ئەفسانەی بێدەنگکردنی چەک‌و بۆمبەکان!

کامەران عەزیز
  2025-04-10     108

بۆچی بۆمبەکان بێدەنگ نابن..؟ ئایا کەی چەکەکان بێدەنگ دەبن..؟ هۆکاری دەنگدانەوەی چەک‌و بۆمبەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چی‌یە..؟ ئایا ساتێک هەبوە لە گۆشەیەکی ئەم دونیا بەرینەدا چەکەکان بێدەنگبن..؟ لە سەردەمی بەربەریەتەوە تا ئەمڕۆ مرۆڤ بەبێ چەکی سوک‌و قورس هەستی بە دڵنیایی‌و حەوانەوە نەکردوە، ئایا ئەو ترسە گەورەیە چی‌یە کە هەم لە بون‌و هەم لە نەبونی چەک‌و بۆمبەکاندا مرۆڤەکان هەست بە دڵەراوکێ‌و ترس دەکەن..؟!

ئایا بەردەوامی ئاگرو دەنگی چەک‌و بۆمبەکان هۆکاری تێکچونی هاوسەنگی نێوان عەقڵی شەڕەنگێزی‌و ئاشتیخوازی یان دەرونی مەجازی مرۆڤەکانە..؟ ئەی دەبێت هۆکاری تێکچونی هاوسەنگی هەردوو دیوی ئاشتیخوازی‌و شەڕەنگێزی، خێرو شەڕو ئارامی‌و پشێوی مرۆڤەکان چی‌ بێت..؟ بۆچی لە ساتی جەنجاڵی‌و جەنگدا هەر زوو توشی شڵەژان‌و بێئومێدی دەبن، بە هەمان شێواز لە ساتی ئارامی‌و بێدەنگیدا هەراسان‌و بێزار دەبن‌و هەر زوو دەیانەوێت تەوقی ئەو بێدەنگیە بشکێنن، هەوڵی دروستکردنی دەنگێکی پڕ شۆک‌و ڕاچڵەکاندن دەبەن..؟!

بۆچی سەردەم دوای سەردەم لەگەڵ هەر گەشەیەکی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی زانستیدا مرۆڤایەتی نەیتوانی عەقڵی شەرەنگێزی‌و خودپەرستی‌و خواستی چەک‌و توندوتیژی لە دەرونی مرۆڤەکاندا بسڕێتەوە..؟ لە دوای ئەو هەموو گەشەو پێشکەوتنە زانستی‌و داهێنانی ژیری دەستکردا بۆچی ئەمڕۆ لە سایەی سیستەمە پێشکەوتوەکاندا پەرە بە تەکنەلۆژیای سەربازی دەدرێت‌و مەیلی جەنگ‌و دەنگی بۆمبەکان لە عەقڵیاندا هەر دەدرەوشێتەوە..؟

ئایا هۆکاری سەرەکی ئەوە نییە کە تەواوی مرۆڤایەتی خاوەنی سیستەمێکە کە سەردەم دوای سەردەم لەگەڵ هەموو گەشەو پێشکەوتنێکدا هەر سێ خاسیەتی(شەرەنگێزی و خودپەرستی و دەستەڵاتخوازی) لەگەڵ خۆیدا نەوە بۆ دوای نەوە دەیگوازێتەوە..؟

ئایا بیری دەستەڵاتخوازی و پاوەنخوازی و داگیرکاری و کێبڕکێی ئابوری و بازرگانی (مرۆڤی باڵا) سەرچاوەی دەنگدانەوەی هەمیشەیی بۆمبەکان نی‌یە..؟

ئایا بێدەنگ نەبونی چەک و بۆمبەکان، هۆکاری بەردەوامی ململانێ‌و کێشەی نەتەوەیی‌و کولتوری و ئایینی و نەبونی مافی ناسنامەو شوناسی جیاوازی مرۆڤەکانە..؟

ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە دوای کوشتنی میلۆنەها مرۆڤ و وێرانکردنی زۆربەی شارەکانی ئەوروپا لە دوای تراژیدیا مێژووییەکان، بزوتنەوەی پۆزەتیڤیستی چالاک بوەوەو قۆناغی دووەمی ڕێنینسانس دەستی پێکردو ئەوروپا بوە ناوەندی ململانێ‌‌‌ی بەها مرۆییەکان‌و مافەکانی مرۆڤ‌و بەڕیوەبردنی سیاسی‌و دیموکراسی‌و ئازادی تاک‌و دادپەروەری‌و یەکسانی‌و لێبوردەیی‌و گەشەی زانستی، تا پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان(ڕوسیا و ئۆکرانیا) لە ساڵی ٢٠١٤دا، توانی لە ماوەی ئەم زەمەنە مێژووییە بەبێ جەنگ و بەبێ دەنگدانەوەی بۆمبەکان بە ئارامی ژیان بگوزەرێنێت..؟!

وە بە دیوە پێچەوانەکەیەوە بۆچی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەردەمی ئیمبراتۆریەکانی عوسمانلی و عەباسی و  کۆڵنیالیستەکان و ئیمپریالیزمی جیهانی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت مانگێک یان ساڵێک بەبێ بونی دەنگی چەک و بۆمبەکان تێنەپەڕیوە..؟

لەسەر بنەمای ئەم بۆچونانەی سەرەوە بیرکردنەوەی شەڕەنگێزی‌و زەنگی هەڵگیرسانی جەنگ زاڵترە لە بیرکردنەوەی ئاشتیخوازی و دیپلۆماسی سیاسی..! باهۆزی  جەنگ ڕۆژانە وەک ڕەشەبا دەلورێنێ‌و ڕۆژی سنورێک دەبڕێت، زەنگی شەڕ پێمان دەڵێت بێخەم پاڵی لێمەدەنەوە هەموو سات هۆکار و فاکتەری دەنگی چەک و بۆمبی جەنگەکان لە نوخبەی دەستەڵاتداراندا هەر چالاک‌و زیندوە..!

کێبڕکێ بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی لە ساڵانی پێشوتر زیاتر بوەو دەوڵەتە زلهێزەکان بودجەی زیاتر و گەورەتری بۆ دابین کردوە..! ئایا هۆکارەکەی توندبونەوەی ناکۆکی نێوان کولتورە جیاوازەکانە یان توندبونەوەی ململانێ‌ وناکۆکی دەستەڵاتداریەتی سیاسی‌‌و نوخبەی بچوکی سەرمایەداران‌و خاوەن کۆمپانیا جیهانیەکانە..؟!

ئەمڕۆ هەمان فاکتەری لێکچو و هاوبەشی جەنگی یەکەم‌و دووەمی جیهانی کە بریتبون لە ( گەشەی بیری ڕيگەزپەرستی و فاشیزم، داگیرکاری و پاوەنخوازی دەوڵەتە زلهیزەکان، دابەشکاری و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی کەرەسەی خاو و کانزاکان‌و چاڵە نەوتەکانی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و گۆڕینی دیزانی جوگرفیای سیاسی‌و ئەزمەی ئابوری‌و سیاسی هەروەک سەردەمی کۆڵۆنیالیستەکان..هتد) لە دۆخی سیاسی دونیای ئەمڕۆدا هەمان هۆکار و ئایدیاو بنەمای مێژوویی، جارێکی دی دەبنە پاڵنەری  لێدانی زەنگی جەنگێکی ناوچەیی‌و جیهانی..!!

 بەپێ‌ی ڕاپۆرت‌و هەواڵی رۆژانەی میدیا جیهانیەکانی ئەمڕۆ، زۆربەی دەوڵەتان خۆیان بۆ دۆخی جەنگ ئامادە دەکەن، مرۆڤەکانیش لە یەک کاتدا هەم گوێی راستیان کردۆتەوە بۆ دەنگدانەوەی دەنگی چەک و بۆمبەکان، هەم لە ترساندا دەستێکیان ئامادە کردوە تا گوێ‌ی چەپی خۆیانی پێبگرن..!!

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×