شەڕی ئەردۆغان و پارتی، بەرگری پەکەکە

عوسمان عەسکەری
  2021-06-13     685
کێیەتی ئینسان لەگەڵ خەونەکانیدا گەورە دەبێت، ئینسان ئەگەر خەونی نەبێت کەسایەتیشی نابێت، بۆ ئەوەی هەبیت و گەورە بیت، دەبێت خەونت هەبێت. ئینسان بۆ ئەوەی وەک کائینێکی داهێنەر خەونەکانی بدرەوشێتەوە دەبێت لەناو میللەتێکی ئازادو پڕ لە ئامانجدا گەورە بێت، میللەتیش ئەوکاتە خەونی دەبێت سەرکردە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی ئامانجی گەورەیان هەبێت، ئەگەر ڕۆشنفکر هەڵوێست و سەرکردەش خەونی نەبێت میللەت ئازاد نابێت، میللەتی بندەستیش لە کۆشکی پلەبەندی وڵاتان جێگا ناگرێت. پەکەکە.. لەناو میللەتێکی بێ خەوندا گەورە بوو، لەناو میللەتێکدا گەورە بوو کێیەتیەکی بن دەست و مێشکێکی داگیرکراوی هەبوو، میللەتێک حەفتا ساڵ زمانی دایکی لێ قەدەغەو خەونەکانیشی بن دەست بوون. ئەوان لە هیچەوە خەونی ئازادیان دۆزیەوە، لە نەبوونەوە، خەونی سەربەستی و پێشکەوتنیان هێنایە بوون و گەورەیان کرد.. تێکۆشەرانی پەکەکە لەناو بێ خەونی میللەتدا ژیانیان بەخت کرد بۆ ئەوەی خەونی سەربەستی بدۆزنەوە. ئەوان بەو خەونە گەورە بوون، خەونەکانیشیان گەورەتر بوون و بە بەنشێو و هەورازی سەختدا، قۆناغ قۆناغ ئامانجی میللەتیان گەیاندە ترۆپکی شکۆ. لێرە.. لەترۆپکی ئەم شکۆیەدا خەونی کورد ڕووبەڕووی شەڕی یەکلاکەرەوە بۆتەوە، لە بەردەمی شەڕی مان و نەمانە.. شەڕی پەکەکەو تورکیا، شەڕێکە فاشیزمەکانی تورک لە مێژە بەڕێوەی دەبەن و ئێستا گەیشتۆتە دوا قۆناغ، دوا شەڕی کۆتایی، بۆیە ئەو هێرشەی ئێستا بەڕێوە دەچێت، دوا هێرشی فاشیزمی تورکە، دوا شەڕی ئەردۆغانەو کۆتایی بەهەموو شتێک دێنێت.. ئیتر شەڕێکە یان سەرکەوتنی خەونەکانی گەلی کوردە، یان لەناوچوونی هەموومانە، یان فاشیزم تێک ئەشکێ و کورد بەخەونەکانی دەگات، یان ئەردۆغان سەردەکەوێی و خەونی هەموو کورد لەناو ئەدات، بۆیە هەرکەس و لایەنێک، هەر حزب و سیاسیەک لەم شەڕەدا بچوکترین پشتیوانی سوپای داگیرکەری تورک بکات، یان لەم دۆخەدا، شەڕی ناوخۆ لەدژی پەکەکە بەرپا بکات، خیانەتێکی گەورە لە خەونی شەست ملیۆن تاکی کورد دەکات، تەنانەت ئەوانەی بەیەک ووشەش پشتگیری شەڕی ناوخۆ دەکەن، خائینن.. خیانەت لە خەونی ئازادی و مافی شەست ملیۆن تاکی کورد دەکەن. بەڵێ ئەم شەڕە، شەڕێکە هیچ کەسێک تیای بێلایەن نیە.. یان کوردیت، یان دژە کوردو دەرفەتی گەڕانەوەو پاشەکشێی تیا نیە، چوونکە گەلی کورد تەنیا بریتی نیە لە هەولێرو دهۆک و سلێمانی، بریتی نیە لەپارتی و یەکێتی و پەکەکە، گەلی کورد پێکهاتووە لە شەست ملیۆن ئینسانی بن دەست، شەست ملیۆن کەس خەونی ئازادیان بەخەبات و بەرخۆدانی تێکۆشەرانی باکورو ڕۆژاڤا، باشورو ڕۆهەڵات گرێداوە، خەونی شەست ملیۆن کەس پەیوەستە بە هێزو بازووی گەریلا، پێشمەرگەو شەڕڤان بۆیە هیچ تاوانێک ترسناکتر نیە لەوەی ڕێگا بدرێت لەباشورەوە ئەو خەونە، خەونی شەست ملیۆن کەس لەبار ببرێت، هیچ خیانەتێک لەوە گەورەتر نیە پێشمەرگە لەبەرەی دووژمن بجەنگێت.

