مانگی هەنگوینی گۆڕانو پارتی چەند دەخایەنێت؟
عەبدولرەحمان مەولود
2019-02-22   1350
من لەگەڵ بەشداری گۆڕان لەحکومەت نەبوم. یەکێك لەهۆیەکان ئەویە هەر ڕێکەوتنێك لەگەڵ پارتی بکرێت هیچ بەهایەکی نییە. پارتی ئیلتزام بەهیچ ڕێکەوتنامەیەك ناکات، ڕەفتاری پارتی لەساڵانی ڕابردو شایەدی ئەم ڕاستیەن.
من پێموایە لەئێستاشدا پارتی زەرەیەك نەگۆڕاوە. هیوادارم هەڵەبم، بەڵام هەر چەند دەکەم ناتوانم بڕوا بەخۆم بێنم کە پارتی ئیلتزام بەهێج ڕیکەوتنامەیەك بکات، پارتی گۆڕا بێت یان پارتی وانەی لە ڕابردو وەرگر بێت.
بۆ نمونە، سەرەرای دانیشتنی زۆری پارتی لەگەڵ یەکێتی، کەچی پارتی زۆر بێباکانە دانیشتنی پەرلەمانی لەگەڵ گۆڕان و بێ یەکێتی دەستپێکرد. ئەمە مەترسیدارە، چونکی دو ڕۆژیتر هەمان کار لەگەڵ گۆڕان دەکات.
هەر لەسەرتاوە یاریەکانی پارتی ئاشکرایە. هەر کاتێك یەکێتی بیخاتە ژێر گوشار پەنا بۆ گۆڕان دەبات، هەر کاتێکیش گۆڕان گوشاری بۆ بێنێت ئەوا پەنا بۆ یەکێتی دەێنێت. ئەمە یاری چوارسالی داهاتوی پارتی دەبێت و ناچێتە ژیرباری یەك داخوازی هیچ لایەنێك و گۆڕانیش ناتوانی ئیلزامی بکات بە ڕیکەوتنامەکەی.
ڕاستیەکی دوای ئەوەی نەوت و گاز لە کوردستان دۆزراوەتەو هەناردەی تورکیا دەکرێت، دەسەلاتدار لەکوردستان زیاتر لە مافیا دەچێت تاکو حیزبی سیاسی. بۆیە گۆران دەبوایە چاوی لە ئایندەی دوور بایە نەك هاوپەیمانی ئەوانەی زۆر کەم لە حیزبی سیاسی دەچن.
سەرەرای هەر تێبینیەك، ئێستا ئەوا گۆڕان بریاریدایەو چۆتە ناو حکومەت، لەم بارەیەوە پێویستە چی بکات؟
بەڕای من لە جیاتی باسکردن لەڕێکكەوتنامە، پاکێچو بەرژەوەندی خەلکی کوردستانو بابەتی گشتی تر، پێویستە گۆڕان داخوازی کۆنکریتی لەحکومەتی نوێ هەبێتو مەرجی بەردەوامی لەپەیوەند بون بونی بێت لەهاوپەیمانیدا لەگەل پارتی. هەندێك لەم داخوازیانە کۆنکریتیانە بەخیرایی لە خوارەوەدا باس دەکەم.
پێویستە گۆڕان دوا لە حکومەتی نوێ بکات کەوا:
١. چەند هەزارێك ،بۆ نمونە پەنجا هەزار ، هەلی کار دروست بکات و بەشی هەر شار و شارۆچکەیش لەم هەلی کارانە دیاری بکات.
٢. چەند سەد ملیۆن دۆلارێك، بۆ نمونە سێ سەد ملێون دۆلار ، لەکەرتی تەندروستی گشتی خەرج بکات. بیست ملێۆن دۆلار بۆ نەخۆشخانە گشتیەکانی زاخۆ، ١٠ ملیۆن بۆ ئاکری، پەنجا ملیۆن بۆ دهۆك، حەفتا ملیون بۆ هەولێر، هەشتا ملیون بۆ سلێمانی، بۆ هەلەبجە، گەرمیان ...تاد.
٣. پێویستە چەند سەد قوتابخانەی نوێ بکریتەوە. بۆ هەر شار، شارۆچکە، قەزاو ناحیەکان لە زاخۆ وە تاکو خانەقین و توزخورماتو بەشی هەر شوێنێك دیاری بکات.
٤. چەند هەزار یەکەیەکی جێنشین دروست بکات یان بەکرێ بگرێتو بەکرێەکی کەم بێدات بەو کەسانەی بێ شوێنی حەوانەوەن.
٥. بۆ هەر زانکۆیەك لەزانکۆکای کوردستان چەند ملیون دۆلارێك بۆ لێکولینەوەی زانستی تەرخان بکرێت.
٦. چەند ملێۆن دۆلارێك بۆ دروستکردنی بانکی خواردن لەهەمو شارو شارۆچکەکانی کوردستان دابین بکرێت. ئەم بانکی خواردنانە وەزیفەیان بێت خواردن بەخۆرایی بدەن بەئاواروەو هەژار و بێکەسانی شار.
٧. تەرخانکردنی چەند سەد ملیۆن دۆلارێك بۆ چاکردنی جادەو ڕیگاکان و ئاو وئاورەکان.
٨. ڕاگرتنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لەنێوان تورکیاو عیراقداو هێندە لە بەردەم تورکیادا نەچەمێتەوە.
٩. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێك نەبێت لەئەجندای تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، هەر هیچ نەبێت بێلایەنی ڕاگرێت.
١٠. ... تاد
ئەگەر گۆڕان هەمو، بەشێك یان رێژەیەك لەم خالانەی لەسەروەدا ڕێزم کردونو دەیان خالیتریش کە لێرەدا باسنەکراون خستە بەرنامەی کاری و کاری لەسەر کرد و لەسەر بنچینەی ئەم داخوازیانەش هاوپەیمانیەتەکەی درێژە پێدا ئەو کات سەبارەت بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت دەکرێ قسەیەکیتر بکرێت. بەڵام، تاکو ئەو کاتەی ئەم کارانە ئەنجام دەدرێن من هەر مکورم لەسەر ئەوەی گۆڕان هەلەی سیاسی کرد بەشداری حکومەت دەکات و مانگی هەنگوینیشی لەگەل پارتی کورت دەبیت.