ئەوەی بەسەر ئێمەی کورد هاتووە، لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتاییەکەی و بێگومان پێشتریش، لە کوشتوبڕ و ڕاگواستن و هەموو جۆرەکانی وێرانکاری، نموونەی لای چەندین گەل و نەتەوەی تری جیهان هەیە و ئەمەش لە نزیکەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە ئەو جۆرە قڕکردنە بۆ گرووپە ئینیکی و نەتەوەیی و ئاینییە جۆراوجۆرەکان بە جینۆساید ناسرا ولەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لە سەر ئاستی جیهان پێناسە و یاساوڕێسای بۆ دانرا، بە ئامانجی بەربەست کردن و سزادانی تاکەکەس و دەوڵەتان و گرووپگەلی ئەنجامدەری ئەو تاوانە قێزەونانەی جەنگ و جینۆساید و دژەمرۆڤایەتی، کە هەر یەکەیان پێناسە و پێوەری خۆیان هەیە، بەڵام هێند گرێدراوی یەکترن کە لە فرەحاڵەتدا هەرسێکیان بەسەر کەیسێکدا دەسەپێت و جیاکردنەوەیان زەحمەت دەبێت. هەڵبەت کە باس دێتە سەر ئەم تاوانانە ناوی کورد دەچێتە ڕیزی جینۆسایدەکانی ئەرمەن و جوولەکە و ڕواندا و ڤێتنام و کەمبۆدیا و کۆسۆڤۆ و دارفور و دەیان وڵات و میللەتی ترەوە، بەو گەلە ڕەسەنانەی هەردوو کیشوەری ئەمریکاشەوە کە لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و بەشێکی بیستەوە بە دڕندەترین شێوە قڕکران و ئێستا کەم ناویان دێت و چوونە خانەی بیرچوونەوەوە و من لە سۆنگەی گەلێ هۆکارەوە کورد بەم گەلە قڕکراوە دەشوبهێنم و لەگۆترەش ئەم قسەیە ناکەم. ئاشکرایە کەوا جوولەکە چۆن وا زیاد لە سێ چارەکە سەدەیە هۆڵۆلۆستەکەی خۆیان بە باشترین شێوە بەکاردێن و چییان لەسەر بنیات نەناوە؟ چۆن خوێنی هیچکام لە قوربانییەکانی خۆیانیان ون نەکردووە و کارێکیشیان کردووە کە لە ئەدەبیاتی خۆیان و زۆربەی خەڵکی جیهانیشدا بە قارەمان ناوببرێن و هەر بە یاسای نێودەوڵەتییش کارێکیان کردووە کەس نەوێرێت بڵێ هۆڵۆکۆست ڕاست نییە، هەندێ وڵاتی لێبەدەر، دەنا پەلکێشی دادگا دەکرێت. تۆ هەر لە کۆمپیوتەرەکەتەوە بڕوانە ئینستیتیوت و مۆزەخانەی یادەوەریی یاد ڤاشێم لە قودس و دەیان مۆزە و مۆنۆمێنتی هۆڵۆکۆست لە جیهاندا و سەرت سوڕدەمێنێ لەوەی کە چییان تێدا کراوە. ئەرمەن و میللەتانی تری هاوشێوەی ئێمەش کەمیان نەکردووە لەم ڕووەوە. با سەرنجیشت بچێت بۆ ڕواندا، ئەو وڵاتە ئەفریقاییەی لەم ماوەیەدا زۆر ناوی دێت، وەک وەرگری ئەو پەنابەرانەی دنیا، بە کوردیشەوە، کە ڕوویان کردووەتە بەریتانیا و دەیەوێ بیانداتە ڕواندای ئابووریی بووژاوە و بەهێز. دەزانی ڕواندا لەپاش جینۆسایدەکەی ١٩٩٤ لەنێوان ٨٠٠ هەزار تا ملیۆنێک خەڵکی نەتەوەی کەمینەی تووتسیی تێدا کوژرا لەسەر دەستی نەتەوەی زۆرینەی هۆتۆ، کە