ئینتەرنێت ئامرزاێکە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵگاو بنەمایەکی سەرەکی گەشەپێدانی وشیاری مرۆڤ و پێشکەوتنی گەلانیشە. ئەگەرچی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای ئینتەرنێت زۆر خێرا چووە ناو هەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤەوە بەڵام کاریگەری گەورەشی خستۆتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بنکەی سەربازی و شێوەکانی جەنگی وڵاتانی دنیا. ویلیام لین لەساڵی ٢٠١٠ جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بوو لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرس (Foreign Affairs) ڕایگەیاند.. بەدرێژایی مێژوو ئینسان لەزەوی و دەریاو هەواو ئاسمان جەنگی کردوە، بەڵام لێرە بەدواوە فەزای سایبەر لەبۆشاییەکانی ئاسمان دا دەبێتە بەرەی جەنگ، سوپاکان لەو فەزایەوە هێرش دەکەنە سەر یەکتر. جەنگی سایبەر (نەوەی پێنجەمی جەنگ)، جەنگێکی کاریگەرترە لە جەنگە باوەکان، بۆیە ئەمەریکا وەک داهێنەری تەکنۆلۆجیای ئینتەرنێت و زلهێزێکی دنیا، لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە حاڵیبوە لەبایەخی جەنگی سایبەر، بۆیە هەر زوو سوپایەکی سایبەری لەچەندین بەرەو بەشی جیاواز دامەزراندو لەشوێن و بەمەبەستی جیا جیا لەکاردان، زۆرجاریش هێرشی پێکردۆتە سەر نەیارو دوژمنەکانی. لەساڵی 2000 بۆ یەکەمجار سوپای ئەمەریکا لەجەنگی ئەفغانستان درۆنەی ( فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ) بەکارهێنا کەلیوای سایبەر دەریای ئەتڵەسەوە درۆنەکانیان ئاراستە دەکرد، بەمەش یەکێک لەچەکە کاریگەرەکانی جەنگی سایبەر دەرکەوت. لەوکاتە بەدواوە زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان، بەتایبەت ئەمەریکاو چین و ڕوسیا تواناکانیان لەدەستگرتن بەسەر فەزای سایبەردا چڕ کردەوە و کۆمپانیا پیشەسازیەکانی جەنگیش کەوتنە پێشبڕکێی دروستکردن و بەرهەمهێنانی درۆنەو چەکە جۆراوجۆرەکانی سایبەر. یەکێک لەچەکە کاریگەریەکانی سوپای سایبەری ئەمەریکا لەشێوەی زەردەواڵەیەکی زیرەکە، دەتوانرێ ئاراستەی بەرەی جەنگ، ناوماڵ، شەقام یان هۆڵی کۆبونەوە هتد.. بکرێ، بەو وێنەی دەیدرێتێ ئامانجەکە دەناسێتەوەو لەناوی دەدات. دوای ئەم پێشکەوتنانە سەرۆکی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠١٦ ڕایگەیاند کەدەبێ پێنتاگۆن هەژمونی خۆی بەسەر فەزای سایبەردا بسەپێنێ و باڵادەستی تەکنۆلۆجیا ئەلکترۆنیەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاسمان داگیر بکات.
مەترسی سوپای سایبەر لە سەر کورد؟
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سوپایەکی چالاکی سایبەری دامەزراندوە، لەتۆڵەی ئەو هێرشانەی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠١٠ کردیە سەر کورە نەوەویەکانی، ئێرانیش هێرشکردنە سەر سیستەمی بانکەکانی ئەمەریکا وەڵامی دانەوە، دواتریش درۆنەکانی ئێران چالاکانە لەجەنگی سوریاو یەمەن دەرکەوتن.
تورکیا سوپایەکی تۆکمەی سایبەری پێکهێناوەو بەهاوکاری ئەمەریکاو ئسرائیل و بەریتانیاو کەنەدا کارخانەی پیشەسازی درۆنەی دامەزراندو بۆجاری یەکەم درۆنەکانی ( بیرقدار TB2 ) لەعەفرین لەدژی کورد بەکارهێنا، دوابەدوای ئەوەش دەیان درۆنەی لە دژی کورد ناردە سەر سلێمانی و قندیل و گوندەکانی کوردستان، هاوکات سوپاکەی خەلیفە حەفتەریان لەچەند ناوچەیەکی لیبیا تێکشکاند، بێشک عێراقیش لەداهاتویەکی نزیکدا جبەخانەو سوپای سایبەر بنیات دەنێ. بەوپێیەی لەناوچەکەدا کێشەی کورد بێچارەسەر لەجەنگ و ئاڵۆزیدایە، لەداهاتودا سوپای سایبەری ناوچەکە دەبێتە گەورەترین مەترسی لەسەر کورد.
