پرۆفیسۆر- کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
دانپێدانانی زانکۆکان بریتی نیە لە پێدانی نوسراوێکی فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە. پرۆسەکە نەک هەر یەک جار نیە، نەک هەر ساڵانەش نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی ڕۆژانەیە. لە ڕووی حەقیقیەوە، پڕۆسەی دانپێدانان پرۆسەیەکی زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییە، نەک پرۆسەیەکی سیاسی. ڕۆژانە دەبێت ئەم پرسانە گرنگیان پێ بدرێن، نەک پێشێل بکرێن! اعتیراف شتێک نیە پێت بدرێت، بەڵکو پرۆسەیەکە ڕۆژانە بەدەستی دێنیت! واتا ناپارێیتەوە لە بەرامبەرەکەت، بەڵکو بە ئیشکردن ناچاری دەکەیت دانت پێدا بنێت!
کاتێک ئەم پرۆسەی دانپێدانانە بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی دەبرێت، واتای خۆدزینەوەیە لە کایە زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییەکانی ناو خودی زانکۆ، نەک دەرەوەی زانکۆ. ئەوەی کە ئێستا هەیە تەنها دانپێدا-نە-نانی سیاسی نیە، بەڵکو ئەوەی لە داهاتوودا وەردەگیرێت، دانپێدا-نانی سیاسی دەبێت. چۆن؟!
پرۆسەی زانستی: کاتێک زانکۆیەک کەشێکی زانستی لەبار نەخولقێنێت بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندکارانی، واتای ئەوەیە کە خودی زانکۆکە خۆی دان بە گرنگی زانستی زانکۆکەدا نانێت! ئیتر بۆچی لۆمەی دانپێدا-نە-نانی عێراق بکرێت؟!
پرۆسەی ئەکادیمی: کاتێک زانکۆیەک پڕ بێت لە کەسانێک لە سەر بنەمای نا ئەکادیمی کار بکەن، چۆن دانپێدانانەکەی نابێت بە سیاسی؟!
هەندێک کەسایەتی هەیە ئەگەر دەرچووی زانکۆکانی ئەوروپاش بێت، هەر نابێت بە ئەکادیمی. نابێت کەسێک هەموو ژیانی لە کاتی گەنجێتی و خوێندنی بەکالۆریۆس بە ئیهمالی و تەمەڵی بردبێتە سەر و بە پەنجا و خولی دووەم دەرچوو بێت، ئەم کەسە ڕێنمایی بۆ دەربکرێت یان دبلۆمێک بخوێنێت و ببێتە ستافی ئەکادیمی. ئەمە بە یاسا ڕێکخراوە. لە قانونی خزمەتی زانکۆیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەوەی دەبێتە ئەکادیمی دەبێت لە گشت قۆناغەکانی خوێندنی نموونەیی بێت.
پرۆسەی دامەزراوەیی: کاتێک زانکۆیەک پڕ بێت لە کاری کەسێتی و پەیوەندی نادامەزراوەیی، کاتێک زانکۆ بە هێزی کارۆموگناتیسی تەلەفۆن دەبرێتە ڕێوە، کاتێک زانکۆ بە شێوەی هەرەمی (هایرارکی) شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو هۆبەکان و دەست دەخاتە ناو کاروباری تۆماری کۆلێج و گواستنەوە و ئامادەبوونی خوێندکاران، ئەم زانکۆ بە چی حەقێک داوای دان-پێ-دا-نان دەکات؟!
پرۆسەی یاسایی: کاتێک زانکۆیەک، پێشێلی ڕێنمایی و یاساكانی خوێندنی باڵای عێراق و کوردستان و پەرلەمانی خۆی دەکات، ئەمە واتای ئەوە نیە کە خۆی اعتیراف بە خۆی ناکات؟! کاتێک زانکۆیەک دەرماڵەی مامۆستایانی لەدەرەوەی یاسا و ڕێنمایی دەبرێت، کاتێک بەشی یاسایی و تۆماری گشتی زانكۆیەک تەداخولی فەسڵکردنی خوێندکاری سەرپێچیکار دەکات، ئەمە چۆن چۆن دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و چۆن چۆنی اعتیرافی پێ بکرێت کە ئەمە دامەزراوەیە؟!
داهاتووی دانپێدانان:
کەواتە کاتێک زانکۆیەک پرۆسە زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییەکانی ناو زانکۆکە خۆی پێشێل دەکات، بەڵام لە لایەن خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانان وەردەگرێت، ئەمە دانپێدانانێکی سیاسی دەبێت، نەک دانپێدانانی زانستی. دانپێدانانی زانستی ئەوەیە کە ڕۆژانە لە ناو هەناوی زانکۆکە خۆیەوە هەڵدەقوڵێت.
سەردانی مەیدانی و اعتیراف:
پرۆسەی اعتیراف بە سەردانی مەیدانی و تەشریفاتی و پەیوەندی نادامەزراوەیی لەگەڵ ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ بەدەست نایەت. بە پێچەوانەوە، کارگێڕیی زانکۆ لەسەرووی هەرەمەوە تا خواری هەرەمەکە، دەبێت هەر کەس سنوری خۆی بزانێت، هەر کەس ئیشی خۆی بکات. نەک هەر نابێت بڕواتە دەرەوەی زانکۆ، بەڵکو بە بڕوای من دەبێت خۆی لە ناو ژوورەکەی قەتیس بکات و دەست بگرێت بە یاسا و ڕێنماییەوە. ئەوەندە ئیش و کار بکات، تا نەک عێراق، بەڵکو جیهان اعتیرافی پێ بکات! هیچ زانکۆیەکی جیهانی نیە سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرەکەی ژووری خۆی بە جێ بهێڵێت و بڕوات بۆ سەردانی مەیدانی و تەشریفاتی. بڕۆن سەیری وێبسایتی زانکۆکانی جیهان بکەن، بزانە کەس هەر دەزانێت کێ سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرە؟! کاری ئەکادیمی چی پەیوەندی بە سەردانەوە هەیە؟! سوێند بەخوا، نزیکەی پێنج ساڵ لە زانکۆی نیوکاسڵ، ئێستاش نەمزانی سەرۆکی زانکۆکە ناوی چیە! تا شەش مانگ وامزانی ڕاگرەکەمان کارگوزارە!
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی: دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی پرۆسەیەکی زۆر جیاوازە، بە شێوەیەک ئەگەر هەموو زانکۆکە دانپێدانان بە دەست بهێنێت، هی کۆلێجی پزیشکی جیاوازە. دەکرێت زانکۆ اعتیرافی نەبێت، بەڵام کۆلێجی پزیشکی هەیبێت. دەکرێت زانکۆ اعتیرافی هەبێت، بەڵام کۆلێجی پزیشکی نەیبێت.
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق (NCAMC) ەوە دەبێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نەک وەزارەتی خوێندنی باڵا. ئەم ئەنجومەنە پێوەری خۆی هەیە بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکان کە پەیوەستە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە. پێوەرەکانیش بریتین لە دیدگای کۆلێج، پرۆگرامی خوێندن، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان، ستاف، خوێندکار، دارایی، کارگێڕیی، و سەرچاوەی فێرکردن.