بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە تەرمی ژنێکی تر!
ئەم دەستەواژەیە هەتا کەی؟
ئەمە سەردێری هەواڵەکان و میدیاو تۆرە کۆمەڵایەتی یەکانە لە هەر چرکەساتێكو کاتژمێرێك، هەر ڕۆژێك گوێ بیست و بینەری دەبین ، کە بەداخەوە بە شێوەیەکی جدی ڕامان ناچڵەکێنێت؟ زۆرێک لەئێمە دەزانین کە هۆکاری سەرەکی ئەم کوشت و کوشتارەی ژنان چیەو لە کوێ وە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام ئەم تاوانو کوشت و کوشتارە هەتا کەی ؟ وە دەبێت چەندی تر درێژەی هەبێت؟
ماوەی زیاتر ٢٧ لەساڵە لەژێرسایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی (یەکێتیو پارتی) ژنانو کچان دەکوژرێنو ناچار بەخۆ کوشی دەکرێن و لاشەکانیان لە شارو شارۆچکەو کوچەو کۆڵانەکانو لەدەریاو گۆمو زەلکاوەکان وپارکە کانەوە فرێ دەدرێن، بەقیزەوەنترین پاساو بۆ زۆربەی زۆری ئەو تاوانانە بەناوی پارێزگاری لەشەرەف وپاکردنەوەی شەرمەزاریەوە(غسل العار) ئەنجام ئەدرێن وە بەم بۆنەیەشەوە دەمی زۆرێك لەخەڵکی پێدادەخرێت.
بەشێوەیەك شەرعیەت بەکوشتنەکە دەدەن، تاوانبارەکەش واتە بکوژەکە کە نزیکترین کەسی کوژراوەکەیە کە شایەت هاوژینەکەبێت یان باوك براکەکەیەتی وە یاخود کەسانی تری لە چەشنی ئامۆزاو خاڵۆز اکە خۆیان کردوە بەخاوەنداری یەتیان زۆر بێ باکانە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن.
بەپێی ئەو زانیاریانە کە پێشوتر لەکەیسەکانی کوشتنی ژناندا بڵاوکراوەتەوەو ڕاگەیەنراوە لە کاتێکدا ئەگەر زیندانیش بکرێن پاش چەند ڕۆژێك ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لەژێر هەر ناوێکدا بوو بێت یا لە ڕێگەی لێبووردنی گشتی یان هەر هۆکارێکی ترە وە ئازاد دەکرێن و دەستی ئەمان و سەدان کەسی تریشی ئاوەڵا کردوە بۆ ئەنجام دانی تاوانی تر. لەم لاشەوە بە قانوون و یاسا شەرعیەت بە کوشتنی ژنان دەدات لە ژێر ناوی شەرەف و نامووسدا.
لەلایەکی ترەوە بنەماڵەو کۆمەڵگای ئەم مەملەکەتە لەڕێگەی مزگەوتەکانو بانگخوازەکانەوە کە ڕۆژانە بەردەوام باسی کەم ئاوەزی و کەم دینی (ناقص عقل ودین) دوانیان بەشاهیدێک حیساب دەکرێن و ئەوان شەرفی ئیوەن و ئەبێت پاریزگاریان لێ بکەن!! وا ڕایان ئەهێنێنن کە ئاستی ووشیاریان لە بەرامبەر ژناندا بەشێوەیەك بێتە خوارەوە چاویان کوێر دەبێت و ئەقڵیان لەدەست دەدەن وەڵ جانەوەری جانگەڵەکان ژنان دەکەنە نێجیری خۆیان. لەکاتێکدا ئەوان هەموو ئەو ڕااستیە نەبین کە ئیستا ژنان کاردەکەن ودەخوێنن وسیاسەت دەکەن و زۆربەزوری جومگە هەستیارەکانی کۆمەڵگەیان بەدەستە، ژن مەلیکەی گەورەترین وپێشکەوتوترین وڵاتەکانی جیهانن سەرۆک وەزیران ووەزیری دەرەوەو وەزری بەرگری وەزیری پەروەردە وپڕۆفیسۆرو دۆزەرەو زانا ومامۆستا ودوکتۆرەو کریکارن.
ئیستا سەدەکانی ناوەڕاست نیە، هەرچەندە لەسەرەتایی میژووی درووست بونی مرۆڤایەتیەوە ژنان هەر بەشی شێری دروست بونی ژیان و ئیدارەی ماڵ وکۆمەڵگەیان لەئەستۆدابووە ،فێریان دەکەن ئەوان خاوەنی دایك و خوشك و ژنەکانیانن و دەبێت هەمیشە لەژێر ڕیعایەت و چاودێری ئەواندابن ، وە لە هەر سەرکێشی یەك دەبێت سزایان بدەن بە لێدان و توندووتیژی و سەرەنجام کۆتاییان پێبهێنرێت بە کوشتن . ئەو کلتورە ئەوەندە دواکەوتوو قیزەوەنە کە ڕێگە بە تاوانبارە کە بدات کە شانازی بەو تاوانانەو بکات و بە ئازادی لە ناو کۆمەڵگادا بسوورێتەوە.
