پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن چۆن لەپەرلەمانتاری دەسەڵات جیاتان بکەینەوە؟

یەحیا بەرزنجی
  2020-06-30     801
لە وەتەی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان دروست بووە، رەنگ زۆر کەس کە خەونی دادپەروەری و کوردستانێکی دیموکرات و دامەزراوەیی هەبوو بێت، هەر زوو ئەو خەونەی کاڵ بووبێتەوە.  کە بەگەواڵە هەوری ئۆپۆزسیۆندا هەڵی واسی.

با ئەوەش بڵیین بتەوێ وڵاتێکی دیموکرات و پێشکەوتووت هەبێت بێ کارابوونی ئۆپۆزسیۆن مەحاڵە. وەلێ لای ئێمە هەموو شتێک زوو کورت دێنێت، هەرزوو ئەو ئۆپۆزسیۆنەش دەستی ئاشکرابوو .

لەو بەدبەختییە، ئۆپۆزسیۆنیش کۆپییەکی وێرانی ئەو حیزبە بالادەستانە دەرچوو کە لە کۆتاییدا ئەوانیش کەوتنە بەردەرگای حیزبە گەورەکان و هیچی تر. تەنانەت رابەرەکانیشی کەوتنە هەڵەی کوشندەوە. ئیدی ئاو بێنەو دەستی لێ پشۆ.

من نامەوێ لەم وتارەم چیتر باسی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بکەم، دێمە نێو باسەکەمەوە، چۆن جیاکاری بکەین لە نێوان ئەندام پەرلەمانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵو یەکگرتوو، نەوەی نوێ و .....

هەموو بیرمانە پەرلەمانتارەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە دروشم و نوسینی سەر پۆستەرەکانیان بەردەوام کارا تر و کاریگەر تر باسی حاڵو باڵی خۆیان دەکرد تا ئەوەی کە بە نیازی خۆیان گەیشتن. من ناخوازم بێ رێزی لە بەرامبەر پەرلەمانتاریەکێتیی و پارتی بنوێنم، هەرنەبێت، ئەوان بەسەر پشتی رەخنە لە دەسەڵات و باس و خواسی گەندەڵی و حیزبی بنەماڵەو پیاوی حیزبو نادادپەروەری و کۆمەڵێک دروشمی باقو بریق نەهاتن، خۆڵ بکەنە چاوی رای گشتییەوە. 

بەڵام پێم بڵێن جیاوازی ئێوە و ئەوانی تر چیین؟

زۆر لەوانەی بوون بە پەرلەمانتار،  بەردەوام باسی نا دادی موچەی پەرلەمانتارو فەرمانبەری تریان دەکرد، ئەڵبەتە هەر پەرلەمانتار نا، بەلکو هەموو ئەو پۆستانەش کە بەسواری پشتی ئۆپۆزسیۆنەوە بەدەست هاتوون،  ئاساییە کە ئەو موچە چەورە وەرگریت، وەکو هەموو پەرلەمانتارێک، یان وەزیرو راوێژکارو  پۆستی دی، بەڵام دەکرێ جێ دەستت دیار بێت لە چاکسازی و لەنێو ئەو هەموو نادادیەی باوەڕت پێی بووە، تۆ دادوەر بوبێتی! دەکرێ بەشێکی ئەو موچەیەت بۆ چاککردنی کەرتە جیاکانی کۆمەڵگا بەکارهێنابێت، جێ دەستت دیار بوبێت.. هەر نەبێت جیاوازییەکان لە تۆدا ببینین!

چەند  لە ئاوەدان کردنەوەو بوژاندنەوەی ئابووری ئەو هەرێمە بەشداریت کردووە، باسی ئەوەم بۆ مەکە حکومەتی هەرێم هەیەو ئەرکی ئەوانەو فەلسەفەی تر... 

بە نموونە لەو کاتەوەی پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن دروست بووە چەند کارخانەتان دروست کرد؟  چەند بیری ئاوتان بۆ جوتیاران هەڵکەند؟ چەند قوتابخانەتان لەسەر ئەرکی خۆتان دروست کرد، چەند ماڵە ئەنفالتان بوژاندەوە، چیتان بۆ میدیای ئەهلی کرد، چەند رۆژنامەتان بوژاندەوە، ببینە خۆ حیزبەکەت جیاوازی لە نێوان خۆی و پارتیو یەکێتیدا نەهێشت، ئێ خۆ دەبێت لە ئاستی تاکدا درۆ نەکەیت لەگەڵ بیرو باوەرەکەت لەوەی بڕوات پێی بووە.

ئەڵبەتە ئەو مانۆرە سیاسیانەی جار جارە دەیکەن بە بێ سودێکی گشتی تەنها لە قسەو باسی تۆڕە کۆمەلایەتی و ئەو راگەیاندن و هەندێک کەنال چی تر نەبووە لەوەی گۆڕانکارییەک بهێننە کایەوە.

دوواجار  ئەوەی کە دەکرا بیکەن ونەتان کردووە، کاری تاکە کەسییە. رەنگە هەمووتان دەست بەو بیرورا ئاینییەوە بگرن: خێر بکە با دەستەکانیشت پێی نەزانن، ئەزانی چاوەکەم تۆ قوتابخانەیەک لەسەر ئەرکی خۆت نۆژەن کەرەوە، تۆ پارەی نەشتەرگەری کەسێکی بێ پارە بدە با هەموومان بیزانین.تۆ سەد دار بڕوێنە ، شەقامی چەند گوندێک نۆژەن کە، چەند ماڵیک لە کرێ نشینی رزگارکە، با هەموومان بیزانین.

لە تویتەر پەرلەمانتارێک نوسیوییەتی زۆری پارەکەم دەدەمە هەژاران، وەک ئەوەی بیەوێ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک، لەکاتێکدا برای ئەو پەرلەمانتارە هەموو رۆژێک بۆ کرێکاری لەسەیدسادقەوە دەچیتە سلێمانی ئەگەر کارێکی دەست بکەوێت.

لەماوەی دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنەوە کارێکی واتان کردووە کە کەس باوەڕی بە گۆرانکاری نەمێنێت،  تەنانەت واتان لە یەکێتی و پارتیش کردووە، لە رابردوو باشتر بکەونە کۆنترۆڵ کردنی هەموو کایەکان، تەنانەت ئەگەر گۆڕانکارییەکیش هەبێت بە بلوێری ئەواندا گوزەر دەکات و ئەو وێنە روکەشەشتان نامێنێت.

سەیرە من داوایەکی قورسیش لە خەڵکانێک دەکەم کە نغرۆبوون لە عەیشو نۆش و بەزم وسەفا، لە زەمەنیکدا هەرچی مۆراڵە بەرەو داروخان دەچیت.

باسی دادوەری بۆ کێ دەکەم کە لە لێڵاوێکدا سەوڵ لێ دەدات، تا بە کۆتایی چوارساڵەکەی بگات و، خانە نشینییە قەبەکەی حەڵاڵ کات.
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×