نەتەوەیی"دا ئاماژە بەدەستێکی شاراوەو نەبینراو دەکات کە ئەگەر ئابوری ئازاد لەوڵاتدا پەیڕەو بكرێت، ئەوا ئەو دەستە دەرفەت بۆ هەلی كار  لەبازاڕی کارداو یەکسانی خواست‌و خستنەڕوو لەبازاڕی کاڵادا دەڕەخسێنێت. 

ئەگەر لەم روانگەیەوە لەبازاڕو سیاسەتی ئابوری كوردستان بڕوانین، ئەوا درك بەوە دەكەین كە هێشتا كار بەبنەما نەگۆڕ‌و چەسپاوەكانی بازاڕی ئازاد ناكرێت لەم هەرێمەدا. هێشتا ئێمە خاوەنی سیستەمێكی ئابوری نین كە پێناسەیەكی رونی هەبێت، لەهەرێمدا هەرچەندە بەروكەش دەوترێ‌ كە پەیڕەوی لەبازاڕی ئازاد دەكرێ‌، بەڵام لەكرۆكدا ئەوەی دەبینرێ‌ لەسیستەمە داخراوە سۆشیالیستییەكانی جاران واوەترە، لەبەرئەوەی لێرە چەند كۆمپانیایەكی زەبەلاح كە حیزب‌و بەرپرسە گەورەكانی حیزبە دەسەڵاتدارەكانیان لەپشتە، هەنگاو بەهەنگاو كار بۆ ئەوە دەكەن هەموو جومگە سەرەكیەكانی ئابوریی بۆ خۆیان قۆرغ‌و كۆنترۆڵ بكەن، ئەم مۆدیلە ئابورییە وێنەی لەجیهاندا دەگمەنە‌و پێچەوانەی بنەماكانی بازاڕی ئازادە.
ئەوە ئەركی ئێمەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازییە كە تیشك بخەینە سەر ئەم كێشەیە بەمەبەستی چارەسەر كردنی، لەبەرئەوەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی نوێنەرایەتی بازرگانان‌و پیشەوەران دەكات‌و ئێمە بەرپرسین لەبەرامبەر ئەو متمانەیەی بەئێمەیان بەخشیوە، چونكە ئەرك‌و ئامانجی ئێمە رێكخستن‌و  پێشخستنی ئابوری وڵاتە.
ئێمە رۆژانە بەئەزمون تێكەڵ‌و پێكەڵی دوو مۆدیلی ئابوری ئازادو ئاڕاستەكراو لەم هەرێمەدا دەبینین، ئەگەرچی بەناو سەر بەسیستەمی بازاڕی ئازادین، بەڵام كەم نین ئەو بازرگان‌و پیشەوەرانەی كە خۆزگە بەسیستەمە داخراوەكەی پێشوو دەخوازن كە بەناو سۆشیالیستی بوو. چونكە دەرفەت بۆ گەشەی كەرتی تایبەتی راستەقینە وەك پێویست نەڕەخسێنراوە‌و دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو بازرگانان‌و كێبڕكێی یەكسان بۆ كۆمپانیاكان بەبێ‌ جیاوازی دەستەبەر نەكراوە.
ئێستا ئەوەی جێی نیگەرانییە لەپاڵ كەرتی تایبەتدا مۆدیلێكی ئابوری یان كەرتێكی ئابوری دیكە دروست بووە كە ناچێتە چوارچێوەی هیچ پێناسەیەكەوەو تەنها بەناو كەرتی تایبەتە دەنا هی حیزبە دەسەڵاتدارەكانە كە یاساكانی خراوەتە خزمەتەوەو هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كراوە.
دیارە ئەم حیزبانەش وەكو هەموو حیزبەكانی دنیا مافی خۆیانە سەرچاوەی داهاتی تایبەت بەخۆیان هەبێت تا بتوانن بەردەوام بن‌و كیبڕكێی یەكتر بكەن، بەڵام كێبڕكێ‌ لەسەر بنەمایەكی رەواو رێگەپێدراوو یاسایی، نەك ئەوەی كە ناوی كەرتی تایبەت بێت‌و هەموو جومگەكانی بۆ قۆرغ بكرێت، هەموو بزنس‌و پڕۆژەیەكیان بەشەوو رۆژێك بۆ كۆنترۆڵ بكرێت‌و بازرگان‌و كۆمپانیاكانی دیكەی كەرتی تایبەتی راستەقینە زەقەی چاویان بێت.
ئەگەر ئەم مۆدیلە ئابورییە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گەورەترین زیان بەكەرتی ئابوریی هەرێم دەگات، متمانەو راستگۆیی بۆ كەرتی تایبەت نامێنێتەوە كە کۆمپانیای حیزبیی بێن بەشێوەیەكی ناڕەوا هەموو چالاكییەكی ئابوری‌و كار‌و بازرگانی‌ قۆرغ بكەن، تەنانەت لەحاڵەتێكیشدا هەموو داهاتەكەش بچێتەوە بۆ حیزبەكەو ئەویش بەكاری بهێنێتەوە بۆ پێشخستنی وڵات‌و دروستكردنی ئابورییەكی بەهێز، کە لەڕاستیدا ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێكی زۆری سامان‌و داهاتی كەڵەكە بوو، بەمەبەستی سپی كردنەوە دەڕوات بۆ دەرەوەو كوردستان سوودی لێنابینێت.
