کەرتی تایبەت لەئابوری هەرێمدا، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، شانبەشانی کەرتی گشتی لەبوژانەوە وبەرەوپێشبردنی سێکتەرەکانی ئابوری هەرێمدا، ڕۆڵ و ئەرکی بینیوە، بەگشتی و سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێبوون و ووزە وپەیوەندییەکان بەتایبەتی. لەهەمانکاتدا، بەڕێژەیەک بەشدارە لەکەموکوڕی ونەهامەتییەکانی ئابوری هەرێم.
لەهەرێم، بەهۆی باڵا دەستی لایەنەسیاسی و کەسایەتییەکان ولاوازی لەیاساکان و سستی لەجێ بەجێکردنیان، هەر ئەمەش کاریگەری لەسەر زۆربەی کۆمپانیاکان بووە، ئەویش بەهۆی دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ لایەنەسیاسییەکانی ناو دەسەڵات و کەسایەتییە دەستڕۆشتووەکان.
کۆمپانیاکان، میسداقیەتی خۆیان تاڕادەیەک لەدەستداوە، بۆیە دەتوانین بڵێن دوو جۆر کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، پەیدا بوون.
کەرتی تایبەتی خەڵکانی ئاسایی بێ لایەن، سەرەڕای پیشەیی بوونیان و ئەزموونیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی سیاسی لایەنەدەستڕۆشتووەکان و کەسانی سیاسی خاوەن دەستەڵات، کارەکانیان بەباشی ناچێتەپێشەوە، بەربەست وئاستەنگی گەورەیان بۆ دروست دەکرێن.
بەڵام پێچەوانەی جۆری یەکەم، کەرتی تایبەتی سیاسیمان(حزبی) هەیە، کەخاوەنی هەموو شتێکن و هەندێجار دەتوانن کێبڕکێ ی حکومەتیش بکەن، بەهۆی بوونی دەستی شاراوەی حزبی و سیاسییەکان، ئەم جۆرە لەکۆمپانیا، دەتوانن هەموو کاروچالاکییەک بکەن، دەستیان بەباشترین پڕۆژە و تەندەری قازانجهێنەری باش دەکەوێت، هیچ جۆرە ڕێگرییەکیان بۆنایەتە پێش، لەگەڵ ئەوەشدا لەخراپترین جۆری کەرتی تایبەت، ئەژمار دەکرێن و بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان پشت بەپلانی دراسەکراو نابەستن، زۆربەی جار پڕۆژەکانیان ئامانجی تەواو بەدەستناهێنێت، ئەم تێکەڵکردنە، بوو بەهۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی وبەفیڕۆدانی سەدان ملیۆن دۆلار کەبەداخەوە سیمای سەرەکی حکومەت و ئابوری هەرێمە.
ئەم جۆرە کۆمپانیانە، گورزێکی کوشندەو جەرگبڕیان لەئابوری هەرێم وەشاندووە، بەردەوامیش زیان بەژێرخان و سەرخانی ئابوری دەگەیەنن، بوونەتە هۆی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و دادۆشینی داهاتی گشتی.
لەڕاستیدا، بوونی کەرتی تایبەت وکۆمپانیاکان، یەکێکە لەسیماکانی ئابوری سەرمایەداری هاوچەرخ و بازاڕی ئازاد، ڕۆڵ وپێگەی کۆمپانیاکان، لەئابوری وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆ نمونە، لەئەمەریکا نزیکەی (%45) ئابوری وڵات بەدەست کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوەن، لەهەندێ وڵاتی تر زیاترە.
بەداخەوە لەهەرێمدا، ئامارێکی دروست وزانستیمان لەم لایەنەوە نی یە، بەڵام بەکاروپڕۆژەکاندا ڕوون وئاشکرایە، زۆربەی کاروچالاکییەکان، لەهەرێمدا بەکارتی تایبەت یان لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە جێ بەجێ دەکرێت، بەتایبەت سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێ بوون و ووزە و پەیوەندییەکان.
بێ گومان کەرتەکانی تریش بێ بەش نین لەکۆمپانیاکان، لەکەرتی تەندروستی و پیشەسازی و گەشتیاری وپەروەردە وخوێندنی باڵا وکارەبا، بەئاشکرا جێدەستی کەرتی تایبەت دیارە. بۆ نمونە لەکارەبا ڕێژەی (84%) لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدێت.