کورد بوون ئازارێکی گەورەیە
ئۆجەلان لەمێژە گووتوویەتی کورد بوون ئازارێکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی ڕوون نەکردۆتەوە ئاخر ئازاریش واجبێکی هەیە، ئازاریش پەیامێکەو نەخۆشیەک ڕادەگەیەنێت، نەخۆشیەک دەبێت چارەسەری بکرێت.. بەڵێ کورد بوون ئازارەکەی ئەوەیە دەبینە سەگی دووژمن و خوێنڕێژی یەکتر، بۆ داگیرکەر سەرشۆڕین و فیشەک بە سنگی یەکترەوە دەنێین. لێرەدا ڕووی نوسینەکەم دەکەمە کاک مەسعودو وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و پاریتیزانێکی ئەنفال، وەک هاوڵاتیەکی کورد داوا دەکەم بۆ ئەوەی نەوەکانمان خەونیان هەبێت کۆتایی بەم ئازارە بێنێت. دەخوازم ببێتە دکتۆرێکی ڕەسەن و چارەسەری ئازاری کورد بوون، نەخۆشی خوێن ڕشتنی کورد بەدەستی کورد بکات، پەلەپیتکەی شەڕی ناوخۆ نەتەقێنێ و ڕێگا نەدات پێشمەرگە فیشەک بەسنی خوشک و براکانیەوە بنێت.

مەترسی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان
پێویستە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان شرۆڤە بکەین، مێژووی دڕندەیی و پیلانگێڕی تورکیا، لە سوڵتان حەمیدی عوسمانی و کۆمەڵەی اتحاد و تەرەقیەوە بۆ کەمال ئەتا تورک، هەتا دەگاتە ئەردۆغان بێنێنە بەرچاوی خۆمان، ئەوکات بە ویژدانێکی خاوێنەوە بە ڕوونی دەبینێن کۆمکوژی کورد لەزهنیەتی شۆڤێنزمی تورکدا لەوە تێپەڕیوە دیاردەیەکی ستەمکارانە بێت، بەڵکو کۆمکوژی کورد بۆتە فەرهەنگ. فەرهەنگێکە لە زهنیەتی شۆڤێنیزمی تورکدا کورد نابێت هەبێت، بۆیە بەدرێژایی مێژوو ڕژێمەکانی تورکیا زێدەباری ئەوەی پەیماننامەی سیڤەرو خەونی گەورەی گەلی کوردیان لەناو داوە، جینۆسایدو کۆمکوژی گەلی کوردیان کردووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا تێگەیشتن لەدۆخی هەستیاری هەرێم و شەڕانگێزی سوپای تورکیا گرنگە. گرنگە تێبگەین حەقیقەت و واقیع لەیەکتر جیاوازن. واقیع ئەوەیە نابێت چاوەڕێی بکەین پێشمەرگە لەدژی سوپای تورکیا بجەنگێت، یان ڕوونتر بڵێم پارتی بێت و شان بەشانی پەکەکە جەنگ لە دژی تورکیا بکات، بەڵام ئەوەش خیانەت و هەڵەیەکی خۆکوژیە بێیت و لەپاڵ سوپای تورکیا لەدژی میللەتەکەت بجەنگیت، بێیت و بەپیلانی ئەردۆغان لە دژی پەکەکە شەڕ بکەیت، بەتایبەتی پەکەکە نەک ئارامی کوردستانی تێک نەداوە، بەڵکو پارێزەری هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەبێت سوپاکەی ئەردۆغان بە یەک هەفتە هەموو کوردستان داگیر دەکاو جیهادیە بەکرێگیراوەکانی لە خەڵک بەرئەدات، گەلی کورد قەتل و عام دەکەن. بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتە ڕوونتر بێنینە بەرچاوی خۆمان، بە بیری خوێنەری دێنمەوە.. