تای خوێنبەربوون 

د. شێرکۆ سوبحان
  2025-04-25     441

دکتۆر لە بەرگری لەش دژی میکرۆبەکان

پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

کوردستان یەکێکە لەو هەرێمانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کۆنترین شوێنە بۆ ماڵیکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵ. ئەمەش لە پاش ئەوەی کە نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ زیاتر پێش زایین، مرۆڤ لە قۆناغی کۆکەرەوەی پاشماوەی ڕاوکردنەوە (Hunter gathers)، پێی نایە ناو قۆناغێکی سەرەتایی بەرەو شارستانی بوون. بە پێی بەڵگە شوێنەوارییەکان، بۆ یەکەم جار ژیانی بە کۆمەڵ و دروستکردنی گوند و نشینگە لە کوردستان سەریهەڵداوە. 

 

نەخۆشە مرۆژەڵییەکان (Zoonotic Diseases)  نزیکەی ٢٠٠ نەخۆشی دەبن کە لە گیانەوەرانی ترەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ کە دیارترینیان ئەنفلەوەنزای باڵندە و تای خوێنبەربوونە. ئەم نەخۆشیانە پێوستە لە هەموو وڵاتێکدا بەردەوام توێژینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت بۆ ڕێگە گرتن لێی. ئەمەش پێوستی بە هەماهەنگی هەیە لە نێوان وەزارەتەکانی پەیوەندیدار و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. 

 

تای خوێنبەربوون یەکێکە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسانەی کە ئەگەری هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی هەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، من لێرەدا باسی خودی ڤایرۆسەکە ناکەم، تەنها باسی لایەنەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەکەم.من باسی ئەوە ناکەم ڕێژەی مردن و تووشبوون چۆنە و چۆن بەهۆی گەنە و گۆشتەوە بڵاو دەبێتەوە! 

هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نەبوونی سیستەمێکی مۆدێرن و تۆکمەی تەندروستیی و ڤێتێرنەرییە. زیادەڕەوی من نیە ئەگەر بڵێین ئێستا بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە ١٠ هەزار پێش زایین هەڵسوکەوت دەکرێت. ئێستاش ئاژەڵان لە ناو ماڵدا لەبەر چاوی مناڵ سەردەبڕێت و ماڵ و مناڵ دەستیان دەچێتە ناو خوێنی ئاژەڵەکە. خۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زاینیش هەروا بووە! 

 

 حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەنیازە بە دەرکردنی ڕێنمایی ئەمە چارەسەر بکات. خۆی لە ڕاستیدا ئەمە پێویستی بە یاسا هەیە لە پەرلەمانەوە، کە لە وڵاتی مۆدێرندا دەبێت تەنها کەسانی ڕێگە پێدراو لە قەسابخانە و سەربڕگەی پەلەوەر ڕێگەیان پێ بدرێت ئاژەڵ و پەلەور سەر ببڕن. لە هەمووی خراپتر پشتگوێخستن و پێنەزانینی کارەکانی پزیشکی ڤێتێرنەرییە. هیچ کەسێک نیە ڕۆژانە بەرهەمی تەندروستانەی ژێر دەستی پزیشکی ڤێتێرنەری نەخوات، هەر لە پشکنینی گۆشتەوە لە قەسابخانەکان تا دەگاتە هەڵمەتی کوتان دژی میکرۆبەکان و کەسیش ئامادە نیە بە یەک ووشەش باسیان بکات. ئەگەر پزیشکیی ڤێتێرنەری نەبێت ڕەنگە بڵێم جیهان لە برسان بمرن. کاتێک نەخۆشیەک لە ناو پەلەوەران یان ئاژەڵان بڵاو دەبێتەوە، بە هەزارانی لێ دەمرن و زیانی ئابووری و تەندروستی دەبێت، ئینجا گرنکی ڤێتێرنەری دەردەکەوێت. وەزارەتی تەندروستیش دەیەوێت بە ڕێنمایی ڕێ لە تای خوێنبەربوون بگرێت!! 

 

بۆیە پێویستە لە پەرلەمان جەخت لەسەر ئەو  یاسایانە بکرێتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی مەیدانی ئاژاڵان، قەسابخانە و سەربڕگەی پەلەوەر و مریشک فرۆش و قەسابخانەی لاکۆڵان و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و پەلەوەر لە شار و شارەدێ و گوندەکان. لە هەمووی گرنگتر، پێویستە لیژنەکانی گشت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، وەک وەزارەتی تەندروستی و شارەوانی و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و پەروەردە، پزیشکی ڤێتێرنەری تێدا بێت. واتا پزیشکی ڤێتێرنەری تەنها لە ناو وەزارەتی کشتوکاڵدا قەتیس نەکرێت، ئەگینا هەر نەخۆشیەک کە مرۆژەڵی بێت، ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەر بڵاودەبێتەوە لە وڵاتێکی وا دا کە کەس توانای بڕیاڕدانی جەریئاتەی نیە، ئەمەش ڕەنگە بە هۆکاری کولتوری یان ئایینی یان هۆزگەرایی یان پۆپۆلیستی بێت!  

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×