قسە لەسەر
پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەیی نەیارانی فیکر و سیاسەتە لەنێو ماڵی حیزبدا، نەک
لەنێوان ماڵی حیزبەکاندا.
بەدرێژاییی
ساڵانی خەباتی سیاسی و چەکداریی حیزبەکانی کوردستان، پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەییی
نەیارانی ئیدۆلۆگی و سیاسیی حیزبە دژبەرەکان، کارێکی بینراو بوە، بەڵام بۆڕدان و
دەمکوتکردنی نەیارانی فیکر و سیاسەت، تا سنورەکانی پاکتاوکردنی جەستەیی، لە
چوارچێوەی تەلاری یەک حیزبدا، کەمتر بینراوە و هیچ سەرکردەیەکی باڵادەست و
خاوەنبڕیاری هیچ حیزبێک، پڕکێشیی ئەوەی نەکردوە کە نەیارانی فیکریی خۆی، بۆ
یەکلاکردنەوەی کێشەی دەستەڵات، هەمو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکان ببەزێنێت و
تیرۆر یانژی ژەهرخواردیان بکات!
لە تەلاری
سیاسی و ڕێکخراوەییی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ناکۆکی و ململانێکان، هەمیشە
لە هەڵچون و داچوندا بونە و زۆر جارانیش بە لوتکەی جیابونەوە و دوکەرتبونیش گەیشتون
و مەگەر لە سەنگەرە خوێناوییەکاندا، دەنا لە ژورە جیاوازەکانی ماڵی حیزبدا، بە
تیرۆری جەستە نەگەیشتون.
لە نێوەڕاستی
هەشتاکانی سەدەی بوریدا، لە شاخ و لە جەنگەی خەباتی چەکداریدا، هەڵچونی ناکۆکییەکانی
دەرونی کۆمەڵە و یەکێتی، ئێمەی بە جیابونەوە گەیاند! ئێمە و هاوڕێکانمان پەلامار
دراین، زیندانی کراین، سوکایەتیمان پێ کرا و حوکمی ئیعدامیش دراین و جێبەجێ نەکرا.
مەلا بەختیار،
شێخ عەلیی ڕەوانشاد و من، دو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ و نیومان، لە بێزراوترین زیندانەکانی
چیادا بەسەر برد.
کە نەوشیروان
مستەفا و ناوەندی کۆمەڵە، لە میانەی پلینۆم و دادگای گاڵتەجاڕیی حیزبییەوە، بۆیان
نەلوا و پێیان نەکرا، بەئاشکرا ئیعداممان بکەن، نە ئەوان و نە مام جەلالیش، هەرگیز
بیریان لەوە نەکردەوە، بە فێڵ و پلانکاری، ژێربەژێر و پەنامەکێ، لەنێومان ببەن!
ئەوان
دەیانتوانی و زۆریش ئاسان بو کە لەو ماوە دورودرێژەی زینداندا، ژەهرخواردمان بکەن
و تاوانەکەش لە گەردنی تاوانلێڕژاوی بەعس بنێن! ئەوان دەیانتوانی نارنجۆکێک لە
ڕۆژنەی ساپیتەی زیندانەوە، فڕێ بدەن و بکەرەکەیشی ڕەوانەی شار و لای موخابەراتی
بەعس بکەنەوە!
نا ئەوان ئەو
کارەیان نەکرد!
ئەوان دو
سەرکردەی بڕیاربەدەستی بەئەزمون و سیاسەتدیدە بون. ئەوان بیریان لە ئاییندەی
یەکێتی و ڕابردوی ئێمە دەکردەوە.
ئەوان پێیان
وا بو، ڕەنگە سەردەمێک و ڕۆژگارێک بێت، نەیارە سیاسی و دژبەرەکانی ئێستایان، هێز و
توانست و ئەزمونەکانیان، بە ئاقارێکدا ئاڕاستە بکەن، خزمەت بە بزوتنەوەی سیاسیی
کوردو یەکێتی بکەن. ئەو ڕۆژگارەی زیندان و ئازاردانی ئێمە، بێ ئەوەی هیچ پاساوێک
هەڵبگرێت، سەرکوتکردنی ئازادیی بیروڕا و خنکاندنی نوزەی دیموکراتی بو، کەچی جارێ
سەرکردەکان، چاویان لە مێژوی داهاتو دەکرد و هەمو تاڵەدەزوەکانیان نەدەپساند!
لەو
ڕۆژگارەدا، لە یەکێتی و کۆمەڵەدا، وێڕای هەمو ناڕازای و ڕەخنە بونیادییەکانی ئێمە
و ئاڵای شۆرش، دیسان تروسکاییی جۆرێک لە فیکر و ئاییندەبینی دەبینرا.
ڕۆژگار و
سەردەمەکان بەسەر چون. دەستەڵاتی سیاسیی بڕیادەری حیزب، لە ڕابەرە بەئەزمونەکانەوە،
بۆ سیاسییە نەزان و بێئەزمونەکان دۆناودۆنی کرد. کاریتە و دارەڕای فیکریی تەلاری
حیزب پوکانەوە و هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامە و ئامانجەکان، لە بەرژەوەندیی ئابوری و
کۆمپانیاکاندا بزر بون!
یەکێتیی نوێ و
هەندەک خاوەنهێزی بڕیاربەدەستی حیزب، بۆ پاکتاوکردنی هەمو لەمپەرەکانی ڕێی گەیشتن
بە لوتکەی بێبەرانبەری دەستەڵات، هەمو پرانسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکانیان بە خاک
سپاردن و هاوڕێ هەڤاڵەکانی حیزب، هەڤاڵانێک کە سیمبۆلی نێو مێژوی ئەو حیزبە بون و
هەن، ژەهرخواردو کردن.
مەلا بەختیار،
ڕەنگە ماندوترین و ڕۆشنبیرترین سەرکردە و کاراکتەری نێو مێژوی ئەم حیزبە بێت، کە هەوڵی
تیرۆرکردنی لە چوارچێوەی ئەقڵە نەزان و بێئەزمونەکانی ئەم حیزبەدایە، کە دەچێتە خانەی
تاوان و دەشێت دادگا، بکەرەکانی سزا بدا.
وای دەبینم
ئەم حاڵەتە، تەنیا بەرهەمێکی پرۆسەی "نوێبونەوە" بێت لە حیزبدا و
مەترسییەکی گەورەش بێت بۆ مێژوی ڕابردو و ئایندەی ئەم حیزبە.