ئەمە چ جەنگەڵستانێکە! کە ئینسانەکان وا باربهێنرین کەدەستیان بچێتە گیانی ئازیزانی خۆیان و حەقی ژیانیان لێ بسێننەوە. ئەمە ئەو کۆمەڵگایەیە کە خاوەنی ئەقڵیەت و فەرهەنگی پیاوسالاری و خێلەکی یە کە بەداخەوە هەر دەبێت چاوەروانی ئەو کارەسات و تاوانانە بین لە بەرامبەر ژنان دا.
بەڕاستی کاتی لەبەرامبەر ئەم تاوانە دژی ئینسانی یانەی ژناندا بیردەکە یتەوە، پێتوایە تۆش وەک ئەوان تاوان باریت و هاوبەشیت لەو کارەساتانە کە ڕۆژانە گوێ بیستو بینەری دەبین لەتۆرە کۆمەڵایەتی یەکانەوە پۆستی هاوخەمی دەنوسینو بەپیشاندانی وێنەی قوربانی یەکەو پاش چەند ڕۆژێکی تر هەمان کارەسات دووبارە دەبێتەوە.
ئەو کۆمەڵگایە کە بەهۆی فەسادی ئیداری و سیاسیو پارەوپولەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردی یەوە کە ( یەکێتیو پارتی) کە ماوەی ٢٧ ساڵە پەروەدە دەکرێن و تەنها کێشە یان دزیو گەندەڵیو چاوچنۆکیو برسی چنسی وپارەو پۆستە. ئەوەی مەسەلەیان نەبێت کێشەی ژنان و کوشتنی ژنانە لە ژێر دەسڵاتی ئەم دو حیزبەدا، دینیان کردۆتە سەرچاوەی کلتورێك کە شەرعەیەت بە ژن کوژی دەدات و دڵ و دەرونی ئینسانەکان پڕ بکات لە رقو کینەو تۆڵەسەندنەوە، عیشقو علاقەو خۆسەوستی نێوان کچان و کوڕان و ماچ و گۆڕینەوەی هەست و خۆشی یەکان تاڕادەی سێکسیش وەك تابۆ تەماشادەکرێت و دەخرێتە قاڵبی حەرام و حەڵالەوە و ئیتر ژنە کە یان کچەکان دەبێت قوربانی یەکەم بن . وە هەر بەو قانوونەی کە سەرچاوەی لەم دینەوە وەرگرتوە . هەمیشە ژنان وەك نێچیرێك تەماشا دەکرێت.
لە و کۆمەڵگایەدا کار زۆر کراوە بە شێوەی جۆراوجۆر لە پەیوەند بە مەسەلەی ژنان و وە بەرداوامە بەڵام هێشتا لە بەرامبەری ئەو ڕەوتە کۆنەپەرست و دواکەوتوە دا نەتوانراوە لە یاساکانی باری کەسێتی بگۆرێت بە یاسایەکی ئینسانی و سەردەمیانە کە لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان. هەر بۆیە دەبێت بە پرۆژەو پلاتفۆرمی جدی یەوە بروانینە ئەم مەسەلەیەو کاری جدی تری بۆ بکەین.
یەکێ لەو کارانەی کە پێوستە دەستی بۆ ببرێت جیاکردنەوەی وانەی دینە لەپەروەردەو خوێندن ولە جیاتی وانەی ترس و تۆقاندن و بەکەم سەیرکردنی ژنان و کچان، وانەی ڕێزو خۆشەویستیو یەکسانی نێوانی ئینسانەکان و کچان و کوڕان بخوێنرێت و بەتایبەتی کوران وا پەروەردە بکرێن کە لە بەرامبەر ژنان و کچان کە ئەوانیش ئینسانن و هیچ جاوازی یەکیان نی یە لەگەڵتاندا. دەکرێ لەماڵو لەقوتابخانەکان لە ناو کۆڵان و شەقامەکاندا هەر هێرش و دەستدرێژی یەك بۆ سەر کچان و ژنان دەکرێ کۆمەڵگا هەمووی خۆی بکات بە خاوەنی لێ ی بەرپرسیار بێت، بێ دەنگی کێشەکان زیاتر و زیاترو خراپتر دەکات، بهێنە بەرچاوی خۆت کە چەند ئەستەمە ئەوە خوشکت بێت ،ژنەکەتە بێت ،کچەکەتە بێت، دراوسێکەتان بێت، خزمەکەتان بێت. کە دەستی توندوتیژیو دەستدرێژی و سوتاندن و کوشتنی بۆ درێژ دەکرێت .بێ دەنگ مەبن بچن بە هاواریانەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەوە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانو خەڵکانی ئازادی خوازو پێشکەوتووخوازە پێویستە بە گروتینێکی ترەوە بێنە مەیدان بێدەنگ نەبین وە دەبێت بەجدی کار لەسەر ئەم مەسەلەیە بکە ین بۆ دەست کۆتا کردنی دەستی کۆنەپەرستی و دواکەوتووی لە کۆمەڵگادا.
سەرگوڵ ئەحمەد
قسەکەری رێکخراوی ڕزگاری ژنان لەعێراق