ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
خزمەت لە بەشی بایۆلۆجی کۆلێجی پەروەردە زانکۆی گەرمیان:
ساڵی ٢٠١٦ کە هاتینەوە لە بریتانیا لە خوێندنی دكتۆرا، زانکۆی گەرمیان سەرەڕای ئەوەی زۆر پێشکەوتوو نەبوو لەڕووی زانستییەوە، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە زۆر ڕێکخراو تر بوو لە ئێستا. ئەوکات پرۆفیسۆر (د.فاروق عبداللە) سەرۆکی زانکۆ بوو، بۆچی حەزیان لەویش نەبوو؟! لەبەرئەوەی پابەند بوو بە یاسا و ڕێنماییەکانەوە، بە پێوەر کاری دەکرد، ڕێگەی بە کەسانی لێهاتوو دەدا کە کار بکەن، نەک هەوڵی ساردکردنەوەیان بدات!
لەو ساڵەدا لەگەڵ هاوڕێیانم، چەند پرۆژەیەکی ستراتیجیمان دەست پێ کرد:
یەکەم: دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی گەرمیان. لە پاش وازهێنانی ئێمە لە سەنتەرەکە، تا ساتی نوسینی ئەم بابەتە، هیچی زیاتری تێدا ئەنجام نەدراوە.
دووەم: بوژانەوەی تاقیگەی توێژینەوەی بەشی بایۆلۆجی کۆلێجی پەروەردە. ئەم تاقیگە تەپ و تۆز داپۆشیبوو. ئامێرەکان خەریک بوون دەست بە گریان بکەن. بەڵام ئێمە وامان لێکرد کە گەشتە ئاستی نێوەدەوڵەتی. هەر بۆیە
لەسەر نەخۆشی زامی بەغدادی کە لە ناو پێشمەرگەکانی سەنگەری دژی داعش بڵاوبوو و دواتر لە شاری کەلار و کفری بڵاوبوویەوە. بە هاوکاری د.دلێر ڕەزا (پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست)، یەکەم توێژینەوەی نێوەدەوڵەتیمان لە گۆڤارێکی ئاست بەرزی ئەمریکی بڵاوکردەوە. دواتر توانیمان بە دوو توێژینەوەی جیهانی تر، هەمان جیناتی ئەو میکرۆبەی کە لە مرۆڤ دەستنیشانمان کرد، لە سەگ و لە ناو مێشولە بدۆزینەوە. بەڕاستی ئەو کاتە کەس نەیدەزانی توێژینەوەی ئیمپاکت فاکتەر چیە!
سێیەم: بەئەنجام گەیاندنی توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی کە بڕی ٦٠٫٠٠٠ دۆلار (٦ دەفتەر) پارەمان بۆ زانکۆ پەیدا کرد، بەشداریمان بە ٣٠ مامۆستای زانکۆ کرد لەو توێژینەوە مەیدانیەدا. لەو کاتەدا مووچە بە تەواوەتی بڕابوو! مامۆستای بەشەکانی تر خەریکی بایکۆت و خۆپیشاندان بوون، ئێمەش سەرەڕای نەبوونی مووچە، هەم خەریکی پارە پەیدا کردن بووین بۆ زانکۆ، هەم خەریکی توێژینەوەی زانستی بووین.
چوارەم: دامەزراندنی گۆڤاری پاسار: دوای شەش یاڵ خزمەت، لەبەر ڕێنمایی وەزارەت، لە دەستەی نووسەران بەخشراین. پاش وازهێنانی ئێمە، ئێستا ئەم گۆڤارە مەترسی هەیە بەرەو دواوە بڕوات، لەبەر هەندێک هۆکار کە ئێرە جێگەی باسکردن نیە.
