یەکێک لەو دیاریە بەنرخانەی مام جەلال پێشکەش بەشاری سلێمانی کردووە، سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی سلێمانیە.
مام جەلال ئەم سەکۆیەی پێشکەش بەهەموو ناڕازیەکانی کوردستان کرد کە بتوانن تیایدا ئازادانەو بەبێ سانسۆرو بێ هیچ ڕێکارێک بتوانن چی قسەو نارازایی خۆیانە دەرببڕن. بگرە بەدەمی خۆی گوتی تەنانەت گەر جنێودانیشە بەخۆم.
تا ئەم رۆژە و تا ئەو شوێنەی منیش بزانم بۆ یەکججاریش لەو سەکۆیەوە کەس جنێوی پێ نەدا.
کەچی لەرۆژی یادی کۆچی مامدا، کوڕەکانی ئەو سەکۆیەیان لێ قەدەغەکروین و هەنوکە بۆ ئەوەی چالاکی تیا ئەنجام بدەیت، دەبێت موڵەت لەئاسایش وەربگریت!!!!
لەیادی مامدا ڕێگەیان نەدا کاک رزگار ئەمین و گروپەکەی نمایشیکی شانۆیی بەڕێبخەن وەک هاوسۆزیەک بۆ کارەساتی کوشتنی ژینا ئەمینی کە تەنانەت گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش نکوڵی لەتراژیدیای ئەو روداوە ناکەن و بەدرۆش بێت بەڵینی بەدواداچونیان داوە.
ئەو سەکۆیە بۆیە ناونراوە سەکۆی ئازاد کە جگە لە پرنسیپی ئازادی هیچ شتێک نابێت رێگری لێبکات. جا کە موڵەتی ئاسایشت بۆ سەکۆیەکی وا بوێت، ئیتر ئازادی چی و سەکۆی چی؟.
بەداخەوە لەوە دەچێت سەردەمی حوکمڕانی کوڕەکانی مام سەخترین و ناخۆشترین کاتەکانی سلێمانی بێت کە تەنانەت ئەو نوزە ئازادەشی لێدەستێنن کە لەم شارەدا ماوە.
هیوادارم من هەڵە بم و ئەوەی رویداوە هەڵەیەک بووبێت کە چاک ئەکرێتەوە. بەڵام ئەو روداوانەی ئەم ماوەیە دەیبیبین و داخستنی سەکۆی ئازاد، هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نین.