عەرەبەکانی پایتەخت لە سەرکردەکانی هەرێمی خۆمان کوردتر دەرچوون!

کاوە عوسمان عومەر
  2020-06-18     728
گاڵتەجاریە لە گەرمەی خوێنڕژانی کوردانی باکور وباشوور، و لە نێو چری دوکەڵ و تەپو تۆزی گوندە ڕوخاوەکان و بۆکروزی بارووت و تەقینەوەی ڕۆکێتتەکانا، نە ئەمریکای هاوپەیمانە  عه یاره بیست و چوار و نە برادەرە سۆشیال دیمۆکراتەکانی ئەوروپاو نە چەپە تاک و تەراکانی هاوڕێ و خزمانی کوردانی تاراوگە!، نەهاتن بە هانای کوردە لێ قەوماوەکانەوە بەڵکو چەند سیاستەمەدارێکی عەرەب ، لە نێویشیاندا هەندێ برادەری کەم تا زۆرهەڵگری  بیری فاشیستی و توندڕەون،  کە تا دوێنێ لای سەرکردەکانی خۆمان یان شێوی چەوریان لە سلێمانی بوو یان لە هەولێڕێ ڤێلایان بۆ دروستکرا، و کە ئەگەیشتنەوە پایتەختی خۆمان لە عێراق خوێنی کوردیان حەڵاڵ ئەکرد و لەلای ئەوانە، کورد  نەک هەر لە جنسی جنۆکە مەزندە دەکرێ ، بەڵکو هەڵگری هەمان ڕابوون کە کوردیش وەک گەلی ئیسرائیل نابێ لەم ناوچەیە لە خاکی خۆیان  بژین و پێویستە بخرێنە  ناودەریاوە، هەڵبەت چارەنوسی گەلی ئیسرائیل لەوانەیە باشتر بێت چونکە چەند کەسێکیان لە ئاوا بەرەو ئەوروپا هەڵدێن، وەک چۆن لە هۆڵۆکۆستی نازیەکان چەند ملێۆنێکیان ڕزگاریان بوو،  بەڵام کوردی نەگبەت لە بەر نەبوونی دەریاو دەرچەی ئاوی ئەبێت وەک چارەنوسی هەلەبجەییەکان و خەڵکیی دەرسیم لە ماڵی خۆیان وەک مەلی بێ باڵ یان کیمیاباران کرێن یان لەلایەن پیاوانی سوڵتان وەک ئەرمەنەکان جینۆساید کرێن. ئێستا ئەو برا عەرەبە چاو ڕەشانە ، هەندێکیان پۆست و میلیشیای ترسناکیشی هەیە وەک قه‌یس خه‌زعه‌لی کە بە قودرەتی قادر کورد دۆسست دەرچوون! و لە پێش بەرپرسە کوردەکان ئیدانەی تۆپبارانی تورکیا دەکەن، بەڵام ئێران نا!!، جارێ با واز لە ناهەڵوێستی دۆست و هاوپەیمانە نزیک و دوور و تازەو کۆنەکان بهێنین لەم بەر و ئەوپەڕی ئەتڵەسی و ناتۆو پینتاگۆنەوە!!، ئاخر کەسێک خۆی فریای خۆی نەکەوێ و نەگات بە هانای براکانی خۆی و جوامێرانە هەڵوێست وەرنەگرێ چما خزم و دراوسێی دوور! پاشان خواهەڵناگرێ  سەرکردە کوردەکان هییچ قسوریەکی ئەوتۆیان نەکردوە، ئەوەتا هەڵوێستی فەرمی و نافەرمی، بە کورسی سیادی و ناسیادی، بە وەزارەتی دەرەوەش کە بە تاپۆی ڕەش موڵکی پارتێکی کوردی شۆڕشگێڕە، هەڵگیراوە بۆ ڕۆژی تەنگانە، ئێ خۆ بەرپرسە دڵسۆزە نیشتیمان پەروەرە نەتەوەییەکانمان ڕاست دەکەن لەم کاتەدا قوڕ و قەپ و هەڵبژاردنی بێدەنگی لە ئاڵتوون بەنرخترە ، ئەگینا خەڵکی کوردستان  نە بیست و چوارسەعات کارەبایان ئەبێت و نەوەک شەلالی گەلی بەگ خوڕەی نەوتی خۆمان بە ماڵەکانا تێپەڕئەبێ! مرۆڤ پێویستە کەمێک مێشکی بهێنێتە گەڕ، ئەی ئەوە نیە هەموو مانگێک پێش سەری مانگ بە چەند ڕۆژێک پێشتر مووچە بە ئۆتۆماتیکی و بە پێشکەوتووترن سیستەمی بانک، هەڵبەت زۆر لەو سیستەمە بانکیانەش مۆدێرنترە کە هەم پارەی نەوتی لە ئەنقەرە  پێهەڵئەلوشلێ و هەم سەرمایەی پێ ئەکرێتە دەرەوە!، پارە و مووچەکان زۆر بە دادپەروەرانە و لە کاتی خۆیدا دەگاتە گیرفانی موووچەخۆران!. پێویستیش ناکات هییچ کەس گلەیی لە هەردوو دەسەڵاتدارانی هەردوو مەملەکەتی زۆنی پرتەقاڵی و قاوەیی  بکات، ئەوەتا ئەو سەرکردە بەستەزمانانە وەک تیمی دووگۆڵی  قۆڵیی جوامێریان لێ هەڵماڵیوەو و هەموو پارە خەزن کراوەکانی ژێر زەمین و سەرزەمینیان خستوەتە بەردەم خۆری ڕوناک و وەک هەر وڵاتێکی ناگەدەڵ و پێشکەوتوو پارە و سەرمایەیان کردوەتە کۆمەکی ملیۆنەها خەڵکی هەژار تا بتوانن بە تێری خۆیان لە ماڵی خۆیان کەرەنتیین بکەن بەرامبەر مەترسی پەتای کۆرۆنا. دەسەڵاتدارانی کوردستان نموونەی گیانلێبوردەیی و دادپەروەرین ئەوەتا وەک یەک خێزان هەموو کەناڵە فەرمی و نافەرمیان بەکارهێناوە بۆ ئاسسودەیی خەڵکی کوردستان، سەیریش نیە لە کوردستان هییچ حاڵەتی خۆکوشتن و هەڵهاتن بۆ ئەوروپا و هییچ دیاردەی گەندەڵی دارایی و یاسایی و کارگێری و سیاسی ! نەک بوونی نیە،م بەڵکو کوردستان لە  زۆر لە شارەکانی دوبەی وبڕۆکسل و ڤانکۆڤەر زۆر پێشکەوتووترە.  