کورد لەکوێی ئەم جەنگەدایە؟
جەنگی سایبەر وێڕای ئەوەی لەهەمو بوارەکانی سیاسی (هەڵبژاردنەکان)، ئابوری و کۆمەڵایەتی هتد.. بەنەرمی بەکاردێت، لەمەیدانی جەنگ و ڕوبەڕوبوونەوەشدا کەم مەسرەفە، بۆیە لەچەند دەیەیەی داهاتودا ئەم جەنگە جێگای جەنگە باوەکان (تقلیدی) دەگرێتەوە، بەتایبەت کەجەنگی سایبەر پێویستی بەئیمکانیەت و بودجەی زەبەلاح نیە، بەڵکو پێویستی بەکۆمپیوتەرو ئینتەرنێتە، پێویستی بەعەقڵە عەقڵ.. واتە هەر میللەتێک لەم دنیایەدا خاوەن ئینتەرنێت و کۆمپیوتەرو عەقڵی داهێنەرانەی پێشکەوتو بێت، دەتوانێ سوپای سایبەر دامەزرێنێ، ئەگەر بەسەر دوژمنەکانیشیدا سەر نەکەوێ بەرگری دەکاو خۆی لەشکست دەپارێزێت. کەچی حزبەکانی کوردستان، بەتایبەتی (یەکێتی و پارتی) سوپای سایبەریان دامەزراندوە بەڵام هیچ دیدگایەکی ستراتیجی بەرگریکردنیان لەبەرامبەر دوژمناندا نیە، بەپێچەوانەوە توانای گەنجە بەهرەمەندەکان لەڕوتکردنەوەی ناوگەڵ و دزینی زانیاری لەسەر ژیانی تایبەتی هاونیشتیمانیان و هاکردنی ئەکاونت و پەیجی نوسەرو ڕۆژنامەوانە ئازادەکان، کادیرو چالاکوانە مەدەنی و سیاسی و کەسایەتیە نەیارە حزبیەکانی خۆیاندا بەکاردێنن، بەشێکی زۆر لەوانەشی لەسوپاکەدا نین تواناکانیان لەیاری پۆپجیدا ئەپوکێتەوە.
کورد چۆن لەجەنگی سایبەردا بەرگری لەخۆی بکات؟
وەزارەتی بەرگری زۆرێک لەوڵاتانی پێشکەوتوی دنیا گەنجە بەهرەمەندەکانی بواری ئای تی، یان هاککەرەکان لای خۆیان دادەمەزرێنن و بەهاوکاری زانکۆو کۆلیجەکان برەو بەتواناکانیان دەدەن لەبواری ئینسانی و نیشتیمانی و تەنکۆلۆجیای ئای تی داو پاشان لەبەرژەوەندی نیشتیمانەکانیاندا دەیانخەنە کار. کورد دەبێ لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەدا بیر لەداهاتوی بکاتەوە، هاوشێوەی وڵاتان سوپایەکی کارای سایبەر لەگەنجە داهێنەرەکانی بواری ئای تی دابمەزرێنێ، لەڕێگای زانکۆکانی دەرەوە و کوردستان برەو بەتواناکانیان بدات لەبواری ئای تی، بەموراڵی نیشتیمانی و ژیندۆستی و ئینسانپەوەری و لەوەزارەتی پێشمەرگە ڕێکبخرێن، لەکاتی دەستدرێژی دوژمناندا بەرگری بکەن و سەر لەژورەکانی عەمەلیات و فڕۆکە درۆنەکانی دوژمن بشێوێنن و ڕێگە لەهێرشەکانیان بگرن، لەوەڵامی هەر هێرشێکی داگیرکەرانیشدا هێرش بکەنە سەر دام و دەزگا ستراتیجیەکانیان. ئاخر کورد هەتا ماوە دەبێ بەشێکی زۆر لەتوانای گەنجەکانی تەرخان بکات بۆ بەرگریکردن لەدژی هێرشی داگیرکەران.
سەرچاوە
https://sverigesradio.se/avsnitt/1428309
https://www.foreignaffairs.com/articles/2011-09-28/pentagons-cyberstrategy-one-year-later
https://www.itpro.co.uk/security/28170/what-is-cyber-warfare