حەشدی شەعبی؛ شێرپەنجەی عێراق
شەنکار عەبدوڵا
2020-10-03   585
لەدوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی فاشیستی بەعس؛ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا وردە وردە دەکەوتەسەرپێ و هەنگاوی بەئاراستەی جۆرێک لەدەوڵەتداریدا دەنا؛ سەرەڕای هەموو سەرەنج و تێبینییەکان؛ بەڵام لەدوای پەلاماری موسڵ و داگیرکردنی ئەو پارێزگایە لەلایەن داعشەوە زۆربەی ئەو رێسانەی کەچنرابوون بویەوە بەخوری.
دوای فتوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لەدژی داعش؛ بەسەدان هەزار گەنجی شیعە بەبێ راهێنان و ئەزمون چەکیانکردەشان و خۆیان لە جۆرێک لە گروپ و دەستەوتاقمدا بینییەوە کەناوی لێنرا حەشدی شەعبی و لەم گروپە چەکدار و ملیشیایانەشدا؛ بەسەدان گروپی جیاجیا دروستبوو؛ بەخێرایش ئەجێندا و دەستێوەردانی وڵاتان لەناو ئەم گروپانەدا چەکەرەیکرد؛ بەجۆرێک کەبەشێک لەم گروپانە هێندە وەلائیان بۆ ئێران هەیە؛ هێندە فەرمان لەبەرپرسانی عێراقەوە وەرناگرن؛ ئەمە وایکردووە ئەم گروپانە نەچنە ژێر هیچ جۆرە دیسپلینێکی عێراقەوە و بەردەوامیش ببنە جۆرێک مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراق و بەئەجندای وڵاتانی تر.
لەدواین هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق ئەم هێزانە هاتنە پەرلەمان و چیتر بەتەنها وەک هێزی چەکدار نەمانەوە؛ بەڵکو ئیتر لەشوێنێکی تری وەک پەرلەماندا پایەکانی دەسەڵاتیان جێگیرترکرد؛ بوونەخاوەنی بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لەمەر تەواوی پرسەسیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە.
هەرچەندە مستەفا کازمی؛ کە کرایە سەرۆک وەزیران؛ پشتگیری تەواوی ئەمریکای هەبوو؛ بۆئەوەی جۆرێک لەدەوڵەتی مەدەنی و هێزەکانی حەشد چەکبکا؛ یان هیچ نەبێ کۆنترۆڵیان بکات و بیانخاتەژێر دیسپلینەوە؛ بەڵام وانزیکەی ساڵێکە کازمی لەو کارەداسەرکەوتوونەبووە و کەئەوە تاقیکردنەوەی گەورەکەی کازمی بوو.
دواجار کازمی نەک هەر نەیتوانی حەشد چەکبکات؛ بەڵکو نەیتوانی دووریشیانبخاتەوە لەتێکدانی ئاسایشی ناوچەی سەوز؛ تاکار گەیشتە ئەوەی ئەمریکییەکان هەرەشە داخستن و کشانەوەی باڵیوزخانەکەیان بکەن لە بەغدا؛ بەهۆی هەراسانکردنیان لەلایەن گروپەکان حەشدەوە؛ کەئەمەش مەترسی سزای ئابوری و سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێ.
دواین چالاکی ئەم میلشیانە هاویشتنی چەند موشەکێک بوو بۆ هەولێر؛ کەزیاتر پەیامێک بوو بۆ ئەمریکا.
ئەگەر کازمی بەزووی فریای خۆی نەکەوێ؛ ئەوە هیچ رەوایەتیەک بۆ دەسەڵاتەکەی نامێنێتەوە و حەشدیش زیاتر و زیاتر باڵا دەستدەبێ و دووریش نییە وەک سوپای تورکیای پێشووی لێنەیە؛ کە هەربەرپرسێ بیەوێ هەنگاوێ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بنێ لەکاری دووری نەخەنەوە و بەوەش دەوڵەتێکی شاراوە لەناو دەوڵەتدا دروستبکەن و هیچ بەهایەک بۆ پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتی عێراق نەهێڵنەوە؛ هەتا عێراق بکەنە وڵاتێکی گۆشەگیر و داخراو؛ کەدواجار هەموو هاونیشتیمانیانی عێراق باخە قورسەکەی بدەن.