یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو جوتێك پێڵاو!

بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
  2021-04-07     909

هەفتەی رابردوو، كاتێك كە ئەندامانی پەرلەمان سەرقاڵی دەنگدان بوون لەسەر یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان، بەمەبەستی گەشەپێدان‌و پاڵپشتیكردنی كەرتەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی خۆماڵی‌و پاراستنیان‌و ئامادەكردنیان بۆ كێبڕكێكردن لەبازاڕە ناوخۆیی‌و جیهانیەكان، ئاڕاستەكردنی جوتێك پێڵاو لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە بۆ بەردەمی ستێجەكەی خۆی یان روەو ستەیجی سەرۆكایەتی پەرلەمان، گرنگی‌و بایەخی دەرچواندنی "یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان"ی بەجارێ‌ شاردەوەو ئەوەی لەمیدیاكان‌و سۆشیال میدیادا كرا بە"مەوزوع"‌و زیاتر تیشكی خرایە سەر "جوتە پێڵاو"ەكە بوو نەك یاساكە!

ئەم رووداوە دەرفەتێكە بۆ قسەكردن دەربارەی رۆڵی پەرلەمان لەداڕشتنی یاساكانی تایبەت بەگەشەی ئابوری‌و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی یاسادانان لەڕووی ئابورییەوە. پرسیارێك رەنگە لەمێشكی زۆربەی خاوەنكارو ئابوریناسان‌و ئەهلی بازاڕدا بێت‌و بچێت: بۆچی پەرلەمانی كوردستان  وا سی ساڵە زیاتر لەوەی چاودێرێكی كارا بێت بەسەر كاری حكومەتەوەو شوێنێك بێت بۆ یاسادانان لەپێناو گەشەدان بەئابوری‌و چارەسەری تەنگەژە داراییە بەردەوامەكان، بووە بەشوێنێك بۆ زۆرانبازیی‌و چەلەحانێی بێزەنتی؟


رەنگە رەگ‌و ریشەی ئەم بێباكییەی بەرامبەر بەپرسە ئابورییەكان بگەڕێتەوە بۆ هۆكاری سەرەكی راپەڕینی بەهاری 1991، كە زیاتر رەگ‌و ریشەكەی سیاسی بوو نەك ئابوری، لەو رۆژگارەدا گەلێك لەپێناوی ئازادیدا راپەڕی بۆ ئەوەی لەستەمكاریی رزگاری بێت، بۆیە لەو كاتەوە تا ئێستا ئەو حیزبانەی چونە پەرلەمانەوە، بەحیزبەكانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، "گەشەی ئابوری" ئەولەویەت‌و خەمی گەورەیان نەبووەو هەڵگری پڕۆژەی پێشخستن‌و بەهێز كردنی ئابوری نەبوون، بەڵكو زیاتر كاریان لەسەر كێبڕكێی سیاسی‌و دەستبادانی یەكتر كردووە‌و ئەوەشی لەم كێشمەكێشانەدا بووە بەقوربانی "ئابوری"یە. 


بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكی گەورە لەجیهانبینی خەڵك‌و رەوتی رووداوەكاندا هاتوەتە ئاراوە، ئێستا قەیرانی دارایی‌و ئابوری‌و دابین كردنی بژێویی خەڵكی گرنگترین پرسی هەرێمی كوردستانە، پرسێك كە وا دەخوازێ‌ لەلایەن هەموانەوە سەرنج‌و بایەخی پێبدرێت، بەتایبەتی كە قەیران‌و تەنگەژەی دارایی زۆر درێژەی كێشا‌و چەند ساڵێكە ئابوری كوردستان بەدۆخێكی دژوارو نەخوازراودا تێدەپەڕێت، دەبوو لەم هەلومەرجەدا دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن بەهەموو بڕست‌و توانایانەوە كاریان بۆ چارەسەر كردنی كێشە ئابورییەكان بكرایە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ساڵەهای ساڵە لەسەر ئەرزی واقیع دەیبینین هەموو هێزو تواناكان دەدرێن بەبا‌و هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی گەشەی ئابوری بكات، بەهۆی پشت بەستن بەیەك سەرچاوەی داهاتەوە كە نەوتە، ئابورییەكەی بەرەو هەڵدێر هەڵخزاوە!


پەرلەمان وەك دەسەڵاتی یاسادانان‌و چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە تا ئەندازەیەك لەداڕشتنی سیاسەتی پەیوەست بەگەشەی ئابوری‌و چارەسەری گرفتە ئابورییەكاندا نەك هەر سست‌و لاواز بووە، بەڵكو بەشێك لەكارنامەو هەنگاوەكانی پێچەوانەی چاكسازی ئابوری‌و پرۆسەی گەشەی ئابوری بووە!


