لە ئازاد چاوشینەوە بۆ شێروان شێروانی..
محەمەد رەئوف
2021-02-19   1152
"هەشت مانگ هەموو رۆژێك لە ئەمنی سلێمانی ئەشكەنجەیاندام ئیعترافم نەكرد، دواجار ئەمنەكان ژنەكەمیان هێناو لەبەرچاوم جلەكانیان داكەند...تا گەیشتە جلی ژێرەوە... وتم بوەستن... تەواو ..."
گەنجێكی باریكەلەی چاوشین، سپی پێست، ئازاو چاونەترس، هێمن و لەسەرخۆ، ئەو تاڵاوی دەسەڵاتی بەعس هەرزوو بەرەو شۆڕش و رێكخستنە نهێنیەكانی برد، لە ساڵانی كۆتایی حەفتاكانەوە چووە ناو رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، وەك تارمایی شەوان چالاكی ئەنجامدەدا، ترسی خستبووە ناو دڵی بەعسیەكان و هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی، هەرزو بەعسیەكان كەوتنە سۆراغی.
ئەو گەنجە ناوی "ئازاد چاوشین" بوو، ئەو لە مەفرەزەكانی ئیختیالاتی سلێمانی دەیان ئەمن و بەعسی بە سزا گەیاندبوو، ئەمنەكان لەترسی چاوشین و چاورەشەكان نەیاندەوێرا شەوان بە كۆڵانەكانی شاردا بگەڕێن، ئازاد ببوە مەراقی ئەمنی سلێمانی، چەندین ئازاد چاوشین هەبوو، راپۆرتەكانی هەواڵگری بەعس هەموو زانیاریەكانیان لەسەر ئازاد چوشین دەستكەوتبوو، دەیانویست لەكاتی چالاكیدا دەستگیری بكەن، دواجار لە ساڵی 1984 دەستگیریان كرد.
"ئازاد چاوشین" هیچ خۆی تێكنادات و ناشڵەژێت چونكە بە جلی كاركردنەوە گرتبوویان " ئەو وەستای ئاوو كارەبا بوو" بە رۆژی وەستایی خۆی دەكرد و بە شەویش چالاكی، زۆر ئەشكەنجەی دەدەن وشەیەك لە دەمی نایەتە دەر، تەنیا دەڵێ "راستە من ناوم ئازادەو چاوم شینە ، بەڵام ئەو ئازاد چاوشینە نیم كە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن"، ئەو لە ئەمنی سلێمانی دەستگیر دەكرێت، ئەوكات لە شوێنی ئێستای یەكێتی نوسەران بوو بەرامبەر كارگەی جگەرەكەی سلێمانی.
ئازاد چاوشین لەو شوێنەی زیندانی كرابوو ژمارەیەك گەنجی زیندانیكراوی لێبوو، یەكێك لەو كەسانەی لەگەڵی زیندانی كرابوو دەڵێ: دەیانجار ئازاد چاوشینیان دەبرد بۆ لێكۆڵینەوە، لەو سەرەوە بە بەتانی دەیانهێنایەوە، هەشت مانگ ئەشكەنجەو لێدان و بورانەوە، كارەبا لێدان و هەڵواسین، ئازاد یەك وشەی نەوت و ئیعترافی نەكرد، تەنانەت وورەی دەدایە بەر ئێمە كە نابێت ئیعتراف بكەین و هیچ نیەو دۆخێكەو تێدەپەڕێت، ئەو دەیوت، شەوان ئازادیان بەدەست و پێ شكاوی بە خوێن و ئەشكەنجەدان و بوورانەوە دەهێنایەوەو فڕێیان دەدایە ژووری ساردووسڕی زیندان، ئازاد زۆر بەوورەبوو، ئازایەتێكی بێوێنە لە چاوەشینەكانیدا بوو، دەچوین دڵی بدەینەوە بەڵام كە هۆشی دەهاتەوە ئەو دڵی دەداینەوە.
رۆژێكیان ئازادیان برد بۆ لێكۆڵینەوە "تەحقیق" وەك رۆژانی تر، ئێمە وەك هەمیشە چاوەڕێمان دەكرد بە لێدان و خوێن و بوورانەوە بیهێننەوەو ئێمەش بچینە لایی و هۆشی بهێنینەوە و ئاوی بكەینە بە دەمیدا، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بوو، ئازادیان هێنایەوە، بە بێ لێدان و ئەشكەنجەو خوێن و دەست و قاچ شكاندن، سەیریم كرد ئازاد تەواو وێران بوو هێز لە جەستەیا نەمابوو، رەنگی تەواو تێكچوبوو شپرزەو پەرێشان، لە سوچێكی زیندانەكە دانیشت و هیچی نەوت، بێدەنگ و مات، چومە لای و وتم چی بووە ئازاد وتی، "من تەواو" وتم بۆ .؟ وتی: خۆت دەزانی هەشت مانگە ئەشكەنجەم دەدەن، یەك وشەم نەوتووە كە سودی بۆ ئەوان بێت، بەڵام ئەمڕۆ منیان كوشت،..!
