ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٨ (١) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دانراوە و چەندین جار هەموار کراوەتەوە. ئەم یاسایە زۆر بە ڕوونی ئەرک و ئامانجی وەزیر و ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و ئەنجومەنی کۆلێج و مامۆستا و فەرمانبەری تێدایە. ئامانج و هێڵە گشتییەکانی بەرێوەبردن و بەرەوپێشچوونی کایەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێدایە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ساڵانە لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێنمایی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی کاروباری زانستی و کارگێڕیی زانکۆکان دەرکراوە. ئەم ڕێنماییانە لە زۆر شوێندا کاریگەری ئیجابی هەبووە، بەڵام لە هەندێک بواردا لە ئامانج و هێڵە گشتییەکانی یاساکە لایداوە، یاخود لەگەڵ سەردەمی نوێدا ناگونجێت.
بۆ نموونە، ڕێنمایی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٦ (٢)، ئەم ڕێنماییە لەگەڵ سەردەمدا ناگونجێت، لەبەرئەوەی لە ڕێنماییەکەدا هاتووە کە پێویستە مامۆستا توێژینەوەی (بەتاک وتەنها) ئەنجام بدات و زۆر تەکید کراوەتەوە سەر پسپۆری گشتی و پسپۆری ورد، کە بەڕاستی ئەمە لەگەڵ سەردەمی نوێدا ناگونجێت کە زانست لەقاڵب بدرێت. خۆی لەڕاستیدا ئەم خاڵانە بۆ ئەوە دانراوە، کە ڕێگە لە کەسانی فێڵباز بگیردرێت، کە کەسانی تر توێژینەوە لە جیاتیان ئەنجام نەدەن، بەڵام لەئێستادا توێژینەوە خۆی لە قەیرانێکی گەورەدایە، کێشەکە تەنها لە ئەنجامدانی توێژینەوەی تاک نیە، بەڵکو کێشەکە لە پلان و ستراتیجی زانکۆکانە بۆ توێژینەوە. کێشەی تر هەن وەک لە ڕابردوودا لە گۆڤاری ئاوێنە باس کراون ( بڕوانە لیستی سەرچاوەکان ٣، ٤، ٥).
نمونەی تر، ڕێنماییەکانی کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) ژمارە (٣) ی ساڵی (٢٠٢٢) یەکێکی ترە لەو ڕێنماییانەی کە لەگەڵ سەردەمدا ناگونجێت (٦)، چونکە لە دنیادا وردکردنەوەی پسپۆری بۆ پسپۆری زۆر زۆر ورد باوی نەماوە، لەبەرئەوەی لە توێژینەوەی زانستیدا شتێک نیە بە ناوی پسپۆری گشتی و پسپۆریی وردەوە، بەڵکو توێژینەوەی زانستی پێویستە وەک کایەیەکی لێکچنراو بێت، ئەمە مانای ئەوە نیە کە پسپۆری ورد گرنگ نیە، نەخێر، مەبەستەکە ئەوەیە لە خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستیدا، زانست نابێت بە ڕێنمایی ئابڵوقە بدرێت وای لێ بکرێت ڕێگر بێت لە داهێنان و نوێگەریی (Novelty). هەربۆیە لەکاتی کردنەوەی خوێندنی باڵادا، ناکرێت کۆمەڵێک ڕێنمایی دەربکرێت کە وا لە هەندێک بەش بکات نەتوانن خوێندن باڵا بکەنەوە، بەتایبەت لەو بەشانەی کە پسپۆری هاوبەشیان تێدایە، بۆ نموونە کۆلێجی پزیشکییەکان و بایۆلۆجی و کیمیا. بە پێچەوانەوە، پێویستە ئەم پسپۆرییانە هاوبەشی و هەماهەنگی لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەدا بکەن. تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، کەسێک خوێندنی بەکالۆریۆسی پسۆرییەکی ترە، وە خوێندنی دکتۆراکەی پسپۆرییەکی ترە، بۆ نموونە ئەریک لاندەر (٧) کە پرۆفیسۆێکی بواری جیناتە، بەکالۆریۆسەکەی ماتماتیکە، پێشەنگی ئەنجامدانی ڕیزبەندیکردنی گشت جیناتی مرۆڤە، خاوەنی زۆرترین سایتەشنە لە جیهاندا، جۆ بایدن وەک ڕاوێژکاری زانستی هەڵیبژارد. پسپۆری لە ئەمریکا لە بواری توێژینەوەدا یەکجار وا لەقاڵب نەدرێت، بەڵام لە کوردستان، بەتایبەتی لە زانکۆی گەرمیان، مامۆستایەک لەبواری ڤایرۆسی کۆرۆنا توێژینەوەی ئەنجامداوە، پێی دەڵێن دەبێت لیژنەیەک پێک بهێنرێت لە زانکۆییەکی تر، بۆ ئەوەی بزانین پسپۆڕی توێژینەوەیەکەت پزیشکیە؟! مناڵێک دەزانێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا پسپۆریی پزیشکی و بایۆلۆجییە، ئیتر بۆچی ڕێنماییەک وا بکات کە سێ مانگ بەرزکردنەوەی پلەی زانستی مامۆستا دوا بکەوێت؟! ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا بڕیار وایە زانکۆکانی کوردستان لە سەرڕێچکەی بۆلۆنیا پرۆسێس بڕۆن!!