ئەگەر بەراوردێكی خێرا بكەین لەنێوان پەرلەمانی عێراق‌و پەرلەمانی كوردستاندا، سەبارەت بەو یاسا‌و بڕیارانەی پەیوەستن بەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆو مافی بەكاربەرو پێشخستنی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و كەرتە ئابورییەكان، ئەوا دەبینین پەرلەمانی عێراق لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا لەدەرچواندنی یاساكانی پاراستن‌و پێشخستنی ئابوریدا زۆر پێش پەرلەمانی كوردستان كەوتووە كەوا تەمەنی بەرەو 30 ساڵ دەچێت!


بۆ نمونە پەرلەمانی عێراق یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی ژمارە 11ی لە 2010ەوە دەرچواندوە، واتە پەرلەمانی كوردستان 11 ساڵ لەم بوارەدا پاشكەوتوە. یاخود پەرلەمانی عێراق قانونی ژمارە 1ی لەساڵی 2010دا بۆ پاراستنی بەكاربەر دەرچواندووە، كە بەئەندازەی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ گرنگە‌و رۆڵێكی گەورەی هەیە لەپێشخستنی ئابوری وڵاتدا، بەڵام هێشتا پەرلەمانی كوردستان هەر بیری لێنەكردوەتەوە!


راستییەك كە كەس ناتوانێت چاوی لێدابخات ئەوەیە: تا هەرچی زیاتر قانون‌و یاساكان پشتیوانی دارایی‌و چالاكی كەرتی تایبەت بن، بەهەمان ئەندازە خاوەنكار‌و هاوڵاتیان بەدڵگەرمی‌و گوڕ‌و تینێكی زیاترەوە سەرمایە‌و سامانی خۆیان دەخەنە بازاڕ‌و ئیش‌و كارەوە، كە ئەم پرۆسەیەش زیادبوونی سامانی نیشتمانی‌و بەرهەمی نەتەوەیی‌و رەخساندنی هەلی كار‌و ئاوەدانی لێدەكەوێتەوە.


بنەمایەكی گرنگی بازاڕی ئازادو ئازادی ئابوری پشتیوانیكردنی یاسایە لەكێبڕكێی ئازادو رەخساندنی هەلی یەكسان‌و تەندروست بۆ هاوڵاتیان بێ‌ جیاوازی، ئازادی كاسپی‌و كار واتە ئاسانكاریی كردن بۆ دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەكی ئابوری‌و بەڕێوەبردنی هەر پیشەیەك بەدوور لەو یاسا‌و بڕیارە پڕ لەرۆتین‌و بیرۆكراسیانەی كە دەست‌و پێی بازرگان‌و خاوەنكارو پیشەوەر كۆت دەكەن‌و سەرەنجام زیان بەپرۆسەی بەرهەمهێنان‌و ئابوری دەگەیەنن.


ئەمە ئەو ئەرك‌و بەرپرسیارێتییە كە دەبوو پەرلەمانی كوردستان بیكردایە، دەبوو بەیاسا پاراستن‌و پێشخستن‌و گەشەی ئابوری رێكبخستایەو چاودێری جێبەجێكردنیشی بكردایە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو ئەرك‌و بەرپرسیارێتییەی لەئەستۆ نەگرتووە. 


ئەگەر یەكێك لەبنەما هەرە سەرەكیەكانی پێشكەوتن‌و بەهێزیی وڵاتان لەدیدی ئابوریناسان‌و كۆمەڵناسانەوە هەبوونی دامەزراوەی مۆدرێنی بەهێزو تۆكمە بێت، ئەوا بەشێك لەهۆكاری ئەم دۆخە نالەبارە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی ئەم دامەزراوەیە كە هەرچەندە نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكە، بەڵام بەشێكی بەرچاو لەئەندامەكانی زیاتر لەوەی كار لەسەر چارەسەر كردنی پرسە گرنگانی ژیانی هاوڵاتیان بكەن كە ئابوری‌و بژێویی خەڵكییە، كورتبینانە خەریكی بەرزكردنەوەی دروشمی فریودەرانەو رتوش كردنی سیمای دزێوی حزبەكانیان‌و ختوكەدانی سۆزی خەڵك‌و یاریكردنن بەهەستی رای گشتی! 


