بەنداوەكانی‌ دوكان‌و دەربەندیخان.. تێبینییەكی یاسایی لەسەر كێشەی‌ نەدانی‌ موچە بەفەرمانبەران

د. یادگار ئەستێر
  2020-07-28     420
پێشەكی: ئاو سەرچاوەی ژیانەو بەبێ ئاو ژیان بەردەوام نابێت. ڕوبارەكان هەرگیز سنوری‌ دەستكردی مرۆڤەكان ناناسن و بەڕێڕەوی سروشتی خۆیاندا تێپەردەبن مەگەر مرۆڤەكان ڕێڕەوێكی‌ دەستكردیان بۆ دروست بكەن و ئاراستەكەیان بگۆڕن. هەروەك ئاو سەرچاوی ژیانە، مرۆڤەكان مافێكی‌ نەبڕاوەی سەرەكییان هەیە بۆگەیشتن بەئاو (Human Rights to Water) لە پاشان دروستیەكەی یان تەندروستی (Sanitation). ئەم بنەمایە ئێستا لە چەقی عورفی نێودەوڵەتی‌ خۆی دەبینێتەوە و گەیشتۆتە ئاستی (Jus Cogens) واتە (القواعد القگعیه‌) كە هیج گۆڕانكارییەك قبوڵ ناكات. 

ئێستا لەسەردەمێكدا دەژین كەدەوڵتان زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاو دەكەن لەئاستی‌ ناوخۆ و دەرەوە، وە چەندین یاسای جۆراوجۆری‌ بۆ دادەڕێژن چونکە ئاسایشی نەتەوەیی بەستراوە بە ئاسایشی ئاوەوە. لەبەر ئەوەیە کە دەبینین دەستوری زۆرێك لە وڵاتان چ بە ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی‌ ئەم  پرسە گرنگە دەگرنە ئەستۆ، بۆ نموونە دەستوری عێراق 2005، ماددەی 110بڕگەی 8.

پرسیارێكی‌ یاسایی گرنگ لێرەدایە: ئایا كێ دەبێتە بەرپرسی سەرەكی‌ بەڕێوەبردنی‌ بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان؟ حكومەتی فیدراڵی لەبغداد یان هەرێمی‌ كوردستان؟ كێ بەرپرسیارە لە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی ئەو دوو بەنداوە؟

پێش وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە بەپێویستمزانی پوختەی كێشەی‌ نەدانی‌ مووچە بە فەرمانبەران وەك خۆی بخەمەڕووکە لەلای خوارەوە باسی دەکەم:

ا- لە پاش ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 هەتا ساڵی 1997، حكومەتی ئەو كاتەی بەغداد ئەركی‌ چاك كردنەوەو پڕۆژە  گرنگەكان و تەنانەت دارایشی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخانی لە ئەستۆ گرتبوو. 

ب - لە ساڵی 1997 هەتا 2003  حكومەتی بەغداد ئەركی‌ دارایی بۆ ئەم دوو بەنداوە لە سەر خۆی لابردو حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان لەو سەردەمەدا بەڕێوەی دەبرد بەڵام پەیوەندی لەگەڵ بەغداد مابوو بۆ ئاڵوگۆركردنی زانیاری‌ تەكنیكی‌ و بەردانەوەی ڕێژەی ئاو بۆ ناوەراست و باشووری‌ عێراق. 

ج- لەپاش داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكاو هاوپەیمانان لە ساڵی 2003 هەتا ساڵی 2017 ئەركی‌ دارایی ئەم دوو بەنداوە (لە پاشان بەنداوی‌ دهۆكیش هاتە پاڵی ) لەسەر حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان بوو.

د- قەیرانی دارای كە ڕووبەڕووی هەرێمی‌ كوردستان بۆوە لەساڵی 2014 دا كاریگەری‌ نەرێنی هە بوو لەسەر ئەم بەشە گرنگە بەڵام لەپاش بومەلەرزە گەورەكەی‌ شاری‌ دەربەندیخان كە زیانێكی‌ زۆری‌ بە بەنداوی‌ دەربەندیخان گەیاند لەساڵی‌ 2017دا وە لەسەر داوای‌ پسپۆڕان لە هەردوولا ئەركی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەردوو بەنداوەكە خرایەوە سەر بەغداد. 

