ڕەنگبێت ژیانی سەبیحەخان هاوسەری شەهید عەلی عەسکەری یەکێک بێت لە سەرنجڕاکێشترین ژیاننامەکانی ئەو ژنە خەباتگێڕانەی کە هاوسەرەکانیان، باوکیان، برایان یان ڕۆڵەکانیان لە شەڕی ناوخۆی کوردکوژی دا بوونەتە قوربانی و شەهید بوون، بەتایبەتی چل و پێنج ساڵ بەسەر کارەساتی هەکاری و شەهیدکردنی عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانیانیدا تێدەپەڕێت، کەچی هێشتا وەک ئەوەی کات پزیشکێکی نەزان بێت، سەبیحەخانی مەحکوم کردووە بە ژیانی هەتاهەتایی لە جەستەی تراژیدیاو زامەکانی خوێنیان لێ دێت، هێشتا لە دۆخی سوجدەیەکی قوڵی چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی شەهید عەلی عەسکەری دا نائومێدی و تاریکی، ئازارو حەسرەت هەناسەی تەنگ دەکەن. هەفتەی بوری تەماشای چاوپێکەوتنێکی سەبیحەخانم کرد، لەویدا بە شێوازێک حەقیقەتی جوامێری سەردارێکی خەباتکارو مێژووی هەلگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دەخاتە ڕوو، بەجۆرێک تراژیدیای شەڕی ناوخۆ و نەهامەتی خێزانە تێکۆشەرەکان دەگێڕێتەوە، هەر کەسێک بەوردی تەماشای بکات بە بێدەنگی دەڕژێتە ناو ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆو نەفرەتیەکانیەوە. ئەو شەڕە دڕندانەیەی ژیانی هەزاران تێکۆشەری لێساندین و هەموو شتێکی لێ بردین، بەتایبەتی جەنەراڵە کوردکوژەکان لە شەڕی ناوخۆدا، دڕندەییەکی وەها بێهاوتایان دەنواند، ئەخلاق و ڕێز، داب و نەرێتی کۆمەڵایەتی، یاساو ئینتیمای نیشتیمانی، ئینسانیەت و میراتی شارستانیەتی سەدان ساڵەی گەلی کوردیان لەناو داو برای خۆیان بەدیلی دەکوشت، فیشەکیان بەسنگی دراوسێ و هاوڕێ، ئامۆزاو پورزاو خزمی خۆیانەوە دەناو دەیانکوشتن، لەبەر ئەوەیە نەوەی ئێستا نەفرەت لەو مێژووە ڕەش و خوێناویانەیان دەکات.
شەهید عەلی عەسکەری
شەهید عەلی عەسکەری ئەو مامۆستا گەنجەی کە لە گۆشەیەکی شاری کەرکوکەوە دەستی کرد بە داگیرکردنی ناوبانگێکی ئیرەیی پێبەخش، پێی وابوو، قارەمان تەنها ئەو کەسانەن کە خۆیان دەکەنە قوربانی نیشتیمان، خۆیان دەکەنە قوربانی شتێکی گەورەی وەک شکۆمەندی ئینسانیەت. چەمکی قارەمانێتی لە هەر سەردەمێک و لە ناو هەر گەلێکدا جیاوازە، بەڵام لەناو کوردا، خەبات و ئازایەتی، جوامێری و ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و وەفاو گیانفیدایی پێشینەی قارەمانێتی تێکۆشەرەکان بوون، لەوانەدا شەهید عەلی عەسکەری چارۆکەی تۆووچانی قارەمانێتی و ئایکۆنی وەفاو ئاشتەوایی گەل بوو، بۆیە سەرباری کارەساتە تراژیدیاکەی هەکاری، میراتێکی هێند گەورەو سەرنجڕاکێشی بۆ گەلەکەی، بۆ ماڵبات و نەوەکانی، بۆ سەرجەم هەڤاڵ و هاوڕێ و خزم و هەموو ئەوانەی ناوبانگیان بیستووە، تەنانەت بۆ نەیارو دووژنمەکانیشی بەجێهێشتووە، گەردەلولی هیچ نەیارو دووژمنکارێکی سەرسەخت نایسڕێتەوە. میراتێک کە شوێنی شەرەفی تێکۆشەرێکە لە ژانری مێژووی نەتەوەییدا بەستراوەتەوەو لە دەیان بەرگی ڕۆمان و فیلم و لە سەدان ناونیشاندا جێگایان نابێتەوە.