خاڵێکی تر سەبارەت بە کردنەوەی خوێندنی باڵا لە کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیان، تا ئێستا بە بیانوی جۆراو جۆر و بەکارھێنانی ڕێنماییەکان دژی کردنەوەی خوێندنی باڵا، ڕێگە بە کردنەوەی دکتۆرا نەدراوە بکرێتەوە، بە تایبەتی لە کۆلێجی پەروەردە، بەشی بایۆلۆجی. کەچی لە بەش و کۆلێج و زانکۆکانی کوردستان، ڕێنماییەکان لە لایەن ئەنجومەنی زانکۆوە ئاسانکاری کراوە بۆ بواری خوێندنی باڵا. واتا ئێستا کێشەی بەکارھێنانی ڕێنماییەکان دژی کایەی زانستی، زیاتر شۆڕ بۆتەوە بۆ ڕاگرایەتی و ئەنجومەنی کۆلێج و بەشەکانی ناو زانکۆی گەرمیان.
نمونەی تر، لە یاسای خوێندنی باڵادا (مادەی ٢٥ ی ژمارە (١٠)!ی ساڵی (٢٠٠٨) هاتووە موعیدی زانکۆ، پێویستە لە خوێندنی بەکالۆریۆس ئاستی باش (٧٠٪) ی هەبێت یان لە یەکەمەکانی دەرچوانی بەشەکەی بێت. بەڵام رێنماییەکان وایانکردووە کە زانکۆ پڕبێت لەکادیری لێنەهاتوو، لەبەرئەوە لێشاوێکی زۆر فەرمانبەری ئاستی خوار باش (نمرەی خوار ٧٠ یان لە چارەکی یەکەمی دەرچوان نەبێت) بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس هاتنە ناو زانکۆکان. لە سەر حیسابی زانکۆکان ماستەر و دکتۆرایان تەواو کرد. کێشەکە تەنها لەو پەستانە نیە کە خستیانە سەر زانکۆکان، بەڵکو ئەوانەی لە بەکالۆریۆس ئاستی باشیان نەبووە، هەتا هەتایە پێوەیان دیارە، لەبەرئەوە قۆناغی بەکالۆریۆس گرنگترین قۆناغی بنچینەیی بنیاتنانی زانست و مەعریفەی خوێندکارە لە زانکۆدا. وەک چۆن دیواری بینایەک ئەگەر بنەڕەتەکەی تۆکمە نەبێت، چەندێک لەسەرەوەی بیناکە جوان و بریقەدار بێت، ئەو بینایە هەر ڕۆژێک دێت دەڕوخێت. بەهەمان شێوەش ئەگەر کەسێک لە قۆناغی بەکالۆریۆس ئاستی باش نەبێت، کۆمەڵێک زانیاری و مەعریفە هەیە هەتا ژیانی تێدا بێت، ناتوانێت بیخوێنێتەوە و فێری بێت. دواتریش کە ماستەر دکتۆرا بەدەست دێنێت، ناتوانێت بە جوانی وانە بە خوێندکاری بەکالۆریۆس بڵێتەوە، چونکە لەبنەڕەتدا خۆی لە قۆناغی بەکالۆریۆس باش نەبووە.
لە دەرەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت کە رێنماییەکانی وەزارەت پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت لەو خاڵانەی کە پێویستە پێچەوانەی یاسای خوێندنی باڵا نەبن، هەروەها لە خاڵانەش کە لەگەڵ سەردەمدا ناگونجێن. بۆیە پێشنیار ئەوەیە کە پێش دەرکردنی ڕێنمایی، پێویستە وەزارەت توێژینەوەی ڕاپرسی ئەنجام بدات لە ناو زانکۆکان بۆ هەمواری ڕێنماییەکان، ئەگینا ڕێنماییەکان ڕێگر دەبن لە داهێنان و نوێگەری، لەبەرئەوەی ڕاستە پسپۆری ورد گرنکە، بەڵام هاوبەشی و چنراوی لە نێوان پسپۆرییەکاندا لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا جێگەی بکرێتەوە، تاوەکو لەگەڵ زانستی سەردەمدا بگونجێت.
سەرچاوەکان:
١- یاسای خوێندنی باڵا ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٨:
https://archive.gov.krd/mohe/mhe-krg.org/ku/node/3324.html
٢- رێنمایی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٦
https://govkrd.b-cdn.net/Ministries/Ministry%20of%20Higher%20Education%20and%20Scientific%20Research/Kurdish/%D8%A8%DA%B5%D8%A7%D9%88%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/%D8%B1%DB%8E%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/%DA%95%DB%8E%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%D9%89%20%D8%B3%D8%A7%DA%B5%D9%89%20(2016)/%D9%A1-%20%D9%87%DB%95%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%D9%89%20%DA%95%DB%8E%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%D9%89%20%D9%BE%D9%84%DB%95%20%D8%A8%DB%95%D8%B1%D8%B2%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%D9%89%20%D9%86%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%88%D9%89%20%D8%B2%D8%A7%D9%86%D8%B3%D8%AA%D9%89%20.pdf
٣- کێشەی توێژینەوە لە زانکۆکانی کوردستان
https://www.awene.com/article?no=21094&auther=1512
٤- قەیرانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان
https://www.awene.com/article?no=20928&auther=1512
٥- پلانی ستراتیجی زانکۆی گەرمیان
https://www.awene.com/article?no=21039&auther=1512
٦ـ ڕێنمایی کردنەوەی خوێندنی باڵا ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٢٢
https://gov.krd/mohe/publications/%DA%95%DB%8E%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/
٧- پرۆفایلی ئەریک لاندەر.
https://www.broadinstitute.org/bios/eric-s-lander