هـــۆشیاری ژینـــــگەیی
ســــەرکۆ یونس
2021-03-25   1009
بەهارو نەورۆز و وەرزی گەشتیاری، لەهەرێم دەستی پێ کرد، خۆشبەختانە سەرجەم ڕەگەزەکانی کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمدا، بوونی هەیە.
لەچالاکترین جۆری گەشتیاری، گەشتیاری ژینگەیی یە، چونکە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم، زیاتر گەشتکردنیان بۆ ژینگەی لەبارو دڵڕفێن و ناوازەی کوردستانە، بەتایبەت گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
لەڕۆژانی نەورۆزدا، کەهاونیشتیمانیان دەچوونە دەرەوە بۆ گەشت و سەیران، بەئاشکراو لەزوومی کامێراکان و ڕاگەیاندنەکانەوە، بەداخەوە بەشێک لەناهۆشیاری هاوڵاتیانمان بەرچاو کەوت.
کێشە گەورەکە لەوەدایە، هێشتا هاوڵاتی و گەشتیار، ژینگەی گەشتیاری بەچاوی سامانی نەتەوەیی و کەرتی ئابوری نابینن.
لەلایەکی ترەوە، ڕاستە حکومەتی هەرێم، هەریەکە لەدەستەی ژینگە و گەشتوگوزاری هەیەو لەپارێزگاکاو ئیدارەسەربەخۆکاندا فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیان هەیە، بەڵام وادیارە هێشتا ئامانجەکانی خۆیانیان بەدەستنەهێناوە، لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بودجەوە، هەموو ئەرکێکیان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و گەشتیارییە، لەکاتێکدا هەردوو سێکتەرەکە، پێویستە بەپلان و بودجەی تایبەت، پەرەیان پێ بدرێت و بکرێتە سەرچاوەی دەستکەوتنی داهات.
بەپێ ی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێم، نزیکەی (220) ڕێکخراوی ژینگەیی لەهەرێمدا هەن و کار دەکەن لەپێناو پاراستن و سەوزکردنی ژینگەو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕێکخراوانەش هەندێکیان پیشەیی نین و هەندێجار بەحزبی کراون، هەندێکیشیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەچالاکی دابڕاون.
هۆشیاری ژینگەیی، پرۆسەیەکی بەردەوامە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تەنها لەکاتی گەشتکردن و وەرزی بەهارو بۆنە نەتەوەیی و ئایینەکاندا هەیە، بەداخەوە هێشتا خەڵک و حکومەت، بەگرنگییەوە لە کەرتی گەشتیاری ناڕوانن و لەپلانی ساڵانەی حکومەتدا، بودجەی تایبەتی بۆ دانانرێت تا کەموکوڕیەکانی ئەم بوارە چارەسەر بکرێت.
لەلایەکی ترەوە، زۆر گرنگە حکومەت، بەرامبەر هەر دەستدرێژیەک بۆ سەر پێکهێنەرەکانی ژینگـــە ( شوێنەگەشتیارییەکان یان ڕوبارو کانی یان باڵندەو ئاژەڵ و دارودرەخت بێت) بەتوندترین سزا، وەڵامی سەرپێچکاران بداتەوە.
هەرچی کەرتی تایبەتە، لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجی تایبەتدا، هۆشیاری ژینگەیی و پاراستنی شوێنەگەشتیارییەکان، نەبوونەتە تەوەری گرنگی پێدانیان، هەر بۆیە پێویستە حکومەت، یاساو ڕێنمایی توندتر بۆ سزادان بەرامبەر بە پرۆژەکانی کەرتی تایبەت، دەربچوێنێت.
ژینگەو گەشتوگوزار، دوانەیەکی پێکەوە گرێدراون، گەشەسەندی گەشتوگوزار، پەیوەستە بەژینگەیەکی گونجاو و لەبار، زۆر گرنگە هاوئاهەنگییەکی پتەو هەبێت لەنێوان هەردوو دەستەی ژینگەو گەشتوگوزاردا، کەسانی شارەزاو پسپۆر لەم فەرمانگانەدا هەبـــن.
هەروەها هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، پێویستە ڕۆڵی کارایان هەبێت لەبڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ژینگەیی وگەشتیاریدا، جا لەڕێگای ریکلام و بەرنامەی تایبەتەوە بێت یان بەشێوازی کورتەفلیم.
هیوادارین، حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان، بەچاوێکی گرنگەوە لەم دوو سێکتەرە بڕوانن و لەهەوڵی پێشخستن و پەرەپێدانیاندا بن.