بوونی کەرتی تایبەت(کۆمپانیا) لەگەڵ کەرتی گشتی(حکومەت) دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون، تەنها حکومەت ناتوانێت پێویستیەکانی کۆمەڵگا، دابین بکات بەتایبەت پێویستییەکەسییەکان، هەربۆیە کەرتی تایبەت، ئەو ڕۆڵە دەبینێت و کار دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێویستیانەی کەکەرتی گشتی ناتوانێت فەراهەمی بکات.
لەهەرێمدا، بەهۆی لاوازی کەرتی گشتی، ووردە ووردە کۆی کایەکانی ژیان، بەرەو کەرتی تایبەت دەڕۆن، وەک پەروەردەو فێرکردن و زانکۆ وپەیمانگاکان، هەروەها بوونی دەیان نەخۆشخانەو کلینیکی پزیشکی لەشاروشارۆچکەکاندا.
سیستەمی ئابوری و کارگێڕی هاوچەرخی جیهان، بەرەو کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت، هەنگاوەکان بەشێوەیەک دەچنە پێشەوە کە ئەرکی دەوڵەت، بگەڕێتەوە سەر ئەرکی کلاسیکی جاران، کەخۆی لەپاسەوانی سنوری وڵات وئەمن وئاسایشی ناوخۆ و دادگاکان دەبینێتەوە.
هەرێمی کوردستانیش، بێ بەش نی یە، لەم گۆڕانکارییانە، ساڵ لەدوای ساڵ، کەرتی تایبەت زیاتر دێتەپێشەوە و جێگەوپێکەی خۆی زیاتر بەهێز دەکات، لەژێر سێبەری سیاسەتی بەتایبەتیکردن(الخصخصة)
لەڕووی ئابوری و کارگێڕییەوە، پێمان وایە، هیچ ئاستەنگیەک نی یە، لەجێگرتنەوەی کەرتی تایبەت بەکەرتی گشتی، بەڵام ئەوەی کێشەو ئاستەنگ و ناسروشتی یە، تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنیان لەلایەک، قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتن و حساب بۆ یاسانەکردنە لەلایەکی ترەوە، لەهەرێمدا کەرتی تایبەت، تایبەتمەندی شازو هەڵسوکەوتی تایبەتی هەیە.
لەڕاستیدا بوونی کەرتی تایبەت، ئاسانکاری ئابوری و پاڵپشتی دارایی یە بۆ حکومەت، چونکە لەلایەک بەیاسا ئەم کەرتە باج ورسومات دەدات بەحکومەت و لەلایەکی تریشەوە دەرفەتی کار دەرەخسێنێت و بێکاری کەم دەکاتەوە و بەرهەمهێنان زیاد دەکات.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی گەندەڵی و دەستێکەڵکردن وهاوسەرگیری ناشەرعی سەرمایەدارو سیاسییەکان، حکومەتی هەرێم، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، نەیتوانیوە باج لەسەر کەرتی تایبەت بەتەواوی وەربگرێت و داهاتی ئەم کەرتە بۆ حکومەت، نەبووەتە بەشێکی سەرەکی بودجەی گشتی، زۆربەی کۆمپانیاکان، سیاسەتی خۆدزینەوە لەباج و ڕسومات پەیڕەودەکەن، هەندێجاریش هەوڵی بەدەستهێنانی لێخۆشبوون دەدەن.
هەربۆیـــە زۆر گرنگە، کاروئەرکی کەرتی تایبەت، بەیاسا ڕێکبخرێت و چوارچێوەی کارکردنیان دیاری بکرێت، ئەرک ومافی کارکەرانی ئەم کەرتە، گرنگی پێ بدرێت لەڕووی کاتژمێرەکانی کارکردن و بیمە و پاشان خانەنیشینی، بۆئەوەی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی کەمببێتەوە و کارکەرانی کەرتی تایبەت، هەمان ئیمتیاز ومافیان هەبێت کەلەکەرتی گشتیدا هەیە.
لەلایەکی ترەوە، پێویستە حکومەت هەوڵی تەواو و هاوکارویارمەتیدەر بێت بۆ هەستانەوەی ڕۆڵی کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، تاچیتر هاونیشتمانیان پشت بەکەرتی گشتی نەبەستن بۆ بەدەستهێنانی کارو داهات.