ڕێبازی شەهید عەلی عەسکەری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تێکۆشین لەپێناو شکۆمەندی نەتەوەیی دا، ڕێگایەکی دوورو سەخت بوو. سەرەتا لە شۆڕشی ئەیلولەوە دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیارو نەبەردەکانی شۆڕشەکە هەتا شەستەکانی سەدەی بیستەم، کە ڕەنگە ئەو سەردەمە یەکێک بێت لە ناجێگیرترین و کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی نەتەوەیی گەلی کورد: چوونکە لەکاتێکدا بیرۆکەی ئازادیخوازی و شەڕی ڕزگاری لەدژی پیلانگێڕی داگیرکەران و لەشکرکێشی ڕژێمی عێراق پەیوەست بوون بە شۆڕشی ئەیلولەوە و باشترین ڕۆڵەکانی کوردستان ژیانیان بەخشی، ململانێیەکی چڕو سەخت لە نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و کاردانەوەی فیۆداڵی ڕۆحانی شەڕێکی خوێناوی براکوژی لێکەوتەوە، هەتا ساڵی ١٩٧٠ بە نێوەندگیری شەهید عەلی عەسکەری وەک کلیلی ئاشتەوایی نێوان بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی ئەو سەردەمە، ئاشتییەکی سەقامگیر لە کوردستان بەدیهات. دواتر لە ساڵی ١٩٧٥ و ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان ڕژێمی عێراق و شای ئێران، بارزانی شکستی شۆڕشەکەی ڕاگەیاندو هەرەسی بە قەڵای خەونی ئازادی و شورای ئاشتی کۆمەڵایەتی هێنا. ئەوکات لە ساتەوەختی ڕووداوە گەردەلوولییەکانی ئاشبەتاڵدا، لەو ساتەوەختەی خوێنی هەزاران شەهید کەوتنە بەر لافاوی بە هەدەر چوون، خەبات و ماندووبوون بێ بەهاو پووچ تەماشا دەکرا، شەهید عەلی عەسکەری بانگی کۆڵنەدان و بەرگری کرد. کۆڵنەدانێک، بۆ ئەوەی خۆئاگایی گەلی کوردو بیرو باوەڕی نەتەوەیی هەرەس نەکات داوای لە بارزانی کرد هاوکار بێت، کە خودی ئەمە یەکێک بوو لە دوا لێدانەکانی چارەنووس..!! چوونکە سەرەڕای گۆڕانکاری هەلومەرجی سیاسی و لەگۆڕنانی هیوای پێشمەرگەو خەڵک، شەهید عەلی عەسکەری مکوڕ بوو بەهزرێکی نوێی پێشکەوتنخوازانەوە، بەرپرسیارێتی گەل لە ئەستۆ بگرێ و بەرگری لە خەون و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کوردستان بکات، لەبەر ئەوە کوردستانی بەجێنەهێشت هەتا لە ناوەڕاستی دووەمی سەدەی بیستەم دا، سەر لەنوێ لەگەڵ دکتۆر خالیدو هەڤاڵەکانی دا گەڕانەوە شاخ و بە تێڕوانینێکی نوێی فیکری سەردەم، بەرەیەکی هاوخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی بزوتنەوەی سۆسیالیست دیموکرات و کۆمەڵەی مارکسی لینینیان لەگەڵ شەهید ئارام پێکهێنا، هەتا لە کارەساتی هەکاری، ئەوکاتەی خوێنیان بەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا ڕژا بەردەوام بوو.