هەردوولایان هاونیشتمانیی هەمان وڵات بوون. ئەو وێرانکارییەی لە ئەنجامی ئەو کوشتوبڕەدا بەرپاکرا کەموێنە بوو و داری بەسەر بەردیەوە نەما، لە وڵاتێکی بچووکدا کە ڕووبەرەکەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانە و (من لە وتارێکی پێشردا هەر لە کوردستانی نوێ کەمێک بە وردتر لێیدواوم). کەچی ئێستا پاش ٣٠ ساڵ بووە بە بووژاوەترین و بەهێزترین ئابووریی ئەفریقا و بە سەنگاپوورەی ئەفریقا و دوبەیی بچووک ناوی دێت، بەمەرجێ کە هیچ نەوت و کانزایەکی تێدا نییە و تەنها پشتی بە بووژاندنەوەی ژێرخانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بەستووە سەرکردایەتییەکی باش و دژەگەندەڵی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات و گەیاندوویەتیە ئەم ئاستە. مەسەلەی جینۆسایدەکەشیان لەسەر ئاستی دنیا ناسراوە و بە پلانێکی تۆکمە کار لەسەر ڕەهەندەکانی تیمارکردنی ئەو دەرد و برینانە دەکرێت کە لە کاولکاریی ئەو جینۆسایدە بەجێماوە و جیهانیش پێ بە پێ لەگەڵیان هاوکارە.. بۆچی کار لەوێ وا کەوتووەتەوە؟ لەبەر ئەوەی زانستیانە و بە بەرنامەڕێژی کاریان کردووە و هەروا لەخۆوە نەبووە.
ئەمە تەنها دوو نموونەی سەرکەوتوو بوو کە من زۆر بەکورتی ئاماژەم پێکردن، دەنا چەندین نموونەی تری هاوشێوە هەن کەوا خەڵکی جینۆسایدکراو لە جیهاندا مامەڵەی جیاواز لە ئێمەیان کردووە و کەم تا زۆر دەرد و سوێی تاوان و ستەمیان لە خۆیان تەکاندووە و ڕێگەیان لە دووبارەبوونەوەی گرتووە. کەچی ئێمەی کورد و بەتایبەتی لەم بەشەی وڵاتی لەتوپەتماندا مامەڵەیەکی سەیر و کەموێنە دەکەین لەگەڵ سەرجەمی ئەو دەرد و ستەمانەدا کە بە درێژایی ساڵانی زۆر بە میرات بۆمان ماوەتەوە و بەتایبەتی لە مەسەلەی جینۆسایدەکەماندا. ڕاستە لە عێراقێکدا دەژین کە لە نزیکەی سەد ساڵی دروستکردنی نابەجێ و ئیفلیجیدا خۆشیمان تێدا نەبینیوە و ئیدارەدانی کەم و زۆر بەپێی بەرژەوەندیی زلهێزانی جیهان و وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە بووە و هەر لە سەرەتای دروستکردنیشیەوە کاریگەریی ئایدیای ناسیۆنالیزمی عەرەبیی تێیدا باڵادەست بووە، بە سەردەمی پاشایەتییشەوە، کە هیچ وەختێ نەتەوە و کەمینەکانی تری غەیرە عەرەبی پێ قبووڵ نەبووە و بەتایبەتی کورد و هەمیشە مامەڵەی هەر ناڕەزایی و ڕاپەڕینێکی ستەمکارانە بە ئاگر و ئاسن کردووە و بەشی خەڵکی ستەمدیدەی کورد بەردەوام کوشتن و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و سڕینەوەی نەتەوایەتیی بووە، تا دەگاتە ئایدیای نەتەوەیی پەڕگری بەعس کە بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدی کورد شکاندیەوە.