ئازاد تازە ژنی هێنابوو، ژنەكەی گەنج بوو، ئەو پێی وتم "دڵنیام لەسێدارەم دەدەن"، بەڵام بۆ مێژوو ئەمەت پێ دەڵێم، با لای خۆت بمێنێتەوە، ئەمڕۆ ژنەكەمیان هێنایە زیندان و بەرامبەرم دایاننا، وتیان ئەگەر ئیعتراف نەكەیت دەستدرێژی دەكەینە سەری، هیچم نەوت، چەند ئەمنێكی زل، دەستیانكرد بە داكەندنی جلەكانی خێزانم، خێزانم بەتەواوی تێكچوو، ئەیقیژاندوو دەپاڕایەوە، ئەوانیش ئازاریان دەداو پێیان دەوتم یان ئیعتراف یان دەستدرێژی دەكەینە سەری، یەك یەك جلەكانیان داكەند لەبەرچاوم.. من رووحم دەسوتاو خێزانم ئاگری دەگرت و ئەوانیش زاڵمانە بەردەوام بوون، وەكو گورگی برسی جلەكانی خێزانمیان دا ئەكەند و منیش روحم دەگەیشتە لوتم و دانم بەخۆمدا دەگرت، وەك چۆن هەشت مانگ دانم بە ئازاری جەستەمدا گرت، بەڵام كە گەیشتنە جلەكانی ژێرەوی خێزانم ئیتر خەریك بوو روحم بێتە دەرەوە وتم بوەستن....... تەواو ... چیتان دەوێت.... ئیتر...
ئەمە چیرۆكێكی راستەقینەی (36) ساڵ پێش ئێستای "ئازاد چاوشین"ە لە ئەمنی سلێمانی سەردەمەی بەعس، ئەمە تەنیا چیرۆكی "ئازاد چاوشین" نەبوو، دەیان پێشمەرگەو كارەكتەری تر بەو رەفتارە قێزەونانە ئەشكەنجەدەدران و ببوە بەشێك لە كارتی دەستی ئەمن و بەعسیەكان كە بەرامبەر بە شۆڕشگێرانی ناو زیندان بەكاریان دەهێنا.
دوای (36) ساڵ لە رووداوەكەی "ئازاد چاوشین" لە ئەمنی سلێمانی و "30" ساڵ لە دوای دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان، ئێستا رووداوەكان لە زیندانەكانی دەسەڵاتی كوردی دووبارە دەبنەوە، زۆرجار گوێبیسی ئەم چیرۆكانە دەبین كە لە زیندانەكانی ئاساییشدا هەڕەشەی ناموس لە رۆژنامەنوسان و چالاكانی سیاسی دەكرێن.
لە رۆژی سزادانی دەستگیركراوانی بادینان لە دادگای هەولێر "شێروان شێروانی" لەبەردەم دادوەردا چەند جارێك هاواری كرد "جەنابی حاكم من بە خێزانم تەهدیدكراوم، كێ لە ئێوە ئەمە قبوڵ دەكات".
شێروان زۆر بە روونی ئەو مەسجەی گەیاند، لە زینداندا هەڕەشەی ناموسی لێكراوە، هەڕەشەیەك كە ئەگەر بە دڵی ئەوان ئیعتراف نەكات، ئەوا ناموسی خێزانەكەی لەدەستی ئەواندایە.
تەنیا جیاوازی نێوان " شێروان شێروانی" و " ئازاد چاوشین" ستەمكارەكەیە، ئەگەرنا هەردوكیان داوای ئازادی و مافی مرۆڤ و شكۆی مرۆڤی كوردیان دەكرد، ئەویان لە دەسەڵاتی بەعس و ئەمیان لە دەسەڵاتی كوردی..!
كارتی ناموس بە جلی عەرەبیەوە بەكاربهێنرێت یان بە جلی كوردی، بە عەقڵیەتی بەعسیەوە بێت یان عەقڵیەتی شۆڕشگێری كوردی، هیچ لە قێزەونی ئەو ستەمە كەمناكاتەوە، دەستبردن بۆ ناموس لەلایەن دەسەڵاتی كوردیەوە، ستەمی كوردی گەیاندووەتە ئاستی ستەمی بەعس، شكاندنی شكۆی تاك و بەزۆر ئیعترافكردن و هەڕەشەی ناموس رەفتارێكی قێزەونی بەعسیانە بوو كە لە ئاخیر كارتدا بەكاری دەهێنا، بەڵام ئێستا بووە بە كارتی یەكەمی دەستی ژوورە تاریكەكانی دەسەڵاتی كوردی.
ئەوەی بەرامبەر بە " ئازاد چاوشین" كراو ئەوەی بەرامبەر بە "شێروان شێروانی" دەكرێت، یەك عەقڵیەتە، یەك بیروراو یەك ستەمە، بەڵام ستەمی دەسەڵاتی كوردی بەئازارتر و بە سوێ ترە، راپەڕین دەیان چیرۆكی قێزەونی ناو زیندانەكانی بەعسی ئاشكراكرد، هەمومانی توشی شۆك كرد، تۆ بڵێی رۆژێك ستەمی ناو زیندانەكانی دەسەڵاتی كوردیش ئاشكرا بێت...ئایا توشی شۆكمان دەكات. ؟
• سود وەرگیراوە لە، چیرۆكی ئازاد چاوشین و جەباری عەلی عەویز لەزیندان.. گۆڤاری لڤین، 2011 نوسینی، عەبدولرەزاق شەریف