بڕواپێهێنان (Accreditation) کۆلێجە پزیشکیەکان

د. شێرکۆ سوبحان
  2024-05-31     263

مێژووی بڕواپێهێنان:

زیاتر لە ٣٠ کۆلێجی پزیشکی لە عێراقدا هەن. یەکەم کۆلێجی پزیشکی لە ساڵی ١٩٢٧ بە پێی پێوەری بریتانی دامەزرا. ساڵانی هەشتاکان بۆردی عێراقی دامەزرا. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاکە پێوەر و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بوو بۆ کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٧ بیرۆکەی بڕواپێهێنان(Accreditation) لە کۆنفرانسی ڕاگری کۆلێجە پزیشکیەکانی وڵاتانی عەرەبی گەڵاڵە بوو. لە ڕۆژی (١٧-٧-٢٠٠٨) بە ژمارە نوسراوی  ژمارە (١٥٧٨٦) ی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، لیژنەی بڕواپێهێنانی نیشتیمانی بۆ کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق ( National Accreditation Committee of Medical Colleges in Iraq  (NACMCI)) پێک هێنرا. چالاکییەکانیان هەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بوو، کە بریتی بوو لە ئەنجامدانی ۆرکشۆپەک و کۆنفرانس لەگەڵ وڵاتانی نزیکی کەنداو. تا لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان کرد بە سەردانیکردنی کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق بەمەبەستی بڕواپێهێنانیان. لەلایەن وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی فیدراڵ ،لە ڕۆژی (٢٢-٤-٢٠١٥) بە ژمارە (١٤٥٦)، ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکیەکان ( National Council for the Accreditation of Medical Colleges (NCAMC)) پێکهێنرا، وەک درێژکراوەی ( NACMCI).

 

ڕێکخراوە جیهانیەکان و بڕواپێهێنان:

فیدراسیۆنی جیهانیی بۆ فێرکردنی پزیشکی (World Federation for Medical Education (WFME)) کە ڕێکخراوێکی جیهانیە بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکیەکانی جیهان بەگوێرەی پێوەرە جیھانییەکان. ئەم ڕێکخراوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و ڕێکخراوە جیهانیەکانی تری وەک ( FAIMER) و (WDOMS) کۆمەڵێک پێوەریان داناوە کە بتوانن هەڵسەنگاندن بۆ کۆلێجە پزیشکیەکانی جیهان بکەن.

 

ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق (NCAMC):

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە جیهانیانە لە عێراقدا ڕێگەیان داوە بە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق (NCAMC) پرۆسەی بڕواپێهێنان بۆ کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق بکەن. ئەم ئەنجومەنەش بڕیارەکانی سەربەخۆن و تەنانەت وەزارەتی خویندنی باڵای عێراقیش ناتوانن دەست بخەنە ناو کار و چالاکییەکانی، چونکە ئەم ئەنجومەنە:

١- پێوەرەکانی (WFME) پیادە دەکات بۆ بەدەستهێنانی بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق. ئەم پێوارانەش لە دە بوار پێک دێت، بە جۆرێک پێوەرەکان زۆر زۆر پێکەوە گرێدراو و چنراون کە ئەستەمە کەس بتوانێت دەست بخاتە ناویەوە یان لایەنگیریی بکات لە پرۆسەکەدا. 

٢-سەرەڕای هەموو شت پێویستە کۆی پرۆسەکە بەشێوەی دۆکیومێنت بێت. واتا هەموو شتێک لەو دە بوارەی کە لە خوارەوە باس دەکرێت، پێویستە لەلایەن وەزارەت و زانکۆ و کۆلێج و دەزگا تەندروستییەکانەوە دۆکیومێنت بکرێت. 

٣- وە هەروەها ئەنجومەنەکە بە شێوەی سەردانی مەیدانی بۆ ناو کۆلێجەکان، هەڵسەنگاندن بۆ بوارەکان و پێوەرەکان دەکەن. 

٤- خاڵێکی دیکەش کە کەس ناتوانێت دەست بخاتە ناو کاروباری ئەم ئەنجومەنەوە ئەوەیە کە پەیڕەویی ناوخۆیی خۆی هەیە. 

٥- هەموان ( وەزارەت و زانکۆ و کۆلێج و مامۆستا و خوێندكار و سەندیکا و پەرلەمان و ڕێکخراوی مەدەنی) بەشدار دەبن لە دۆکیومێنتکردنی پرۆسەی بڕواپێهێنان. 

