پارتی و یەکێتی دووڕووی یەک دراو و دوو سیاسەتی پێچەوانە
شاهۆ عەبدوڵا
2020-06-04   596
گومان لەوەدا نیە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتداری سەرەکی ئەم هەرێمەن و هیچ شتێک بەبی ڕەزامەندی ئەم دوو هێز نەڕوودەدات و نەتێپەڕ دەبێت، بەتایبەت لایەنە ئابورییەکەی ژێر دەسەڵاتی هەردوولا. ئەگەر هەموو حزبەکانی تر بێبەری بکرێن لەو نەهامەتییەی بەسەر ئەم هەرێمە هاتوون. ئەوا بۆ پارتی و یەکێتی شتێکی مەحاڵە بێبەری بکرێن. ئۆباڵی زۆرینەی هەرزۆری نەهامەتییەکانیش خودی ئەم دوو هێزە.
پارتی و یەکێتی بەندازەیەک تێکەڵ بوون لەبەڕێوەبردنی لایەنی بازرگانی و داراییەکەی هەرێم، زۆر ئاستەمە بەرژەوەندییەکانیان جیابکرێنەوە. هەندێکجار هاوشێوەی تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەن وەها تێکئاڵاون. بەرژەوەندییە ئابورییەکانی هەردوو حزب هێندە گەورە و لەپێشن بەئاسانی ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا دەنێنن و دەبنەوە دۆستە ستراتیژییەکەی جاران.
بەبوون بەسەرۆک وەزیرانی مەسروربازرانی و هاوسەرۆک بوونی لاهوری شێخ جەنگی، هەرێمی کوردستان لەبری بەرەو مەدەنی کردن، زیاتر لەمەعەسکەرێکی ئەمنی و سەربازی دەچێت. هەریەکەیان بەشێویەکی تر لەحزب و هێز دەڕوانێت. بۆیە دەبینین جیاواز لەڕابردوو، یەکێتی خەریکی بەهێزکردنی پایەکانی حزبە و هەوڵی دانانی کەسانی خاوەن نفوز و نزیک لەبنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی بەبەرپرسی مەڵبەندەکان، لەهەوڵیش دایە کەسایەتییەکانی ناو حزبەکەی گەورەتر لەپایەکانی پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان پیشاندەدات. هەروەها لەبری ستافی حکومەت کەسەکانی ناوحزب زیاتر لەڕاگەیاندن دەردەکەون و هاوکاری دەگەیەننە خەڵکی و سێکتەرەکانی حکومەت، وەک ئەوەی حکومەت چاوەڕێی دەستی حزبە و یەکێتیش گەورەتر لە حکومەت دەردەکەوێت. لێدوانی چەند ڕۆژە و دوێنێ هاوسەرۆکانی یەکێتی لەبارەی ڕێگری نەکردن لەخۆپیشاندان و ڕاسپاردنی دەزگا ئەمنییەکان بەبەرکارنەهێنانی توندوتیژیی بەرامبەر بەخۆپێشاندان، ئەو پەیامەی لەتەک خۆیدا هێنا حزب و بەرپرسانی حزب گەورەترن لەپایەکانی حکومەت. لەکاتێکدا دەبوایە پارێزگار یان بەرپرسانی ئەمنی شار ئەو کەیسەیان بەدەستەوەبوایە کەنیە.
هەرچی لەبارەی مەسرور بەرزانییەوە لەسەرەتایی دەستبەرکاربوونییەوە، لەهەولداییە پێگەی ئەنجومەنی وەزیران و لەناویشیاندا وەزارەتی ناوخۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی و بچوکترین بەڕێوەبەرایەتی ئەم هەرێمە بەکاربهێنێت. ئەمەش بۆ جڵەوکردنی حزبییەکانی سەربە حزبەکانی دیکەی ناو حکومەت لەلایەک و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەشەی حزبەکەی خۆی لەڕێگەی بڕیارەکانی حکومەتەوە کەوەک چاوی بەرەیەی ئامۆزاکەی سەیریان دەکات.
بەپوختی لەهەردووباردا هەرێمی کوردستان کەوتووەتە نێوان ململانێی دوو کەسایەتی حزبی و ئەمنی، کەهەریەکیان خەریکی قایمکردنی پێگە و شوێنپێیی خۆیانن چ لەناو حزبەکەیان، چ لەناوحکومەت. ڕنگە براوەش هەر خودی خۆیان بن و دۆڕاوەکەش خەڵکی ئەم هەرێمەن لەنێوان ململانێیەکی بیرتەسکی کورت مەودا، کە زۆرباش لەوە دڵنیان بێیەک نایانکرێت و ناتوانن ئیدارەی بەرژەوەندییەکانیان بدەن.