تەفویزەکەی پەرلەمانی عراق و لادان لە دەستور!
مەحمود شێخ وەھاب
2020-06-15   556
بێگومان پەرلەمانی عراق بە زۆرینەی دەنگ تەفویزی دا بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئازادی کرد بۆ دانانی وەزیرێکی دەوڵەت بۆ پێکھاتەی تورکمان کە سەرپەرشتی کاروباری پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات.
سەرەڕای پیرۆزباییم لە برا تورکمانەکان وەک پێکھاتەیەک، بەڵام تەفویزەکەی و داواکەی پەرلامان نادەستورییە و سەرۆک وەزیرانیش مافی ئەوەی نیە بە بێ بوونی یاسا وزارەت و وەزیر دابنێیت ! ھەرچەندە نەدەبوو ئەم بابەتە بەئاسانی بەسەر سەرۆک و ئەندامان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش تێپەڕێ، لەبەر ئەوەی بە پێی مادەی (٨٦) ی دەستور کە بەدەق دەڵێ؛ پێکھێنانی وزارەت و تایبەتمەندیەکانی و پیشەو ئەرکەکانی و دەسەڵاتەکانی وەزیریش بەیاسا رێکدەخرێ.
بەتایبەتیش ئەم وزارەتە کە تازەیە، بۆیە دەبێ لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەربچێنرێ، کەواتە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران بە پێی مادەی (٨٠)ی دەستور بڕگەی (٢) یا مادەی (٦٠)ی بڕگە (١)کە بەدەق دەڵێ؛ پرۆژە یاسا بنێرێ بۆ پەرلەمان.
واتە ئەنجومەنی وەزیران یا پەرلەمان خۆیشی دەتوانێ بە پێی مادەی (٦٠)ی دەستور ئەندامەکانی پێشنیاری یاسا بکەن بۆ ڕاییکردنی ئەم مەبەستە، کە تێیدا تایبەتمەندیەکانی وزارەتەکە و دەسەڵاتەکانی وەزیریش دیاری بکات، ئینجا بە پێی رێکارەکان و بەزۆرینەی دەنگ لە پەرلامان بکرێتە یاسا و بنێردرێ بۆ سەرۆک کۆمار بۆ رەزامەندی و ئیمزاکردنی.
پاشان بە پێی مادەی (٧٦) ی دەستور، دەنگ بەکاندیدی وزارەتەکەش بدرێ و زۆرینەی دەنگی ئەندامانیش موسۆگەر بکات .
ئەڵبەتە بەدەر لەوانەی سەرەوە ھەردولایان واتە پەرلەمان و کازمی لێرەدا مادەی (٤٧) ی دەسوریان پێشێل کردوە کە بە دەق دەلێ؛- دەبێ دەسەڵاتەفدراڵیەکان لەسەر پرنسپی جیاکاری (فصل) دەسەڵاتەکان کار بکەن.
بەڵام ئەمان دەسکاری ئیشی یەکتریان کردوەو لە مادەکە لایان داوە.
بەدیوێکی تردا دیسان ھەردولا مادەی (٥٠) ی دەستوریان بەزاندووە کەوا ھەردولا سوێند دەدات و بەدەق دەڵێ؛- سوێند بە خودای مەزن دەخۆم ئەرکەکانم و بەرپرسیاریەتیە یاساییەکانم بەوردی ودڵسۆزیەوە جێ بەجێ بکەم .... ھتدد.
کەچی ئەمان لێرەدا وردو دڵسۆز نەبوون.
بێگومان لەم بابەتەدا بەندە تەنھا تێبینیم لەسەر لایەنە یاساییەکەی ھەیە کە نا دەستورییە نەک لایەنە سیاسیەکەی و بابەتی پشک پشکێنەو دابەشکردنی پلەو پۆست، کە لە کاتێکدا وڵات لە ئەوپەری نەھامەتی ئابوری و دارایی و کارگێری و سیاسی دایە، بێگومان دۆخی کوردستان زۆر لە عراق وێرانترە کە ھەرێمێکە سەر بەم دەوڵەتە فدراڵیەیە .
ھەرچەندە ئەم پۆستە بۆ پێکھاتەی تورکمان رەنگە تەنھا بۆ رازیکردن بێت ئەگینا پۆستەکە کاریگەری ئەوتۆی نیە، مەگەر سوودێکی بۆ وەزیرەکە خۆی ھەبێت و دەنگی پێکھاتەکشی پێ کپ بکات و شاباشێکیش بێ بۆ کازمی خۆی! بە پێچەوانەشەوە رەنگە ببێتە مایەی کێشە بۆ خودی پێکھاتەکە لە کاتی دیاری کردن و ڕێکنەکەوتن لەسەر وەزیرەکە.
دیارە پاش کێشمەکێشێ زۆری حزب و لایەنەکان و دەست نیشان کردنی سێ کاندیدی یەک لە دوای یەک لە لایەن سەرۆک کۆماری عراقەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی وزاری، ئەوە بوو دواجار لەنگەریان لەسەر کازمی گرت و حکومەتیان پێکھێنا.
ئەلبەتە رۆژی / ٢٠٢٠/٦/٦ یش پەرلەمانی عراق دەنگی دا بە حەوت کاندیدی تری کازمی بۆ پڕکردنەوی کابینە وزارییەکەی بەتەواوەتی، ھەر لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تەفویزە نا دەستوریەشی دا.
لە ئەنجامدا دەردەکەوێ لە عراق دا لەبەر ئەوەی دەستور و یاسا سەروەر نین بۆیە خەمی زانین و رۆشنبیری یاسایی جێی بایەخی دەسەڵاتداران نیە و بشک بشکێنەو بەرژەوندی و رێکەوتنی سیاسی بوەتە باسکە بەھێزەکەی دەسەڵاتداری و پێشێل کردنی یاسا، نەک دەوڵەتداری و سەروەری یاسا.
لە کۆتاییدا داواکارین کابینەکەی کازمی سەروەری یاسا بپارێزێت و ئاگای لە ھەموو مەوداکانی بڕیارەکانی بێ و ھەندێ لە کێشە سەرەکیەکانی خەڵکی عراق و کوردستانیش چارەسەر بکات بەتایبەتی لە ئێستادا کێشەی ژیانی موچەخۆر و چینە مامناوەندو ھەژار و نەدارەکان، لەبەرئەوەی لەدەرئەنجامی ململانێ حزبیەکاندا زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکی عراق و خەڵکی کوردستان و دامودەزگای دەوڵەتداریە نەک دەسەڵاتدارە دەست ڕۆشتوەکانی ھەردولا !!.