من دەمەوێ بەکورتی باس لەوە بکەم کە ئێمەی کورد لەم سی و ئەوەندە ساڵەدا کە تا ڕادەیەک جڵەوی کار بە دەستی خۆمانەوەیە چۆن مامەڵەمان لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایدەکەمان کردووە، کە ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ بەشێکی گرنگ و بەرچاوێتی. بەتایبەتیش کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕینی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە بووین بە فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەری دووبارە دروستکردنەوە و بنیاتنانی ئەم وڵاتە و بە پێی پۆست بێت گەلێ جومگەی کاریگەری بەڕێوەبردنی وڵاتیشمان لەئەستۆگرت و دەمانتوانی گەلێ دەسکەوتی، بۆ خەڵک، تێدا بەدیبێنین ئەگەر بەدروستی مامەڵەمان بکردایە. ئەو پارە زۆرەی کە لە پشکی هەرێمەوە هاتە دەستمان، سەرباری ئەو هەموو فێڵەش کە لێمان دەکرا و دواتریش ئەو داهاتە باشەی "ئابووریی سەربەخۆ!"، بێ لێپرسینەوە تەخشان و پەخشان دەکرا و خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە خەڵک بوو نەک هەر خێریان لێ نەبینی بەڵکوو بوو بە تەوقی عەزازیل و چووە گەردنیان لەو هەموو قەرزەی کە هاتووەتە سەریان. جا ئەگەر لە وێستگە و قۆناخە جیاجیاکانی ململانێماندا پشتگیریی خەڵکی خۆمانمان لەدەست نەدایە و لەجیاتیی بەرژەوەندیی باڵای میللەت بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی سەرپشک نەکردایە و دەسەڵاتی کورد ئەو هەموو خەڵکە هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەی لە دەوری خۆی کۆنەکردایەتەوە و بۆ خزمەتی ڕاستەقینەی خەڵک و وڵات ڕەفتاری بکردایە ئێستا کار بەم فەوزا و بێسەروبەرییە نەدەکەوتەوە، کە تەواوی بوارەکانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردندا شکست بێنێت و ئەم ئەزموونەش بخاتە بەر هەڕەشەی ترسناکی لەناوچوون.
لێرەوەیە کە دێینە سەر مامەڵە کردن لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایدەکەماندا و دەبینین هیچ ئامانجێکمان نەپێکاوە و تا ئێستا نەک دەرەوەی خۆمان لێمان بێئاگایە، بەڵکوو خەڵکی خۆیشمان خەریکە تەواوی نەهامەتییەکانی ڕابوردووی خۆی لەبیر دەچێتەوە و کارێ نەکراوە نەوەکانمان ئاگایان لەو هەموو مەینەتی و ستەمەی پێشتر بێت و ئەو گیانی بەرگرییەیان لا دروستکرابێت کە ڕێ نەدەن جارێکیتر لێیان دووبارە ببێتەوە. لە ئێستادا کۆمەڵگە بە زەقی دابەشبووەتە سەر دوو چین، کەمینەیەکی دەوڵەمەندی مفتخۆری وڵات وێرانکەر کە دەست بۆ هەموو بیزنێسێکی حەرام و ناڕەوا دەبات هەر لە بازرگانیی زەوی و خانووبەرەوە بیگرە تا دەگاتە دەرمان و مادەی هۆشبەر و هەموو شتێکی ناڕەوای تریشەوە بە هاوبەشی و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ چین یان توێژێکی دەسەڵاتداری مافیا ڕەفتاری کۆنەکردوو لە هیچ شتێک، لە بەرانبەر زۆرینەی خەڵکدا کەوا لە ململانێی ژیانێکی سەختدان و هیچ ئاسۆیەکیان لێوە دیار نییە و ئەنجام گرفتاری هەزار دەردی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بوون. ئەوجا لە دۆخێکی وادا دەبێ مامەڵەکردنت لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایدی گەلەکەتدا چۆن بێت؟ گەلێک تا ئێستا مامەڵەی ئەقڵییەتی بەعس و ئایدیای لەبنەڕەتدا شکستخواردووی نەتەوەیی عەرەبیی لەگەڵدا بکرێت لەلایەن حوکمڕانانی نوێی مەزهەبیی عێراقەوە و چەپۆکی دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەردەوام بەسەرەوە بێت. تۆش وەکوو کورد ئەمە حاڵی دەسەڵاتدارەکەت و خەڵکەکەت بێت؟! دەتوانی چی بکەیت لەگەڵ کەیسی جینۆسایدەکەتدا؟ پێمناڵێی کوا ئەرشیف و مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی بۆ بەردەوامیی هێشتنەوەی یادەوەرییە تاڵ و پڕ لە ستەمەکانت؟ کە ئەمە سەرەتاییترین و کەمترین ئەرکە جێبەجێت کردبێت، چەند ئێسکوپرووسکی ئەو دەیان هەزار قوربانییەت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێناوە و گواستووتەوە بۆ زێدی خۆیان، لەو نزیکەی سێ هەزار کەسە بترازێت؟ ئەی باشە بەرنامەت چییە بۆ پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تۆ ناتوانی بە شێوەیەکی زانستی و بگرە نازانستییش دەریانبێنێت و ڕێگری بکەیت لە ونبوونی یەکجارەکییان و چاندنیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە؟ یان بە هەر شێوەیەکی تر بووە دەستکاری و بزر کردنی؟ خەڵک خەریکە لەوە دڵنیابێت کە نە دەسەڵاتدارانی عێراق و نە کوردیش ناتوانن پشکنینی (دی ئێن ئەی DNA) بۆ ئەو هەموو ئێسکوپرووسکەی قوربانییان بکەن، چونکە ئەوە کارێكی تەواو زانستییە و ئەمان بۆیان ناکرێت یان نایانەوێ بیکەن و هەر ئەمڕۆ بە سبەی پێدەکەن. ئاخۆ تا ئێستا دامەزراوەکانی پەروەردە شتێکی ئەوتۆیان لای نەوەکان چاندووە کە چەردە زانیارییەکی تەنانەت کەمیشیان هەبێت لەسەر دەردی جینۆسایدی میللەتەکەیان و بەو پێیە کاری لەسەر بکەن لەگەڵ خۆیان و دەرەوەی خۆیاندا؟ چ شکۆیەکت بۆ قوربانییانی جینۆساید ڕەخساندووە؟ کوا قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان؟ کوا دادگایی کردنی تاوانباران؟ کوا خستنە سەر کاری نەوەی بەجێماوی قوربانییانی جینۆساید لەم دۆخەدا کە بە گەندەڵی و بێپلانی تەژیتان کردووە؟ دەکرێ پاش ئەم هەموو ساڵانە هەر بڵێی جا من چیبکەم ئەوە خەتای عێراقە؟
