ئەوەی بەعوسمانیەکان نەکرا ترامپ ڕێگایدا ئەردۆغان بیکات
عوسمان عەسکەری
2020-07-03   895
باڵادەستی تەکنۆلۆجیا ئەلکترۆنیەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاو دەستگرتن بەسەر فەزای سایبەردا مۆدێلێکی نوێی کۆڵۆنیالیزمی کەم مەسرەف بۆ داگیرکەرو شپرزەیی و مەینەتی زیاتر بۆ داگیرکراوەکان دروست دەکات. بەهۆی ئەو باڵا دەستیەی لەفەزای سایبەردا هەیەتی، ئەمەریکا چی دی پێویستی بەوە نابێ بێجگە لە هێشتنەوەی سەفارەت و ئۆفیسە جاسوسیەکانی، بنکەی سەربازی و سوپا لەوڵاتەکانی دنیا جێگیر بکات.
ئەو ئەرکەی سوپای سایبەر بەدرۆنەو موشەکی زیرەک و چەکی ئەلکترۆنی لەژوورەکانی عەمەلیاتەوە لەناو جەرگەی ئەمەریکاوە یان لەناو کەشتیە جەنگیەکانیەوە بەتێچوویەکی زۆر کەمتر ئەنجامی ئەدەن، بەسەدان سەربازی سەر زەمین و تێچووی ملیارەها دۆلار ئەنجام نادرێ، بۆیە لە دوو دەیەی داهاتودا ئیتر ئەمەریکا سەرباز بەکوشت نادات، بەڵکو لەڕێگای سوپای سایبەرەوە جەنگ و سیاسەتە سەربازیەکانی لەدنیادا بەڕێوە دەباو سوپاکانی دەکشێنێتەوە.
دۆناڵد ترامپ چەند جارێک ناڕەحەتی خۆی لەدژی ئەوروپا دەربڕیوە، بۆیە پێدەچێ تورکیا وەک فشارێک لەدژی ئەوروپا بەکار بێنێت، بەتایبەت ترامپ چەند جارێک ڕایگەیاند لەگەڵ ئەردۆغان کاری هاوبەش لەلیبیا دەکەن، لێرەوەیە تورکیا وەک زلهێزێکی ئقلیمی دەیەوێ شوێنەکانی ئەمەریکا پڕ بکاتەوە و پەل بۆ ئەفەریقاو قوڵایی ئەوروپا بهاوێت، بەتایبەت لەدوای ئەمەریکا، تورکیا یەکەم وڵاتە کەزۆرترین سوپاو بنکەی سەربازی لەدەرەوەی وڵاتەکەی، لەقوبرس، عێراق، سوریا، قەتەر، لیبیا، سوماڵ، سودان و ئازەربایجان هتد.. هەیە.
ئامانجی ئەردۆغان چیە؟
ئەردۆغان کە سەرکردەیەکی کاریسمایی و خۆشبێژیەکی (بلاغه) ڕشتی ئایدیۆلۆجی ئیخوانەکانی دنیایە، سۆزی شەقامی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بۆ خۆی ڕاکێشاوە بەوەی پێیان دەڵێ، خەلافەتی عوسمانی داگیرکار نەبوو، بەڵکو پارێزەری شەرەف و وڵاتەکانتان بوو لەدەستدرێژی خاچپەرستان. ئامانجی ئێمەش هەر ئەوەیە کە موسڵمانان لەداگیرکاری ئەوروپاو فەرهەنگە بەدڕەوشتەکەیان بپارێزین. بەڵام لەڕاستیدا ئەردۆغان بەو قسانە دەیەوێ زۆرترین سوپای جیهادی لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان دروست بکات، لە شەڕو کۆمەڵکوژی ئەوانەدا بەکاریان بێنێت کە لەدژی دەوەستن. خەونی گەورەی عوسمانیەکان داگیرکردنی ڤیەننای پایتەختی کاتۆلیکەکان بوو کە لەساڵی 1683 شکستی خوارد، بەڵام خەونەکانی ئەردۆغان لەڤیەنا ڕاناوەستێ.. ئەو دەیەوێ ئەوەی عوسمانیەکان و هیتلەر بەدەستیان نەهێنا، تورکیا بەدەستی بێنێت و هەموو ئەوروپا، بەڕوسیاشەوە داگیر بکات.