بازاڕی ئازاد كۆمەڵێك پرەنسیپی تایبەت بەخۆی هەیە، كە پەیڕەو كردنی بەشێوەیەكی تەندروست دەرگای پێشكەوتن بەڕووی وڵاتدا دەكاتەوە، لەمبارەوە ئەزمونی چین یەكێكە لەئەزمونە سەرنجڕاكێشەكانی جیهان كە بە"ئەفسانەی ئابوری" ناودەبرێت، چین هەرچەندە لەڕووی سیاسییەوە هێشتا لەسایەی سیستەمێكی تاك حیزبییدا دەست‌و پێی بەستراوە، بەڵام لەڕووی ئابورییەوە ئەوەی پێشیخست سیاسەتی چاكسازی‌و كرانەوەی دەرگاكان‌و پەیڕەو كردنی بازاڕی ئازاد بوو لەدوای هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە.  
ئێمە وەكو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەوڵی ئەوە دەدەین كە كوردستان لەڕووی ئابورییەوە بەرەو كرانەوەو چەسپاندنی بنەماكانی بازاڕی ئازاد ببەین، بەڵام تا ئێستا كاربەدەستانی وڵات لەئەرك‌و ئامانجی ئێمە بەباشی تێناگەن. بەمەرجێك ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەهەموو وڵاتانی جیهاندا رێزو پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، ژوورە بازرگانیەكان گرنگترین كۆڵەكەی رێكخستن‌و پێشخستنی ئابوری وڵاتن، هەر ئەم گرنگیوشە وایكردوە كە هەفتە نییە كونسول‌و باڵوێزانی وڵاتان‌و ئەو وەفدە بیانیانەی دێنە كوردستان سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی نەكەن، بەمەبەستی تۆكمە كردنی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییەكانیان، چونكە لەبایەخی ژوورە بازرگانەیەكان تێدەگەن، بەڵام بەداخەوە لێرە وەزیر‌و پەرلەمانتارەكان وەك پێویست بایەخ بەم ژوورە بازرگانیانە نادەن، تەنانەت رۆژ بەڕۆژ كار لەسەر وشك كردنی سەرچاوەكانی داهاتیان دەكەن‌، وەكو ئەوەی ئێمە ركەبەری دامەزراوە حكومییەكان بین‌و دەیانەوێ‌ رسوماتەكانیان لەچنگ دەربهێنرێت، وەك بردنی هێمای بازرگانی‌و ناوی بازرگانی‌و رۆژانە شتی سەیر سەیرتریش دەبینین.
باشە ئەمە دیدو تێڕوانینی كاربەدەستانی هەرێمێك بێت سبەینێ‌ چۆن چاوەڕوانیت رێكخراوی بازرگانی جیهانی بەئەندام وەریبگرێت؟! لەكاتێكدا زۆربەی وڵاتان بەحكومەتی عێراقیشەوە، چەندان چاكسازی لەسیستەمی ئابورییاندا دەكەن تەنها بۆ ئەوەی لەو رێكخراوە وەربگیرێن‌و ببنە ئەندام كە چەندین ئیمتیازی گەورەی ئابوریت بۆ دەستەبەر دەكات، كەچی تازە بەتازە لەكوردستان ناوی بازرگانی لەژوورە پیشەسازییەكان دەسەنرێتەوەو دەڵێن جا ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكان هەبن یان نەبن چییە؟!
ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بووین رێز لەسەربەخۆیی ژوورە بازرگانییەكان بگیرێت‌و حكومەت راوێژ بەژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەکان بكات‌و لەدروستكردنی بڕیارە ئابورییەكاندا بەشدار بێت.
بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە كاربەدەستان‌و وەزارەتی بازرگانی جارێ‌ بیر لەوە دەكەنەوە كە مافی تۆ نییە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی مۆڵەت بدەیت بەپڕۆژەی بچوك‌و مام ناوەند! لەكاتێكدا ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین زۆرترین پڕۆژەی بچوك‌و مام ناوەند هەبێت بۆ رەخساندنی هەلی كارو خستنە سەر كاری دەرچووانی زانكۆو گەنجان تێكەڵ بەكەرتی تایبەت بكەین لەڕێگەی پڕۆژەی بچوك‌و مام ناوەندەوە، بەڵام ئەوان دێن تەنها بیر لەرسوماتی مۆڵەتدان دەكەنەوە! لەبری ئەوەی كارئاسانی بۆ بكەن‌و ئامانجە گەورەكە ببینن چاویان لەسەر رسوماتەكەیە! 
کەواتە بەڕێزان هەر ئەوەندە بەس نییە كە بڵێن ئێمە مۆدیلی بازاڕی ئازاد پەیڕەو دەكەین، بەڵام لەولاوە دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لەچالاكی بخەن، ئاخر ئەوە کەی كاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازییە کە كاتێك بازرگان دەچیت بۆ مۆڵەت وەرگرتن ناچاری بكەن پێناسی وەزارەتەكەش وەربگرێ‌؟! ئەمەیە ریفۆرم‌و چاكسازییەكەتان؟!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×