کارەساتی هەکاری
لە ساڵی ١٩٧٨ بەبڕیاری کۆمیتەی سەرکردایەتی، هێزێکی زۆری یەکێتی لە ناوچەکانی ناوزەنگ و بناری قەندیلەوە، کە زۆربەیان بێچەک بوون بە سەرکردایەتی شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو شێخ حوسێن بابە شێخ، بە ئامانجی هێنانی چەک لە سوریاوە، بەرەو ناوچەی سێ سنووریی ئێران و تورکیاو عێراق بەڕێ کەوتن. دوای ئەوەی هێزەکە دەگاتە ناوچەی قەندیل، سەرباری برسێتی و سەختی ڕێگا، لەلایەن سوپاکانی ئێران و عێراقەوە بوردومان کرابوون و دەیان کەسیان لێ شەهیدو بریندار کردبوون. لەهەمان کاتدا قیادە موەقەتە (سەرکردایەتی کاتی پارتی) لە جوڵەی هێزەکەی یەکێتی ئاگادار بوو، خۆیان ئامادە کردبوو کودەتایەکی سیاسی و سەربازی لە دژیان ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بردبووە بەر هۆزەکانی شەمزینان و وێنەیەکی ڕۆمانسی و بزنسێکی وەها ورووژێنەریان بۆ لێدانی هێزەکانی یەکێتی دروستکردبوو قەناعەتیان پێکردبوون بۆ لێدانی هێزەکە هەماهەنگی قیادە موەقەتە بکەن. وایان تێگەیاندبوون، گوایە هێزەکەی یەکێتی سەر بەحکومەتن و جاشن، دێن بۆ ئەوەی کورد لەناو بدەن بۆیە بیانکوژن، سەر بۆ ئێمەو ماڵ بۆ ئێوە. ئیدی لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگەکانی یەکێتی، هێزەکانی قیادە موەقەتە لەگەڵ بەشێک لە هۆزەکانی شەمزینان بەچەک و هاوکاری تورکیا لەیەکێتیان دابوو. دوای شەڕو ڕووبەڕووبونەوەیەکی خوێناوی، بەهۆی ئەوەی لەلایەکەوە، هێزەکەی یەکێتی بەنیازی شەڕ نەجووبوونە دەڤەرەکەو زۆربەشیان بێچەک بوون، لەلایەکی دیکەوە، چەند جارێکیش لە ڕێگا سوپای عێراق و ئێران هێرشیان کردبوونە سەرو برسی و پەرتەوازە بوون، هێزەکانی قیادە موەقەتە کە ئێران و تورکیاش سنوری بۆ کردبوونەوە، بەسەر یەکێتی دا سەرکەوتن و زێدەباری دەیان شەهید، هەر یەک لە شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو شێخ حسێن بابەشێخ کەوتنە دەست قیادە موەقەتەو بەدیلی شەهیدیان کردن.
تیرۆرکردنی شەهید عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی
وێنەی شەهید عەلی عەسکەری و کۆمەڵکوژییەکەی کارەساتی هەکاری، بە هەموو دنیای کورددا ڕۆیشتووە، بەتایبەتی لەدوای بەدیل گرتنی ئەو سێ خەباتگێڕە جوامێرە، سەرکردایەتی قیادە موەقەتە کە پێشنیارو بڕیارێکی پێشوەختەیان پێگەیشتبوو، لەناو خۆیاندا تیمێکی بکوژی تاوانکاریان پێکهێنابوو، گفتوگۆیەکی چڕو خێرایان کردبوو سەبارەت بەوەی کە دەبێت چی لەگەڵ چارەنووسی شەهیدان عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید و شێخ حسێن بابەشێخ بکرێت. بەپێی زۆربەی گێڕانەوەکان، ئەوکات سامی عبدالرحمان گووتوویەتی، پیاوی گەورە بەچەکی گەورە دەکوژرێت. چەکی گەورەی ئەو سەردەمە ئاڕ بی جی بوو، بۆیە بە ئاڕ بی جی تیرۆریان کردوون و تەرمەکانیان لە گەلی کورد، لە ماڵبات و نەوەکانیان شاردۆتەوە و لەناوچەی هەکاری، بەبێ هیچ پاشماوەو ناونیشانێک ناشتویانن و هەتا ئێستاش بێ سەرو شوێنن. لێرەدا دەپرسین، چی لە پشت ئەو نیگا ساردەی سەرانی قیادە موەقەتە شاردرابوەوە؟ چی هۆکارێک ڕێکخراوێکی سیاسی پالدەنێت بەو شێوە دڕندانەیە سێ سەرکردەی گەل تیرۆر بکات، لەکاتێکدا، پێش ئەوەی هێزەکەی یەکێتی بگاتە شەمزینان و کارەساتەکە بخوڵقێت، شەهید عەلی عەسکەری نامەیەکی ئاشتیخوازانەی بۆ قیادە موەقەتە ناردووە و داوای هەماهەنگی و برایەتی لێ کردوون. لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی ئەوەی قیادە موەتەقەتە ئەو تاوانە گەورەیەی ئەنجام دا، ڕق و قینەو ترس بوو لە کەسایەتی و هزری سیاسی شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو شێخ حسێن بابەشێخ، چوونکە نەک تەنیا قیادە موەقەتە، بەڵکو بەشێک لە یەکێتیەکانیش دەیانزانی ئەگەر ئەو سەرکردانە بمێنن، بەرپرسیارێتی خەباتی گەلی کوردستان دەگرنە ئەستۆ و ژێر پێی ئەوان دەلەرزێنن، بۆیە لەو کودەتا خوێناویەدا بە دیلی تێرۆریان کردن.