ئامانجی هێرشەکانی تورکیا بۆ قەندیل
ئەردۆغان دوای کۆنترۆلکردنی تورکیا جڵەوی ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوە ئیخوانیەکانی دنیای گرتە دەست بەڵام خراپی ئابوری تورکیاو پرسی کورد دوو بەربەستی گەورەن لەسەر ڕێگای ئامانجەکانی، بۆیە دوای ئەوەی قاچی لەلیبیا گیرکرد، بۆ ئەوەی تەرکیزی ئەوروپا لەسەر لیبیا بگۆڕێ بەتۆمەتی پەکەکە هێرشی کردە سەر کوردستان، بەڵام ئامانجی ئەو هێرشە لەلایەکەوە داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ و دەستگرتن بەسەر غازو سامانی ژێر زەوی کوردستانە، لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لەناو بداو لەڕێگەی قەتل و عام و کۆمەڵکوژی کورد بەدەستی جیهادیەکان ڕوحی بەرگری و کوردبون لەناو زهنی کۆمەڵگای کوردی دا بسڕێتەوە، بۆیە چارەنوسی گەلی کورد لەباشورو ڕۆژاڤاش.. بەستراوەتەوە بەخۆڕاگری و بەرخۆدانی پەکەکەوە. ئەگەر پەکەکە بشکێت جیهادیەکان چیان بەسەر عفرین دا هێنا زۆر زۆر خراپتر بەسەر هەرێمی کوردستاندا دێنن.
ڕۆڵی فەرەنسا لەلیبیا
دوای ئەوەی ئسرائیل و قوبرس و یۆنان ڕێکەوتن لەسەر ڕاکێشانی بۆڕیەکی غاز بەناو دەریای سپی ناوەڕاست کە 2100 کیلۆمەتر درێژە، لەئسرائیلەوە بۆ باشوری قوبرس، لەوێوە بۆ یۆنان و ئیتاڵیا، ساڵانە 10 بۆ 20 ملیارد مەتری سێجا غاز لەئسرائیلەوە دەگەیەنێتە بازاڕەکانی ئەوروپا. ئەم پرۆژەیە لەلایەکەوە کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ئابوری تورکیاو ڕوسیا، لەلایەکی دیکەوە پێگە ستراتیجیەکەی تورکیا لەبواری وزە (نەوتو و غاز) لاواز دەکات. لەدوای دەستپێکردنی پرۆژەکە ئەردۆغان کەوتە گێچەڵکردن بەیۆنان، پێداگری دەکات باکوری قوبرس پشکی لە پرۆژەکەدا هەبێ بەڵام یۆنان بەوە ڕازی نەبووەو نابێ.
دوابەدوای ئەو مشتومڕە سوپای تورکیا بۆ دەستگرتن بەسەر نەوت و غازی لیبیاو کۆنترۆڵکردنی دەریای سپی ناوڕاست لەچەند ناوچەیەک سوپاکانی خەلیفە حەفتەریان دووچاری شکست کردو خۆیان لەلیبیا قایمتر کرد. ئەردۆغان دەیەوێ هەرچی زووە کۆنترۆڵی دەریای سپی ناوەڕاست بکات بۆ ئەوەی بەناردنی ملیۆنەها پەناهەندەی ئەفەریقی یەکێتی ئەوروپا بخنکێنێ و هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتەکە لە ئەفەریقا بباتە پێش. لەهێرشەکانی تورکیا فەرەنسا گەورەترین زەرەرمەندی ئەفەریقیایە، بۆیە تەنیا دوو بژاردەی هەیە، یان یەکێتی ئەوروپا هەڵدەوشێ و بۆ لێدانی تورکیا لەگەڵ یۆناندا دەچێتە ناو هاوپەیمانیەکەی ڕوسیاو میسرەوە، یان بەهاوپەیمانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا، هاوشێوەی یوگوسڵاڤیای نەوەدەکان تورکیا لەڕەگەوە تێکدەشکێنن و دابەشی دەکەن.
بەوپێیەی ڕوسیا زۆرترین غاز هەناردەی ئەوروپا دەکات پرۆژە هاوبەشەکەی ئسرائیل و ئەوروپا زیانێکی گەورە لە ڕوسیاش دەدات چونکە ئەوروپیەکان پێویستیان بەو غازە نامێنێ کە لەوڵاتەکانی قەفقاس و ڕوسیاوە لەڕێگای تورکیاوە دەگەیشتنە ئەوروپا. ڕوسیاش خۆی بە دۆستی هەرە نزیکی وڵاتە عەرەبیەکان دەزانێ و نایەوێ تورکیا ببێتە زلهێزێک و کۆنترۆڵی ئەفەریقاو وڵاتە عەرەبیەکان بکات بۆیە لەسوریا بەریەک نەکەوتن، بەڵام لەلیبیا بەهاوپەیمانی میسرو وڵاتانی کەنداو لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ڕێکدەکەون بۆ لەناودانی ئەردۆغان و بچوک کردنەوەی تورکیا. ئەوەی ڕوونە سەردەمی گوندەیی بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا بەسەر چووە، بەڵام پەیوەندی بەکاتەوە هەیە، کەی ئەوروپا تورکیا هەڵدەوەشێنن و دابەشی دەکەن و دەیکەن، ئەوکات کورد بەمافی سەربەخۆیی دەگات.
سەرچاوەکان
https://www.infrastrukturnyheter.se/20190803/21523/israel-kommer-att-leverera-gas-till-europa
https://ahvalnews.com/turkish-military/significance-turkeys-overseas-military-bases
https://balkanskageopolitika.com/2020/06/26/obnova-osmanske-imperije-zasto-turskoj-trebaju-vojne-jedinice-u-razlicitim-zemljama-sveta/