ساڵانێک لەمەوپێش هەندێک لە کەسانی ڕۆشنبیر ئەم خەمەیان لەکۆڵنا و چەندی پێیانکرا، بەپێی توانا و دەرفەت، وەک تاکەکەس کاریان لەسەر ئەم مەسەلەیە کرد و بەردەوامیشن. بەڵام کارەکەیان، کە لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان بوو، گەلێ جار لە ئاسنی سارد کوتان دەچوو، گوێیان لێ نەدەگیرا و بایەخیشیان بە ڕەنج و کۆششیان نەدەدا، بەڵام ئەمان چاوەڕێی خەڵات و بەراتی دەسەڵاتدار نەبوون و بەپێی توانایان بەشێکیان تا ئێستاش بەردەوامن و بۆ ویژدان و خەڵکی خۆیانی دەکەن. لەم چەند ساڵەی دواییشدا بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمیش خەریکی ئەو کارەن و هەندێک لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا بەجیددی مشوور دەخۆن و دەیانەوێ توێژینەوە لەو بوارەدا بکەن. بەشێکی بەرچاوی ئەم زانکۆیانە سەنتەری لێکۆڵینەوەیان دامەزراندووە و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لەوانە سازدانی کۆنفرانسی جینۆساید و هەر زانکۆیەک بۆ خۆی خەریکی ئەو کارەیە. ئێمە بەهیواین جێدەستیان دیار بێت و هاوشێوەی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانی دنیا بتوانن توێژینەوەی کاریگەر و زانستی ئەنجام بدەن و دڵنیام بەشێکیان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدان و دەتوانن ببنە ئامرازی فشار بەسەر بڕیاربەدەستانەوە بۆ ئەوەی جیددیتر لەم بوارەدا کار بکرێت و مەسەلەکە تەنها نەبێت بە چاولێکەری و جۆرێک لە مۆدێل و خۆنواندن و بیزنێسی بێئەرزشی کەسانێک بیانەوێت وەک بوارەکانی تر سواری کۆڵی ئەمیش ببن و ئەنجام هیچیشی لێ شین نەبێت و ئەم کۆنفرانسانەش بە دەردی یادکردنەوەکانی چواردەی چوار و شانزەی سێ نەچن کە ئەمڕۆ شینە و سبەی شایی و ساڵانەش هیچ کاریگەرییەک بەجێناهێڵێت. کۆنفرانس و "بنیاتنانی ئاشتی" ئەگەر هەر بۆ تۆمارکردنی چالاکیی زانکۆیەک، ڕێکخراوێک، یان هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی تر بێت و بەدواداچوون بۆ مانا و مەبەستەکانی نەکرێت ئەوە لە چالاکییەکی کاتیی بەولاوە هیچیتر نابێت و تەنها کەسانێک لێی سوودمەند دەبن کە لە پاڵ ئەوەدا مەبەستی تری شەخسییان هەبێت، سا هەرچییەک بێت ئەو مەبەستە!
من بەش بە حاڵی خۆم ژمارەیەک کۆنفرانسی لەم جۆرەم بینیوە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و پانێڵ و بابەتیشم هەبووە تێیاندا و ڕەنگە بڵێم هەندێکیان لە سوود بەدەر نەبوون لە ناساندن و تاوتوێ کردنی مەسەلەی جینۆسایدە کوڵۆڵەکەماندا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی بەرچاویان وەک پەشێوی شاعیر دەڵێ هەر کۆنفرانسی مۆز و سێو خواردن و کۆکردنەوەی عەشامات بووە و بە کۆتاییهاتنی ئەو چەند ڕۆژەی چالاکی یان کۆنفرانسەکە هەموو شتێک تەواو بووە و کەس بیری هیچی نەماوە و قوربانیی بەجێماوی جینۆسایدی کوردیش هەر باری گرانی خۆی بە کۆڵی خۆیەوە بووە. ئاخر من و تۆ لە وڵاتێکداین هیچ پلان و بەڵێنێکی تێدا جێیبەجێ نەکراوە و ناشکرێت، بەم