سەردانی بارزانی بۆ لای خانەوادەی شەهید عەلی عەسکەری
لە دوای ڕاپەڕین مەسعود بارزانی سەردانی سەبیحەخان، هاوسەری شەهید عەلی عەسکەری و خانەوادەکەی کرد. لە سەردانەکەی دا، کاک مەسعود بەناو دۆڵی ئێش و ئازاری سەبیحەخان و ماڵباتەکەی دا، وەک پاکانە کردنێک لە تاوانی شەهیدکردنی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو شێخ حسێن بابەشێخ و داننان بە هەڵەیەکی تراژیدی گەورەدا، دەچێتە بەردەمی وێنەکەی شەهید عەلی عەسکەری و تاوێک ڕادەوەستێت. لەو دیمەنەدا، سەبیحەخان فریشتەئاسا، بەدڵێکی بێگەردەوە ڕق و کینەی خۆی دابەزاندو دڵنەوایی خۆی لەوەدا دۆزیەوە، چاوی لە پەروەردگار بێت نەک ڕق بوونەوە لە تاوانبار، لەبەر ئەوە بەبێ هیچ داواکاری و پێشمەرجێک، لەپێناو خوداو گەلی کوردا لێخۆشبوونێکی بێگەردو خاوێنیان پەسند کردو بەگەرمییەوە پێشوازیان لە سەردانەکەی کاک مەسعود کرد. سەردانەکەی کاک مەسعود دەستپێشخەریەکی ئیجابی بوو، ئەگەر بە نەرێتێکی کوردانە یان خەسڵەتی عەشایەری لەپێناو ئاشتەوایی و پێچانەوەی ئەو برینە قوڵەو دڵنەوایی خانەوادەکان، بەرپرسیارێتی بخستایەتە ئەستۆی خۆی و تیمێکی تاوانناسیی بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکە پێکبهێنایەو شوێنی ناشتی شەهیدەکانیان ئاشکرا بکردایە، تەنانەت ئەگەر پرۆفایلی بکوژەکانیشیان نەخستایاتە ڕوو، دەبووە هۆی دەستپێکی پەڕەیەکی نوێ و کۆتایی بەحەسرەتی چاوەڕوانی دەهێنا. لێ بەداخەوە، سەردانەکەی بارزانی ئێش و ئازارەکانی کەم نەکردەوە، بەتایبەتی بەشێک لەوانەی ئێستاش پەڵە خوێنی ئەو سێ شەهیدەیان بە نێوچاوانەوەیە، ژیان دەکەن و پلەو پۆستی باڵایان هەیە. لە کۆتاییدا، تیرۆرکردنی ئەو سێ خەباتکارە لە ئەنجامی ململانێی نێوان قیادە موەقەتەو یەکێتی ڕوویدا. ئەوکات سەرانی قیادە موەقەتە دەیانویست دوای ئاشبەتاڵ باڵادەستی خۆیان بگێڕنەوە، سەرکردایەتی یەکێتیش هەوڵی ئەدا، لەسەر بنەمای ئەوەی پارتی متمانەی خەڵکی لەدەستداوە هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئەوەش ئەزموونێکی زۆر زیانبەخشی بەسەر گەلی کورددا سەپاندو شەڕی ناوخۆی قوڵ کردەوە، بۆیە ئێستاش کەشوهەوای شەڕی کوردکوژی لە دەرونماندا ماوەتەوە، ڕکپەرستی لە لوتکەدایەو خەڵک ئاشت ناکرێتەوە، خۆخۆری بەردەوامەو ناکۆکییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، لەبەر ئەوە هەتا ویژدانێکی گەش لە کوردستان بمێنێت، دۆسیەی تاوانی تیرۆرکردنی ئەو سێ شەهیدە نەمرە و کارەساتی هەکاری بەزیندوویی دەمێنێت.
سەرچاوە
https://www.youtube.com/watch?v=_DfUbJ3uUFE
https://zaniary.com/blog/616b7a68936fd