داهاتی نەوتی هەرێم
دەبێت بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردبێت. داهات زۆر لەوەی کە باس دەکرێت زیاترەو هیچ
مانایەک بۆ لێبڕینی موچە ناهێڵێتەوە.
لێرەدا زۆر بەکورتی
و بەکوردی زیادبونی داهاتی نەوتی هەرێم لەسەر سێ بنەما باس دەکەین:
١- زیادبونی نرخی نەوت.
٢- زیادبونی بەرهەمی نەوتی هەرێم.
٣- جیاوازی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.
١- زیادبونی نرخی نەوت
بەپێی زانیارییەکانی
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا eia و پێگەی ستاتیستا statista نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ٩ مانگی
ساڵی ٢٠٢٠دا تێکڕا بە ٤٠.٩٢ دۆلار بوە، بەپێی راپۆرتی دیلۆیت کە وردبینی بۆ بەرهەم
و فرۆشی نەوتی هەرێم کردوە لەو ٩ مانگەی ٢٠٢٠دا تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە
٢٦.٣٤٩ دۆلار فرۆشراوە.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ٢٠٢١/٥/٢٠ تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت
بە ٦٣.١٩ دۆلار بوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی
دیلۆیت لە مانگی ١١ی ٢٠١٩دا کاتێک نرخی نەوتی
برێنت بە ٦٣.٢١ دۆلار بوە (هەمان نرخی ئەو پێنج مانگەی ئەمساڵ) نرخی نەوتی هەرێم بە
٥٢.١٤٦ دۆلار فرۆشراوە، گەر ئێمە ٥١ دۆلار دابنێین بۆ بەرمیلێک، کەواتە دەبێت
داهاتی نەوتی هەرێمیش لەم پێنج مانگەی ٢٠٢١دا بۆ هەر بەرمیلێک بە تێکڕا ٢٤.٦٥ دۆلار زیاتر بێت کە دەکاتە زیاتر لە ٩٣٪ی داهاتی پار ساڵ، ئەمە سەبارەت بە نرخی نەوت.
٢- زیادبونی بەرهەمی نەوتی هەرێم
- لەمانگی ١١ی ٢٠٢٠دا کێڵگەی سەرتە بۆ یەکەمجار
کەوتە بەرهەمهێنانی نەوت و لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی
هەرێم زیادی کردوە.
- کێڵگەی تاوکی بەرهەمی لە ١١٠ هەزار بەرمیل لەساڵی
٢٠٢٠دا بۆ ١١٥ هەزار لە ٢٠٢١دا بەرزبوەتەوە،
واتە ٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
- کێڵگەی سەرسەنگ بەرهەمی ڕۆژانەی لەمساڵدا
بڕی ٧٫٥٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە زیادی کردوە.
- کێڵگەی هەولێر ٣ هەزار بەرمیل زیادی
کردوە.
لەم چوار کێڵگەیە
بڕی ٢٥٫٥٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە کە مانگانە دەکاتە ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت زیادی
کردوە بۆ بەرهەمی هەرێم. لەگەڵ جیاوازی گۆڕینەوەی دراودا رێژەی ٧٪ی داهات زیاد دەکات.
جگە لەوەی چاوەڕێ
دەکرێت بڕی ٧ هەزار بەرمیل لە کێڵگەی گەرمیان زیادبکات.
٣- جیاوازی
گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار
تەنها لە جیاوازی
گۆڕینەوەی نرخی دۆلار بە دیناردا هەرێم بە ڕێژەی ٢٢.٨٪ داهاتی نەوتی زیادی کردوە،
پێشتر نرخی فەرمی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار ١٫١١٨.٢ بو ئێستا ١٫١٤٥ دینارە بۆ هەر دۆلارێک.
بەم پێیە تەنها
داهاتی نەوت دەبێت ڕێژەی ١٢٣٪ زیادی کردبێت
جگە لە داهاتی ناوخۆ و دەروازەکان.
ئەی بۆچی هێشتا
موچە بە لێبڕینەوە دەدرێت؟
دەبێت بە دەنگێکی
بڵند بپرسین ئەم زیادەی داهاتانە چیان لێدێت؟