لەوەێوە دەست پێدەکەم بڵێم، بۆ خۆم، بیرۆکەی بەهەرێمکردنی سلێمانی بە پەرچەکردارێکی بێ هودە و بە لا-ڕێ-رۆیشتوو دادەنێم کە لە بەرامبەر سی ساڵ لە دەسەڵاتێکی سەر ئێسقان گەندەڵ و تاڵانچیی دوو زۆنی بە کەتیرەی رووکەش پێکەوە لکاو، پێی وایە لێکترازانی فەرمیی زەردستان و سەوزستان چارەسەرە.
ناکۆکم لەگەڵیان... بەڵام ئەو هەڵمەتی تەخوین و تەجریم کردنەشیان بە کارێکی زۆر قێزەون دەزانم، هەرکەسێک و بە هەر نییەتێک ئەنجامی بدات!
ئەوجا با ئەوەندەش بڵێم: گێلن ئەوانەی سی ساڵی دەسەڵاتی مافیائاسای زەردستان و سەوزستان بە هەرێمێکی یەکگرتوو و، هێشتنەوەی ئەم یەکگرتووییە بە دەستکەوتی کوردایەتی بناسێنن!
دەڵێم گێلن، ئەگەر جیایان بکەینەوە لەوانەی بژێوییان بە چەواشەکردنی خەڵکەوە بەندە و نانەکەیان لەوەدایە بڵێن دنیا شامی شەریفە، چونکە ئەم گرووپەی دووەم خاوەن فکر و دەربڕی ڕای گشتی نین، بەڵکو زوڕناژەنن و شاباش ئاراستە و تۆنی ژەنینیان دیاری دەکات.
ئینجا با بێینە سەر پرسیارەکەم: ئایا کاتێک هەڵەبجە لە رووی ئیدارییەوە لە سلێمانی جیاکرایەوە، کەعبەی کامیان کەچ بو؟ (وجود) ی کامیان کەوتە مەترسییەوە و، کوردستانی بوونی کامیان چووە ژێر گومان و پرسیارەوە؟ ئینجا ئەگەر سلێمانی بە تەنها یان لەگەڵ چەند پارێزگایەکی دیکە لە باقیی هەرێمی کوردستان جیا بوونەوە و هەرێمێکی دیکەی کوردستانییان پێکهێنا و دەڤەرەکە ناوی گۆڕا بۆ هەرێمە کوردستانییەکانی عێراق، چ کەعبەیەک کەچ دەبێت وناسنامەی کوردستانیی کێ لەدەست دەچێت؟
با نموونەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێنینەوە، کە قیبلەی فیکریی زۆرێک لە ئایدیۆلۆگە کوردستانییەکانی دەسەڵاتە «یەکگرتوو» ەکەمانە:
ساڵی 1712 ویلایەتی کارۆلاینا بوو بە دوو، سەروو و خواروو.
ساڵی 1791 ویلایەتی ڤێرمۆنت لە ناوچەی دابڕاو لە نیویۆرک و نیوهامشێر دروست بوو.
ساڵی 1792 کینتاکی لە ڤێرجینیا جیابۆوە.
ساڵی 1796 تێنیسی لە کارۆلاینای سەروو جیا بۆوە.
لە ساڵانی 1800 بۆ 1848دەڤەری باکووری خۆرئاوای ولایەتە یەکگرتووەکان بوو بە 6 ویلایەتی جودا لە یەکتر.
ساڵی 1820 مەین لە ماساچوسیس جیا بۆوە و وەک ویلایەتێک هاتەوە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ساڵی 1853 کۆنگرسی ئەمریکا دەڤەری واشینتۆنیان بە پرۆسەیەکی درێژخایەن (1859-1890) کرد بە هەرسێ ویلایەتی ئۆریگۆن و واشینتۆن و ئایدەهۆ.
ساڵی 1863، بە هۆی شەڕی ناوخۆییەوە بەشی رۆژئاوای ڤێرجینیا لە ویلایەتەکە جیا بۆوە و بوو بە ولایەتی ڕۆژئاوای ڤێرجینیا.
ساڵی 1889 ویلایەتی داکۆتا بوو دوو ویلایەتی سەروو و خواروو.
ئەگەر لە هەریەکێک لەم لێکجیابوونەوانەی ویلایەتەکانی ئەمریکا لیری هەستیاریی (وجود و ناسنامەمان لە مەترسیدایە) بەسەر عەقڵی کاربەدەستاندا زاڵ بۆایە شتێک نەدەبوو لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت و رەنگە 10 هێندەی شەڕە ناخۆ خوێناوییەکەیان لە یەکتریان بکوشتایە. چەند خۆشە عەقڵ میوانی هەموومان بێت و ئەو واهیمە و دڵەڕاوکێیانە واز لێ بێنین کە لیرمان پێ دەکەن!