پێوەر و ئەقڵییەتەی کە ئێستا دەگوزەرێت، ئەوەش کە دەگوترێت هەر قسە و وتاردان و خۆسوورکردنەوەیە و هیچیتر. تۆ هەر ئێستا لەم عێراقەدا بە چواردەوری خۆتدا بڕوانە، لە هەموو لایەکەوە میلیشیای چەکداری جۆراوجۆر تەنگیان پێهەڵچنیوین، زەویوزاری باوباپیرانمان لێ داگیر دەکەن و ناشهێڵن دەغڵودانەکەمانی تیا بدوورینەوە، هێشتا بڕیارەکانی جارانی "مەجلیسی قیادەی سەورە" بەرکەماڵن و کاریان پێدەکرێت، هێشتا هەر دێنە پێشەوە و یەک هەنگاویش ناگەڕێنەوە، لە عێراقێکداین زۆربەی جومگەکانی ئیدارە و حوکمی تێدا لەگرێژەنە چووە، خۆشمان لە حاڵ و بارێکداین، وەک دەگوترێت، کەس ئێرەییمان پێ نابات و چیدی "عێراقەکەی تر" نەماوین و چاوەڕێی سبەینێیەکی لەمڕۆ باشتر نین. کەواتە بەچی دەچێت من بچــم بۆ کۆنفرانس لە دەرەوە، یان لە کۆ و ڕۆوە خەڵکانێک کۆبکەمەوە، با دڵسۆزیشم بن و لێرە مەدح و سەنام بکەن و تاوتوێی دۆخێکی تاڵم بۆ بکەن کە من خۆم ساڵانێکە وەک پێویست خەمی لێ ناخۆم و بگرە بێباکیشم لە ئاستیدا و وەک میللەتانی هاودەردی خۆم دەستم نەبردووە بۆ ئەو میکانیزمەی کەوا مەسەلەکەمی پێ دەچێتە پێش، من هیچ شتێکی تازە ناڵێم و تەنها لە سووچێکیشەوە چاومان لەو هاودەردانە بکردایە، یان لەمەودواش بیکەین هەر نەچووە بچێت، خۆ سەری زمان و بنی زمانمان ئەوەیە کە تاوانی جینۆساید کۆن نابێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی! لەکاتێکدا کەوا کارێکمان نەکردووە نەوەکانی دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵیشمان ئەوەندەی لێ تێگەیشتبن کە خۆمان و ئەوانیشی تێدا ڕووزەرد نەبین. ئاخر کەی ڕەوای هەقە و بە چی دەچێت من زۆربەی فەرمانبەرانی وەزارەتێکی پەیوەندیدار وەپێش خۆ بدەم بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە وڵاتێكی ئەوروپیدا و خەرجێکی قەبەشم لەسەر بوەستێ، کەچی لەملاشەوە ئەو وەزارەتەم نەتوانێ کەمترین بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت بۆ هێنانەوەی ئێسکوپرووسکی تائێستاش ستەملێکراوی قوربانییەکانم لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، چجای ئەوەش کە ناتوانم تەنانەت باسی پشکنینی (دی ئێن ئەی) بکەم.
ئاخر تۆش، حکوومەت، زانکۆ، ڕێکخراو یان کەسێکی بیزنێسمان بیت و بتەوێ سوودێک بەم کەیسە بگەیەنیت و بۆ کۆنفرانسێکی جینۆسایدی کورد، عەشاماتێک لە دەرەوەی وڵاتەوە بانگهێشت بکەیت بە کرێی تەیارە و ئوتێلی پاک و پوخت و پڵاو و گۆشتەوە، بێگومان هاوسۆزت دەبن و قسەی باشیشت بۆ دەکەن، بەڵام بەمە لە خۆنواندنێکی بێسەمەر زیاتر چ سوودێک بە خەڵک و کەیسەکەمان دەگەیەنیت؟ با ئەوانە بە سوپاس و پێزانینەوە هاوسۆزیشمان بن، خۆ لە ساڵانێک لەمەوپێشەوە تا ئێستا کەممان لەم جۆرە کۆنفرانسانە نەکردووە.