خزمەت لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان:
پاشان لەسەردەمی سەرۆک زانکۆیەکی تر، کۆلێجی پزیشکی لە ساڵی ٢٠١٨ کرایەوە، بە ڕێکەوت د.سیروان محمدامین کرا بە ڕاگر (ئێرە جێگای باسکردنی زیاتری نیە)! منیش بە تەکلیفی خوالێخۆشبوو خاڵۆم (عبداللە محمد سلێمان) ڕازی بووم ببم بە یاریدەدەری ڕاگر. لە دوو ژووری تەپوتۆزاوییەوە، دواتر لە چەند هۆڵێک، بە هاوکاری هەندێک پزیشک و مامۆستا، توانیمان لەماوەی دوو ساڵدا بناغەی زانستی بنچینەیی بۆ کۆلێجەکە دابنێین. لێرەشدا چەند پرۆژەیەکی ستراتیجیمان دەست پێکرد:
یەکەم: پرۆژەی جێبەجێ کردنی پرۆگرامی خوێندنی پزیشکی تێکهەڵکێش (ئینتیگرەیشن) کە لە زانکۆی کوفە و دهۆک لە کۆنفرانسێک وەرمانگرت، کە ئەمانیش لە زانکۆی لیستەری بریتانیا وەریان گرتبوو.
دووەم: دامەزراندنی تاقیگەی توێکاری کە پێک دێت لە ئامێری ئەنەتۆماج و پلاستیک مۆدیوڵ، کە هەرچی توێکاری مرۆڤ بە شێوەیەکی مۆدۆدێرن لەم ئامێرە دیجیتاڵیەدا هەیە. ئەمانە بناغەیەکی زۆر باش بوون بۆ جێبەجێکردنی فێرکردنی پزیشکی.
سێیەم: ڕێکخستنی هۆڵی خوێندن بە دابینکردنی سمارت بۆرد و گروپ ۆرکینگ، کە خوێندکاران بە جوانترین شێوە وانەی زانستە بنچینەییەکان فێر دەکران.
چوارەم: هۆڵی کتێبخانە و کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت، کە تێیدا کتێبە گرنگەکانی پزیشکی تێدا دەستە بەربوون.
پێنجەم: جێبەجێکردنی گوگڵ کڵاسڕووم بۆ وانە وتنەوە بۆ یەکەم جار، دواتر لە سەردەمی کۆرۆنا بووبە هۆی ئەوەی کە نەمانهێشت خوێندن پەکی بکەوێت.
پاشان سەرۆکی زانکۆیەکی تر هات، لەگەڵیشا کۆرۆناش هات! بە بیانووی کۆرۆنا بۆ ماوەی شەش مانگ هیچ نەکرا بۆ کۆلێج. دەستمان لەکارکێشایەوە. خۆمان تەرخان كرد بۆ توێژینەوە لەسەر کۆرۆنا.
شەشەم: دامەزراندنی تاقیگەی کۆرۆنا: لە ماوەی ٢١ ڕۆژدا لە ١-٣-٢٠٢٠ تا نەورۆزی ٢٠٢٠ تاقیگەی کۆرۆنامان دامەزراند، ئەمەش بە خستنەکاری ئامێرە لە تۆزنیشتووەکانی بەشی بایۆلۆجی و کیمیا. یەکەم پشکنینی کۆرۆنا لەکەلار ئێمە ئەنجامماندا. زۆر شت ڕوویدا ئێرە جێگەی باس نیە. شێخ حەسەن تاڵەبانی و کۆمپانیای دیوان ڕێکخراوی هاوکار ئەڵمانی هاوکار بوون. نزیکەی ١٠ توێژینەوەمان لەسەر جیناتی قایرۆسەکە و جیناتی مرۆڤ ئەنجام دا. ئێستا ئەم تاقیگەیە سەر بە کۆلێجی پزیشکیە.
حەوتەم: دامەزراندنی تاقیگەی پزیشکی: ئەم پرۆژەیە لەبەر قەیرانی دارایی دواکەوت، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بە ئەنجام گەشت. لەم تاقیگەدا، پێشکەوتوو ترین ئامێری تاقیگەیی تێدایە کە دەتوانێت هەموو میکرۆبێک دەست نیشان بکات. ستراتیجی ئەم تاقیگەیە لەوەدایە کە بۆ دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی گرنگە.