هەتا ئەم خاڵە هیچ كێشەیەك نییە، ئەوەی‌ تیارامانە كە بەغداد لەو كاتەوە ویستوویەتی‌ میلاكی‌ فەرمانبەرانی‌ ئەم دوو بەنداوە بگویزرێتەوە بۆ سەر میلاكی‌ خۆی‌ وە چیتر لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە مووچەیان بۆ دابین نەكرێت. بەڵام حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەم پێشنیارە ڕازی‌ نابێت و لە كۆتایدا لەسەر ئەو خاڵە ڕێكدەكەون كە مانگانە بڕێ مووچەیان پێبدرێت لە بەغدادەوە (بەو سیستمەی‌ كە لە كوردستاندا دروست بووە لەدوای‌ ساڵی‌ 2015 بەڵام ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێت).

لەدوا بڕیاری‌ فەرمی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق لە مانگی‌ حوزەیرانی‌ ئەم ساڵدا ئەوەیە كە دوا مووچەی‌ سێ مانگی‌ نیسان و ئایار و حوزەیران ڕەوانە بكرێت  بۆ مووچەخۆرانی‌ دوو بەنداوەكە بەشێوەیەك كە لە پاشاندا میلاكی‌ هەموویان بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی‌ سەرچاوە ئاوییەكانی‌ حكومەتی‌ فیدڕاڵی‌.

بەڵام هەرێمی‌ كوردستان وەڵامی‌ نییە بۆ ئەو داواكارییەی‌ بەغداد بە هەر پاساوێكی‌ سیاسی‌ بێت كە لێرەدا باسی‌ ناكەین، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ پرسیاری یەکەم لەسەرەوە: كێ دەبێتە بەرپرسی سەرەكی‌ بەڕێوەبردنی‌ ئەم دوو بەنداوە؟ 
 
لە گەڕانەوەماندا بۆ دەستوری عێراقی‌، ماددەی‌ 110 بڕگەی‌ 8 بەڕوونی‌ باس لەوە دەكات كە دەسەڵاتی‌ داڕشتنی‌ پلانی‌ ئاو كە لەدەرەوەی‌ عێراق دێتە ناو خاكی‌ عێراق و زامن كردنی‌ ڕێژەی‌ خوڕی‌ ئاو و دابەش كردنی‌ دادپەروەرانەی‌ ئاو لەناو خاكی‌ عێراقدا بەپێی‌ یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان تەنها تایبەتە بە حكومەتی‌ فیدڕاڵی‌ Exclusive)). وە ماددەی 114 بڕگەی 7 باس لەوە دەكات كە سیاسەتی‌ داڕشتن و ڕێكخستنی‌ ئاو لە ناو خاكی‌ عێراقدا بە هاوبەشی‌ دەبێت لەنێوان حكومەتی‌ فیدڕاڵ هەرێمەكان بەپێی‌ یاسا.

هەتا ئەم ساتە هیچ یاسایەكی‌ سەربەخۆ نییە لەعێراقدا كە بەووردی‌ و فراوانی‌ باسی‌  چۆنیەتی‌ ئەم ڕێكخستنە بكات بە ڵكو كۆمەڵە یاسایەك هاتۆتە كایەوە لەپاش ساڵی‌ 2003 چ لە هەرێم یان چ لە بەغداد كە باس لە دامەزراندنی‌ وەزارەت وفەرمانگەی‌ تایبەت بەڕێكخستنی‌ ئاو دەكات، وەك یاسای‌ ژمارە 9ی‌  ساڵی‌ 2006 هەرێمی‌ كوردستان كە باس لە دامەزراندنی‌ وەزارەتی‌ سامانە ئاوییەكان دەكات وە یاسای ژمارە 50 ساڵی‌ 2008ی‌ حكومەتی‌ فیدڕاڵ كە باس  لە دامەزراندنی‌ وەزارەتی‌ ئاو دەكات لە عێراق. ئەم دوو یاسایە باس لە ڕێكخستنی‌ دوو دامەزراوەكە دەكەن و بە گشتی‌ دەسەڵاتی‌ بەڕێوەبردنی‌ ئاویان پێدەدات. سەرەڕای ئەم دوو یاسایە، چەند یاسایەكی‌ دیكەی‌ لاوەكیمان هەیە لە عێراقدا كە زۆربەیان لەپێش ساڵی‌ 2003 وە دەرچوون كەباس لەپاراستن و رێكخستنی‌ ئاو دەكەن.