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو صدام ی تاوانکار دەیگووت، (العراق حارس البوابة الشرقية) عێراق پاسەوانی دەرگای ڕۆژهەڵاتی گەلی عەرەبە بەڵام ئەوکات سەرکردەکانی عەرەب نەک باوەڕیان پێی نەبوو، بەڵکو پیلانیان لە دژی گێڕا، ( لەوە گەڕێ سەدام خوێنڕێژوو دووژمنی سەرسەختی کورد بوو، ئەمە وەک ئەزموون تەماشاکە ) کەچی ئێستا کە سەدام لەناو چووە هەموو وڵاتانی عەرەبی بینەری ئەو حەقیقەتەن، ئێران نەک هەر عێراق، بەڵکو چوار وڵاتی عەرەبیشی داگیر کردووە.

پێشینان گووتوویانە تەنگانە بەری کورتە.
ئەردۆغان بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی ڕۆژاڤا لەناو بدات لاقێکی خستە ناو تەڵەی ڕوسیاوە، لاقەکەی دیکەی لە تەڵەی ئەمەریکا گیر بووە، لەولاشەوە بەهۆی جیهادیە سوری و لیبیەکانەوە، پەیوەندیەکانی لەگەڵ میسرو سعودیەو ئیمارات تێکچووەو ئەورپاش بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان لەڕێگای هەزاران پەناهەندەی توندڕەو ئەمن و ئاسایشی تێکداوە لەهەوڵی ئەوەدان نابووتی بکەن و دەیکەن. ئێستا ئەو جیهادیانە هەم بارگرانیان لە ناو تورکیا دروست کردووە، هەم ڕێگرن لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی تورکیا، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکاندا، بۆیە هەوڵ ئەدات ئەو جیهادیانە لە لیبیاو سوریاو ئازەربایجان بکشێنێتەوە بەڵام نەیانباتەوە تورکیا، بەڵکو بیانگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە قەندیل جێگیریان بکات. ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوبێت ئەوکات سەری ڕەش و دەباشانیش داگیر ئەکەن، خوشک و هاوسەرەکانمان لە سلێمانی هەولێرو دهۆک دەکەنە سەبایا، باوک و براکانیشمان مورتەدن و سەریان لێ دەکەنەوە. لە کۆندا کورد گووتوویەتی بەری تەنگانە کورتە.. ئەردۆغان زۆری نەماوە لەناو بچێت، بەتایبەتی ئەگەر لەم شەڕەدا بشکێت نەک هەر ئەردۆغان لەناو دەچێت بەڵکو هەموو ئەو بنکە سەربازیانەی سوپای تورکیا لە هەرێم دەکەوێتە دەستی کوردو کۆتایی بەفاشیزمی تورک دێت، بۆیە پێوستە هەمووان لەدژی هێرشەکانی تورکیا دەنگ هەڵبڕین و ڕێگا نەدەین شەڕی ناوخۆ ڕووبدات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×