وەک ئەڵێن خوانەکا گەر یەکێک لە ئەندامانی بەڕێزی هەر دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار بە کڕۆنا گیانی دەرچێت، لەبەر نەبوونی و هەژاری ئەو دوو بنەماڵە بەڕێزە  ئەبێت شاروەوانی خۆی کفن و دفنیان کات!، ئەو پەرپرسە هەژارانە لە کوێ کاتی هەڵوێست وەرگرتینیان هەیە بەرامبەر هێرشە تازەکەی هاوشێوەی مەغۆلەکان لە تورکیای دۆستەوە ، ئەوان بەستەزمانانە لە پایتەخت هەر خەریکی  شەڕی نان و جێبەجێکردنی بەندەکانی ١٤٠ و گەڕانەوەی کەرکوک و ئامادەسازیش بۆ ڕێفراندۆمێکی تر دەکەن، کە وەک سیاسیە لێهاتوەکانمان دڵنیایان کردوویین وەک جاری پێشوو زیاتر لە سەدا نەوەدی جیهان پشتگیری دەوڵەتبوونمان دەکات!!!، ئەو بەرپرسە بەستەزمانانە نابێت گلەییان لێ بکرێت خۆ ئەوان نە کەسیان لە پایتەخت هەیە پۆستی زل و قەبەی هەبێ، ، و نە  هێزی میلیشیایشیان هەیە، چما هێزی نیزامی کە هاوپەیمانان ڕاهێنانیان پێکردبن!، دەبێت هەموان ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی بمانجوڵێنێ خۆ ئەو هەموو پیاوە مەزنانەی شاخ پێویستە ئێستا لە جوانترین باخ و بێستان و ڤێلای سەردەمیانە ژیان بەسەر بەرن نەک وەک ئێستا وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و هۆلەندا بە پاسکیل بە شەقامەکاندا پیاسە کەن!! سەرکردە سەربازیەکانی ئێمە ، گەر پیرو پەکەوتەش بوبن پێویستە هەر ئەوان و کوڕ و کوڕەزاو خێڵ و موریدەکانیان پۆستە سەربازی و کارگێریەکان وەرگرن و بکرێنە جەنەڕاڵ و کۆلۆنێل ، نەک خانەنشێنێکی سادە و خاکی وەک ئێستایان !!پاشان هێزی چەکدار چی پێویستە لە بەرامبەر دوژمنێکی هار و سەرسەخت و مرۆڤکوژا بەکاربهێنرێ، ئەی ئەگەر خوانەخواستە شەڕێک لە ناو یەکخێزان لەسەر دەوازەیەکی زۆر هییچدا ڕوویدا، ئەوکات کەەس سەری ناپرژێتە پاراستنی پەرژەوەندی خێزان و دیوەخان وسەرۆک تیرەکان !!! ، و خۆ هەردەمێکیشە تۆڕە سیخورەکانی وڵاتانی دراوسێ و بنکە سەبازیە مرۆڤدۆستیەکانیان  ئاسایش و سەقامگیری سنورەکان و پاراستنی گیانی خەڵکیان لەم هەرێمە ساوایەدا  لە ئەستۆ گرتوە و  خەڵکی ئازاد و تێر هییچ پێویستیان نە بەهێزی ناوخۆ و نەهێزی هاوپەیمانان ماوە  !ئەوە نیە وەک سویسرا ناوبانگی هەرێمی دیمۆکرات و سۆشیال دیمۆکرات لە ڕۆژنامە جیهانیەکان بەربڵاوەو هەزاران گەشتیاری ئەڵمانی و فرانسی و تەنانەت سۆمالیشی ڕاکێشاوە تە هەرێمەکەی خۆمان!!. هەڵویستی کوردانەو جوامێرانەی قەیس خەزعەلی یەکەم پێشینەی یاریکردنێکی  پڕۆفیشۆنالی سیاسەتمەدارێکی هەم شیعە و هەم عەرەب و هەم فاشی تاسەرئێسقان  نیە، ئەو جۆرە سیاسەتە زیرەکانە ، کە شکور بۆ خوا سەرکردە مێژوویییە کوردەکان هییچ پێویستیان پێنیە، لەسەر بنچینەی دوژمی دوشمنەکەم دۆستمە ڕێچکەی گرتوە، و دووریش نیە هەمان قەیس خەزعەلیەکانی  کورد دۆست، بەڵام فاشیست بە دەرەجەی یەکەم ، جارێکی تر لەگەڵ سوڵتانەکانا دەست نەخەنە دەستی یەک و شانزەی ئۆکتۆبەرێکی تر نا، بەڵکو وەک داعیشە تیرۆریستەکان هەموو هەڕێم وەک یەزیدیەکان لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا قەتل و عام نەکەن. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×