كێشەكە لەچیدایە ؟
لەبەر ئەوەی‌ یاسایەكی‌ تایبەت نەهاتۆتە كایەوە بۆ ڕێكخستنی‌ پەیوەندی‌ نێوان هەرێم و بەغداد بە پێی‌ ماددەی‌ 114 لە بڕگەی‌ 7ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ ئەم دۆخەی‌ ئێستا حکومەتی فیدڕاڵ دەبێتە بەرپرسی سەرەکی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران وە دەبێت بە لیستێکی سەربەخۆ جودا لەهەموو لە هەموو لیستەکانی دیکە، وە بەدەر لە ململانێی سیاسی لەگەل هەرێم شایستە داراییەکانیان دابین بکات، هەرچەندە بەپێی ئەوبەلگەنامانەی لەبەردەستمدان پێی ناچێت حکومەتی فێدڕال نکۆڵی لێبکات.  

بۆیە کارێکی یاسایی گونجاوە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەبدات دوكان و دەربەندیخان بە ناوەندی‌ بكرێن (مركزی‌) وە ڕاستەوخۆ ئەركی‌ بەڕیێوەبردن و دابینكردنی‌ شایستە داراییەكانی‌ بەڕیێوەبردنی‌ هەردوو بەنداوەكە ببەسترێتەوە بە بەغداوە هەتا ئەوكاتەی‌ هەردوولا بەپێی یاسایەكی‌ نوێ ئەو كارە ڕێكدەخەن (كە زۆر پێویستە پەلەی‌ تێدابكرێت ). هۆكاری‌ ئەم بەستنەوەیە بە بەغداوە بۆئەوە دەگەڕێنمەوە كە ئەم دوو بەنداوە لەسەر زێی‌ بچوك و ڕووباری سیروان كە لەوڵاتی‌ ئێرانەوە دێتە ناو خاكی‌ عێراقەوە هەتا ئەم ساتە هیچ ڕێكەوتنێكی ئەوتۆی و پابەندی (ملزم) لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا لەسەر ئەم دوو ڕووبارە نێو دەوڵەتییە بۆیە ئەو ئەركە كە لەسەر حكومەتی‌ فیدڕالە بەپێی‌ ماددەی‌ 110 بڕگەی‌ 8. كاتێك كە دوو بەنداوەكە لەگەڵ ڕووبارەكان بەیەك بەستە Package)) ئەژمار بكرێن لەسەر ئەستۆی بەغدا، ئەوا بەغداد موقیفی‌ بەهێزتر دەبێت لە بەرامبەر ئێران چونكە لایەنی‌ سێیەم (حكومەتی‌ هەرێم) بەرپرس نابێت و تەنها ڕۆڵی‌ چاودێرو كاری‌ تەكنیكی‌ خۆی‌ دەگێڕێت، سەرەڕای‌ ئەمەش ئەركی‌ دارایی‌ لەسەر حكومەتی‌ هەرێم كەم دەكاتەوە. 

لەکۆتایدا دەبێت دڵنیاباین لەوەی کە بەنداوەكان پارێزگاری‌ سەرەكی‌ ئاسایشی‌ ئاوی‌ عێراقن وە هیچ كاتێك حكومەتی‌ فیدڕاڵ ئامادەی‌ سازش كردن نیە لەسەر هەردوو بەنداوی‌ دوكان و دەربەندیخان کەوای لێدەکات ئامادەبێت بۆ گرتنە ئەستۆی‌ بەڕێوەبردنی‌ ئەم دوو بەنداوە بە ڕاستەوخۆیی‌. وە لەهەمانکاتدا ناکرێت وەک فشار بەکار بهێنرێن چونکە لەناو جوگرافیای عێڕاقدایە و ماددەی ١١٤ بڕگەی ٧ ی دەستوریش ڕێگەبەوە نادات. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدڕال و هەرێم رێکبکەون بۆ دەربازبوون لەم دۆخە كە فەرمانبەرانی هەردوو بەنداوەکە بخەنە سەر میلاکی بەغدا. ئەگەر نا، دەكرێت ئەم دوو بەنداوە و بەنداوە بچوكەكانی‌ دیكەش وەك دهۆك بكرێن بە پاكەجێكی سەربەخۆ و دەستەیەك بخرێتە سەر ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕال یان لانی کەم هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بەڕاستەوخۆ بەڕێوەببرێن هەتا دەرچوونی یاسایەک.  

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×