هێرۆ خان ژنێكی تەنها!

زانا عەبدولرەحمان
  2020-07-05     891

بەداخەوە كە ئەمە ئەنووسم… زیاتر لە هەفتەیەكە یەكێك لە قەڵەمەكانی دەربار بەناوی (مەهاباد قەرەداغی) پەلامارێكی ناڕەوای كردۆتە سەر (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بە تێكدانی باردۆخی ناوخۆ و دروستكردنی كێشە لەنێوان یەكێتی و پارتی تاوانباری یٔەكات. لەكاتێكدا ئێستا هێرۆخان باری تەندروستی جێگیرنییە و دوورە لە كایەی سیاسی، تەنانەت بەشداری كۆنگرەی چوارەهەمی یەكێتیشی نەكرد. 

بەڵام ئەبوو ئەوانەی كە لەسەر میراتی هێرۆخان بوونە بەرپرس و مناڵەكانیان لە پایتەختەكانی ئەوروپاوە هێنایەوە بەبێ تەجروبە كردیانن بە بەرپرسی ئەو دەزگایانەی كە هێرۆخان بە شەونخونی بنیاتی نا ، ئەوانیش هەموویان دارماندوو خستیانە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، وەڵامی مەهابادیان بدایەتەوە، بەڵام دیارە شەراكەتی تازەی كۆمپانیاو بازرگانی ئەوەندە بەرچاوی گرتوون، ناوێرن و ناتوانن دیفاع لە شێرەژنێكی وەك هێرۆ خانیش بكەن. نەفرەت لە پۆست و دەسەڵات كە مرۆڤ ئاوا ملكەچ و بێدەنگ بكات. ئاخر هێرۆ خان زۆرترین خزمەتی بە سلێمانی كردوە. هێرۆخان لەدوای نەخۆشی مام، عەزمی سلێمانی و یەكێتی لەبەرامبەر پارتی راگرت، كە ئێستا ئێوە خەریكن ئەیشکێنن.
من قەرزاری هێرۆخانم لەبەر دوو هۆ، یەكەم: بەبێ یٔەوەی هیچ واستە و پشتیوانیەكم هەبێت وەك گەنجێك پشتیوانی كردم.
دووەم: لەبەر ئەوەی لە تەنگانەو كاتی پێوست هەرگیز پشتی لە سلێمانی و دۆستەكانی نەئەكرد و باوەری بەبەرژەوەندی شەخسی و كۆمپانیا و بازرگانی نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو ژنەی كە سەنتەری گەنجان و خاك و كوردسات و ئەمنە سورەكە و خانوە كەلەپورییەکانی سلێمانی و سەرای سلێمانی و مناڵپارێز و چەندان پرۆژەی جوانی پێشكەش بە سلێمانی كرد، ئێستا كەس نیە بەرگری لێبكات و هەموو ئەوانەی لە سێبەری ئەو بوون بەشت، لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگ كردوە. بەڵام هێرۆ خان ژنێكی گەورەیە لە دڵی ئەوانەی كاریان لەگەل كردوە، ئەوانیتریش هەرچی بكەن و لەهەر پۆست و پلەیەك بن هەر بچوكن.
من دووجار لەگەل هێرۆخان بووم كە لەگەڵ كاك مەسعود بە تێل قسەی كردوە، ئەزانم بارزانی چەند حسابی بۆ رای هێرۆخان ئەكرد، چونكە ئەیزانی ئەو ژنە ئیرادەكەی هی بەرژەوەندی نیە لەبەرامبەر هیچ تەنازول ناكات.
كاك نەوشیروان بە خۆمی ووت لە ناو سیاسییەکانی كورد بەس هێرۆ هی متمانەیە، چونكە كە پەیمانیدا نایشکێنێت و شتێك نەیەوێت بیكات راستەخۆ ئەڵێت نایكەم و موجامەلە نازانێت.
بۆیە ئەوەی مەهاباد رقی شەخسیە و هەموومان ئەزانین رای هێرۆخان لەسەر مەهاباد و هاوشێوەكان چوون بوو.
یەكێك لە شانازییەکانی ژیانم ئەوەیە لەگەل ئەو كارمكردوە، تا كۆتاییش خۆم بەقەرزاری ئەزانم، لەوەش تێئەگەم دەیان كەس بە فێڵ و تەڵەكە لە سێبەری یٔەو بوونە ملیۆنەر و ئیێستا لە ناو سیتی و خانووی ملیۆن دۆلاری خۆیان بێدەنگكردوە.
لەكاتی خۆی لە كتێبی بیرەوەرییەکانم پەردە لەسەر هەموویان لائەدەم و باسی ئەكەم.
خۆشم بێمنەتم لەهەمووشت، بە درێژایی ژیانم هیچ تەكلیفكم لێ نەكردوە، هیچ جۆرە دیاری و دەسكەوتێكم لێ وەرنەگرتوە، بەڵام ئازایەتیەكی لێ فێربووم كە لە ئاست مشەخۆر و بچوكەكان شەرم نەكەم و رای خۆم بڵێم.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×