هەشتەم: لیستکردنی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە رێکخراوە جیهانیەکان. ساڵی ٢٠٢٣ سەختترین ساڵ بوو بۆ کۆلێجی پزیشکی کە نزیک بوو لە ڕووخان. بەڵام ئێمە هەوڵماندا تاوەکو ناوی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە (World Directory of Medical Schools) و (General Medical Council) لیست کرا.
نۆیەم: پرۆسەی دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان. ئەم پرۆسەیە پەیوەندی نیە بە دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان، بەڵکو کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق (NCAMC ) ەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا دەستمان داوەتێ، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و زانستییە کە پشوودرێژی دەوێت، هیوادارین بگاتە ئەنجام.
لەو پرۆژانەدا، سەرەڕای کەسانی ماندوو نەناس لە مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەر، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری هاوکاری مادی پرۆژەکانیان گرتۆتە ئەستۆ. هەروەها حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە پارەی پیترۆدۆلار پارەیەکی زۆریان خەرج کرد بۆ کڕینی ئامێر و پێداویستییەکان.
بۆچی حەزیان لێمان نیە؟ لەبەرئەوەی ئەو پرۆژانەی ئێمە لە زانکۆی گەرمیان گەیاندوومانن بە ئەنجام، هەرگیز ئەوان ناتوانن لێشی نزیک ببنەوە. لەبەرئەوە پرۆژەی ستراتیجی شەونخونی و ماندوونەناسی و کۆڵنەدانی دەوێت، بە بێ ئەوەی بەرژەوەندی کەسێتی تێدا بێت. ئەوان گرنگی بە فۆرم و شێوە دەدەن، ئێمە گرنگی بە ناوەڕۆک دەدەین. ئەوان گرنگی بە وێنە و دەرکەوتن و کۆبوونەوەی تەشریفاتی دەدەن، ئێمە گرنگی بە پرۆژەی ستراتیجی دەدەین. ئەوان گرنگی بە ۆرکشۆپی نێوەدەوڵەتی و کۆنفرانس دەدەن کە هیچ ڕاسپاردەیەکی تێدا نابێت کە بگات بە ئەنجامێک، بەڵکو لە کۆتاییدا هەموویان سەدان وێنە دەگرن و لە ناو هۆڵەکە هەمووی تەماشای یەک دەکات و کەسیشان نازانن بۆچی سەیری یەکدی دەکەن! بەڵام ئێمە گرنگی بە توێژینەوەی زانستی دەدەین. لەبەرئەوە تەنها پرۆژەی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی دەمێنێتەوە و ئاستی زانکۆ بەرزدەکاتەوە. تەنها بە پرۆژی ستراتیجی پرۆسەی دانپێدانان (اعتراف) بەدەست دێت، نەک بە پاڕانەوە لە حکومەتی فیدراڵ! بڕواپێهێنان بە کۆلێجی پزیشکی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بە کارکردنی بێوچان بەدەست دێت، نەک بە ڕاگەیاندنی پشوو و دەوام نەکردن بۆ ماوەی مانگێک! پرۆسەی دانپێدانان پرۆسەیەکی بەردەوامە، ئەگەر بەدەستیشی بهێنیت، بەڵام هەرکاتێک لە پرۆسەکە بەردەوام نەبیت، ئەوا لێت دەسێنرێتەوە. دانپێنان بە پیادەکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەبێت، کە پێویستە ستافی کارگێڕیی و مامۆستا و خوێندکار پابەند بن پێوەی. لە کوێی دنیادا هەبووە بۆ مانگێک خوێندکار دەوام نەکات و یەک ڕاگر و سەرۆک زانکۆیەک هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت؟! بەکورتی بوونی ئێمە ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەر بۆیە حەزیان لێمان نیە!
ئێمە لە بەرامبەر خودا و یاسا بەرپرسیارین، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە جێی دەهێڵم بۆ ئەم دوانە!