 

 

بوارەکان (Area) ی بڕواپێهێنانی کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق:

١- دیدگا (Missions): ئەم خاڵە پێویستە هەموان بەشداری تێدا بکەن و لەگەڵ نۆ بوارەکەی تر و پێداویستیە تەندروستیەکان و سەرچاوەکانی فێرکردن یەک بگرێتەوە. بۆ نموونە نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی پزیشکی و پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج و مامۆستای تەواو نەبێت، ناکرێت ئەم بوارە پیادە بکرێت. 

٢- پرۆگرامی خوێندن (Curriculum): پێویستە زانستی پزیشکیی بایۆلۆجی بنچینەیی (Basic Biomedical science) و زانستی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوت (Social and behavioural sciencs) و زانستی کلینیکی (Clinical Science) تێدا بێت و بەشێوەی سیستەمی تێک هەڵکێش (Integrated System). 

٣- هەڵسەنگاندنی خوێندکاران (Students assessment): پێویستە سیستەمی تاقیکردنەوەی خوێندکاران بە شێوازێکی پێوەری دیاریکراو بێت کە بگونجێت لەگەڵ فێرکردنی پزیشکی و سیستەمی ئینتیگرەیشن. 

٤- هەڵسەنگاندنی پرۆگرام (Program Evaluation): فیدباکی خوێندکاران و مامۆستایان و کەرتی تەندروستی و کۆمەڵگا ئەنجام بدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی خوێندکاران لە ناو کۆلێج و نەخۆشخانە و کۆمەڵگە لە پێش و پاش دەرچوون. 

٥- خوێندکار (Students ): پێوەری وەرگرتن و پلانی ساڵانەی خوێندکاران لە وەزارەتەوە دیاری دەکرێت. پێویستە خزمەتگوزاری پاڵپشتی خوێندکاران لە زانکۆدا هەبێت. خوێندکارانیش بەشداری فیدباک و چالاکی دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن بکەن.

٦- مامۆستا (Staff): ژمارەی تەواوی مامۆستا میلاکی کۆلێج هەبن لە بوارەکانی زانستە بنچینەیی و کۆمەڵایەتی و کلینیکیەکاندا. 

٧- سەرچاوەی فێرکردن (Educational Resources ): نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی پزیشکی و تاقیگەی لێهاتوویی هەبن. 

٨- بەڕێوەبردن و پەیکەری کارگێڕیی کۆلێجی پزیشکی ( of Governance and Administration of Medical college): پێویستە کۆلێج پەیکەری کارگێڕیی و بودجەی تەرخانکراوی خۆی هەبێت و ساڵانە دیاری بکرێت. 

٩- توێژینەوە (Research ): پێویستە خوێندکاران و مامۆستایان لە پرۆسەی توێژینەوەی زانستی بەشدار بن.

١٠- گەشەسەندنی پرۆفیشناڵیی بەردەوام (Continuous Professional Development ): پێویستە کۆلێج و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری سیستەمی فێرکردنی پزیشکی بەردەوام (Continuous Medical Education) لە ناو نەخۆشخانەکان پیادە بکەن. 

 

دەرەنجام: بۆمان دەردەکەوێت کە تەنها (NCAMC) دەتوانێت پرۆسەی بڕواپێهێنان ئەنجام بدات بۆ کۆلێجە پزیشکیەکانی عێراق. پرۆسەکە لە ١٠ بوار پێک دێت، ئەم بوارانەش بەشێوەیەکی گرێدراو دەبێت لە نێوان خاوەنکارەکان (Stakeholdes) دا وەک وەزارەت و زانکۆ و کۆلێج و بەڕێوبەری تەندروستی و سەندیکا و پەرلەمان و ڕێکخراوی مەدەنی. بەکورتی بۆ ئەوەی پزیشکێکی سەرکەوتوو بەرهەم بهێنرێت، پێویستە هەمووان لە خزمەتی کۆلێجی پزیشکیدا بن. ئەگینا هەمووان وەک یەک لەڕووی تەندروستییەوە زیانمان پێدەگات. 

 

سەرچاوەکان:

١- https://wfme.org/

٢- www.ncamc-iq.org

٣- https://www.faimer.org/dora/

٤- https://www.wdoms.org/

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×