پەرلەمان تەنها شوێنی شۆو نمایش‌و ژاوەژاو نییە، دەبوو پەرلەمانتاران دەستپێشخەری ئەوەیان بکردایە کە بهاتنایەتە ناو خاوەنکارو پیشەوەرانەوە تا لەنزیکەوە ئاشنا بن بەگرفت‌و کێشەکانیان. دەبوو بەدوای ئەو هۆکارانەدا بگەڕێن کە بۆچی بەرهەمی ناوخۆ توانای کێبڕکێی بەرهەمی دەرەکی لەڕووی نرخ‌و کوالێتییەوە نییە، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەکانی دارایى‌و كاروبارى ئابورى، كشتوكاڵ‌و ئاودێری، وزه‌و سامانە سروشتیه‌كان‌و پیشه‌سازى‌و بازرگانی، شاره‌وانى‌و گواستنەوەو گەیاندن‌و گەشت‌و گوزار،  ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، كاروبارى ته‌ندروستى‌و ژینگه‌و مافی بەکاربەر، تا بچن لەپەرلەماندا شەڕ لەسەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بکەن‌‌و چارەسەر بۆ گرفت‌و تەنگەژەکانی بدۆزنەوە. یاخود رۆژێک لەڕۆژان ئەو پەرلەمانتارانەمان نەبینی بێن لەنزیکەوە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەسەربکەنەوە تا بزانن بۆ نمونە بۆچی کە ٢٠٠٠ دۆنم لەسەر بنەمای مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت دەدرێتێ بەوەبەرهێنێکی بێ تواناو بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زەوییەکە زەوت دەکات بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی تیا ئەنجام بدات‌و رێگە بەوەبەرهێنێکی بەتواناش نادرێت پڕۆژەکەی تیا جێبەجێ بکات، بۆچی کەس لێیناپرسێتەوە؟!


پەرلەمانی كوردستان ئەوەی لێچاوەڕوان دەكرێ‌ كە شێلگیرانە كار لەسەر پاكسازیی‌و چاكسازیی یاساكانی تایبەت بەپێشخستنی ئابوری‌و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ‌و هەمواركردنەوەیان بكات‌و هەوڵ بۆ دەركردنی یاسا‌و بڕیاری سەردەمیانە بدات لەپێناوی دەستەبەر كردنی گەشەی ئابوری‌و چارەسەر كردنی گرفتە داراییەكان‌و دۆزینەوەی هەلی كارو رێكخستنەوەی سیستەمی بانكی‌و یاساكانی تایبەت بەوەبەرهێنان. پەرلەمانی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت كار بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوی‌و ژێر زەوی‌و بەڕێوەبردنی سەردەمیانەی ئاوو پاراستنی ژینگەی دڵڕفێنی كوردستان بكات. كار بۆ كورت كردنەوەی دەستی حیزب‌و پشكی كۆمپانیای حیزبەكان لەنێو بازاڕی كوردستان‌و دەرچواندنی یاسای تایبەت بەكێبڕكێی تەواوو رەخساندنی هەلی یەكسان بۆ چالاكییە ئابورییەكانی هەمووان‌و نەهێشتنی قۆرغكاریی‌و بەهێز كردنی كەرتی تایبەتی راستەقینە بكات. ئەوە ئیشی پەرلەمانە كە بەیاسا سیستەمی ئابوری‌و بازرگانی كوردستان پێناسە بكا‌و پێداچونەوە بەو یاسایانەدا بكات كە ئاستەنگی بەردەم سیستەمی ئابوری بازاڕی ئازادن‌و سەرلەنوێ‌‌و بەپێی پێویستییەكانی دنیای ئەمڕۆ هەمواریان بكاتەوە. ئەوە بەرپرسیاریەتی پەرلەمان بوو كە بەیاسا بەرهەمهێنانی كاڵای ناوخۆیی‌و هاوردەكردنی كاڵای بیانی پابەند بكات بەوەی پەیڕەوی لەستانداردەكان بكەن‌و بواری ژینگەپارێزیی‌و تەندروستی رەچاو بكرێت. ئەركی پەرلەمان بوو كە بەیاسا سیاسەت‌و ستراتیژییەتی گومرگ‌و باج بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابڕێژێت‌و هەوڵ بدات كۆی سەرچاوە ئابورییەكان بەباشترین شێوە بۆ پێشخستنی ئەم هەرێمە بەكاربهێنرێت.


مخابن ئەگەر پەرلەمان ئاگاداری وردو درشتی كێشە ئابورییەكانی ئەمڕۆی كوردستان بوایە ئەوا فراكسیۆنەكان كێبڕكێیان دەبوو لەسەر ئەوەی كە كامیان هەڵگری پڕۆژەیەكی كاراو تۆكمەن بۆ پێشخستنی ئابوری كوردستان، ئەگەر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەئەندازەی ژمارەی میدیاكارەكان، كەسانی شارەزاو پسپۆڕی زانستی ئابوری ئەندامی بوایە، ئەوا هەفتەی رابردوو هەموو سەرنجەكان لەسەر ئابوری‌و بژێویی خەڵك‌و دەرچواندنی  یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان دەبوو، نەك لەسەر جوتێك پێڵاو!

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×