ئاخر برادەرینە .. خوشکینە، ئێمە خۆمان لە میللەتێکی گیانفیدا و هەزاران شەهید و قوربانییەوە، دەستەمۆ کراوین و کارێکیان بەسەرهێناوین کە گیانێکی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی ئەوتۆمان تێدا نەمێنێت و کێ مووچەمان بۆ دابین بکات دەست بە سینگەوە بین بۆ ئەو، ئەوانەشمان کە سوودمەند و دەوڵەمەندی لە هیچەوە هەڵتۆقیوی دۆخە گەندەڵ و پڕ لە دزی و فزییەکە بن دەستیان بە کڵاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە گرتووە و هەموو کەیسی جینۆساید و ئەنفال و بێنازیی هەتیوان و بێوەژنانمان ناگۆڕنەوە بەو پارە مفتەی لە "وەبەرهێنانی" لای خۆمان و بەغدا دەستیان دەکەوێت. کۆمەڵگەیەک لەوپەڕی گیانی شۆڕشگێڕیی ڕابوردوویەوە بێتە سەر ئەم دۆخەی لێکترازانی سیاسی و هەڵوەشانی کۆمەڵایەتی و گرفتار بوون بەدەست ئەم ڕەوشە سەختەوە و ئیرادەی نەخێری تێدا نەمابێت، هاوسۆزیی پڕ بەزەیی و زۆر جار ڕووکەشی دۆستەکانت چی دەگەیەنێت؟ ئێمە لامانوایە گڵی دوور دەرمانە، کەچی خۆشمان دەردی خۆمان باش دەزانین و ئەقڵیشمان بە چارەسەریدا دەشکێت، ئەگەر بە ڕاستگۆیی و نیازپاکییەوە کەمێک گوێمان لێ بگیرێت و گوێزەکانیش بە ژمارە دیارن.
من لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا بۆ هەوڵ و کۆششی هەر کەس و لایەک کە خەمی خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەکۆڵ نابێت و نیازپاکانە کار بۆ ڕەواندنەوە و سووککردنی ئەو دەرد و خەمە بکات، بەڵام ڕەنگە وا باشتر بێت کە زانکۆکانمان و ئەو سەنتەرانەی بۆ جینۆساید دایانمەزراندووە، کاری بەرچاویان ئەوە بێت کە خولی کورتخایەن و درێژخایەنی تێدا بکەنەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و کەسانێکی خوێندەواری دەرەوەی زانکۆش تێیدا بەشدار بن، یان هەر شێوازێکی تر بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە جینۆسایدی کورد و گەلانی ترەوە. دەکرێ مامۆستا پسپۆڕەکانی جینۆساید هەر یەک لە بوارێکدا خۆبەخشانە موحازەرەی تێدا بڵێنەوە دوور لە ڕێسای هەقی موحازەرات وتنەوەی ئاسایی. بەمەش ڕۆشنبیرییەکی گشتی لەسەر جینۆساید دروست دەبێت و کەسانی دەرچووی ئەم خولانەش دەتوانن کاری هاوشێوە بکەن لە دەزگا و دامەزراوەی تردا و بەم ڕەنگە دەتوانرێت تۆڕێکی خەڵکی خۆبەخش بەم کارە لە کۆمەڵگەدا دروست بکرێت و وردە وردە ڕۆشنبیریی گشتیمان لەم بوارەدا پەرەبسێنێت و شتی بەکەڵکتریشی لەسەر بنیات بنێین. پێموایە ئەم چالاکییەی زانکۆکان کەمخەرجتر بێت لەو هەموو کۆنفرانسانەی کە ساز دەکرێن و بێگومان خەرج و مەسرەفێکی قەبەشیان تێدەچێت. لای گەلێ لە میللەتانی جینۆسایدزەدەش ئەم مەسەلەیە پەیڕەوی دەکرێت و دەگونجێ قسەی زیاتریشی لەبارەوە بکرێت. بە هەمان شێوە دەکرێ دەزگای پەروەردە و خوێندنمان زانستیانە و بەپلانی باشەوە خەم لەم حاڵ و بارە بخۆن و ئەمەشیان هەر نەچووە بچێت وبەم کارەش هێندەی ترمەسەلەکە کاڵ نابێتەوە و با پەڕۆیەک لە ئەرمەن و ڕواندا و ئەوانیتر دابدڕین، با نەڵێم هۆڵۆکۆست کە لە دنیادا لە بواری کارکردن تێیدا خۆیان بە هاوشانی کەس نازانن و ئەوەندەشیان کردووە کە هەق بەخۆیان بێت.