چەند هەرێمێک لە نێو هەرێمێکدا..!

کامەران عەزیز
  2023-09-16     352

خەڵکی کوردستان لە مێژە لە شوێن‌و سنورێکی جوگرافی و میللی و کۆمەڵایەتی و کولتوری خۆیاندا دەژین، دەوڵەتانی داگیرکار لە مێژەوە بە تۆقاندن‌و سێدارەو کوشتن‌و ئەنفال‌و کیمیایی‌ نەیانتوانیوە تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زێدی خۆیان بۆ ئەبەد هەڵبکەنن‌و بۆ شوێنێکی دی ڕاگوێزیان بکەن. 
بە درێژایی مێژوی دروستبونی دەوڵەت لە عێراقدا، گۆڕین‌و ڕوخاندنی هەر حوکمڕانی و ڕژێمێک لە عێراقدا، خەڵکی کوردستان پارێزگاریان لە نیشتمان‌و زمان‌و کولوتوری نەتەوەیی‌و جێنشینی خۆیان کردوە، خاوەنی قەوارەیەکی جوگرافی سیاسی‌و نەتەوەیی‌و کۆمەڵایەتی کولتوری هاوبەش و گشتی بون بەبێ دابڕانی  بادینان لە سۆران‌و سۆران لە هەورامان‌و گەرمیان، وە بەبێ جیاکاری کردن لە نێوان کەمێنەکانی وەک تورک‌و عەرەب‌و ئاشوری‌و یەزیدی‌و کاکەکەیی‌و مەسیحی.    

لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان‌و ‌هێزو سوپای ئەمەریکا، هاوکات ڕاپەڕینی گشتیی خەڵكی کوردستان‌و عێراق، حیزبە ئۆپۆزیسۆنە چەکدارە عێراقی‌و کوردستانیەکان گەڕانەوە نێو مەیدانی سیاسی شارەکانی عێراق، لەم فرسەتەدا هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئیداری سیاسی بەدەستهێنا، لە نێو ئەم قەوارە سیاسیەی هەرێمی کوردستاندا، حیزبە کوردیەکان کەوتنە ململانێ‌ی سیاسی و بەرپاکردنی شەڕو پێکدادانی فیزیکی‌و چەکداری‌و کوشتنی یەکتر، لە ئەنجامدا بە ڕێکەوتنی سیاسی هەرێمی کوردستانیان دابەشکرد بە سەر چەند هەرێمێکی جیاوازدا.

 پارتی دیموکراتی کوردستان ناوەندی دەستەڵاتی سیاسی خۆی لە ناوچەی بادینان جێگیرکرد، وە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ناوچەی سۆران ناوەندی دەستەلاتی سیاسی خۆی جێگیر کرد، وە هەر لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆدا ناوچەی سۆران دابەش بوو بۆ دوو هەرێم و ناوچەی هەورامان بوە هەرێمێکی جیاوازو حیزبە ئیسلامیە سیاسی‌یە ڕادیکاڵە کوردەکان ناوەندی دەستەڵاتیان لە هەورامان بۆ ماوەی چەند ساڵێک تێدا جێگیرکرد..!
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان  دوو هەرێمی حیزبی جیاوازە بە ناوی (زۆنی زەرد)‌و(زۆنی سەوز)، داهات‌و سامانی هەریەک لەم  دوو زۆنە (سەوز و زەرد)ە لە نێوان دەستەڵاتی حیزبی بنەماڵەیی (پارتی و یەکیەتی) بە هێزی (چەک) دابەشکراوە، وە داهاتأو سامانی هەردوو زۆنەکە لە نێوان بەرپرسانی  گەندەڵی سەرەوەی هەردوو حیزبی پارتی و یەکیەتی لە ماوەی ٣٢ ساڵە تەخشان وپەخشان دەکرێت‌و هاوڵاتیانی هەژارو ستەمدیدەی کوردی لێ بێبەش دەکەن..! 
واتا بۆ ماوەی ٣٢ ساڵە هاوڵاتی کورد لە نێو قەوارەی سیاسی گشتی هەرێمی کوردستاندا لەژێر سایەی دەستەڵاتداری سیاسی کوردا بە ڕاستەوخۆیی ئازار دەدرێن‌و دەچەوسێنرێنەوەو لە مافە سەرەتایی و خزمەتگوزاریەکانیان  بێبەش دەکرێن..!
کەواتە دەبێت بپرسێن: 
ئایا هەرێمی کوردستان یەک هەرێمە..؟ ئایا  هاوڵاتیانی کوردستان‌و نوخبەی دەستەڵاتدارانی کورد، خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی ‌یەکگرتو و هاوبەشن..؟ ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەستەڵاتدارانی کوردستان هەمان  بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە..؟ ئایا سامان و داهاتی ئەم قەوارە سیاسی‌یە، لە ماوەی ئەم ٣٢ ساڵەی دەستەڵاتدارانی کوردا، چوەتە نێو خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان..؟! ئایا لە نێو ئەم قەوارە سیاسیەی هەرێمی کوردستاندا، حوکومەت و پەرلەمانێکی کارا پێکهێنرا یان حکومەت و پەرلەمانیکی ناکاراو ڕەمزی..؟
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم گەڕانەوە کورتەدا دەتوانین بڵێێن ئێستا قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی سیاسی (یەکگرتو‌و گشتی و هاوبەش) نییە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان، بەڵکو لە  ئەم قەوارە جوگرافیەی هەرێمی کوردستان لە نێو حیزبە دەستەڵاتدارەکاندا دابەشبوە،  بۆ چەند هەرێمێکی سیاسی جیاواز کە بریتین لە:
١/هەرێمێکی جوگرافی مێژویی‌و گشتی هەرێمی کوردستان.
٢/هەرێمێکی سیاسی بەناوی(زۆنی سەوز).
٣/هەرێمێکی سیاسی بە ناوی(زۆنی زەرد).
٤/ هەرێمێکی سیاسی داگیرکراو بە ناوی(ناوچە جێناکۆکەکان).
دەستەڵاتدارانی کورد لە خوست‌و ویستیاندا نەبو کە شێوازی بەڕێوەبردن لە دوای ڕژێمی بەعس سیستماتیکی بکەنەوەو سیستەمەێکی دادوەری ویاسایی لە چواڕچێوەی ئەم هەرێمەدا دروست بکەن
تا داهات و بودجەی هاوبەش و گشتی بونی نەبێت، سەرچاوەی ئابوری ئەم هەرێمە وون بێت. ئەمە ئەو هۆکارە گەورەیەیە، کە بەرپرسە حیزبیەکان و خودی حیزبە دەستەڵاتدارەکان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان و کۆمپانیاکان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندترن و خاوەنی هەزارەها و میلۆنەها‌و میلیارەها دۆلارن..بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی ٣٦ میلیار دۆلار قەرزارە واتا (ـــ٣٦)میلیار دۆلار لە خوار سفرەوەیە..! وە ئەم قەرزەش دەکەوێتە سەر سامان و داهاتی داهاتوی گشتی هەرێمی کوردستان و سەرشان و سفرەی خاڵی هاوڵاتیان..!!
وەک لەسەرەوە نوسیومە هەرێمێکی جوگرافی یەکگرتو هەبو بە ناوی( هەرێمی کوردستان) کە لە مێژەوە خەڵکی کوردستان لە سەر ئەم هەرێمە نیشتەجێبون‌و بە هەزارەها ساڵ لەسەر ئەم خاکە دەژین‌و پارێزگاری لێدەکەن، ئەم نیشتەجێبونە نیمچە سەربەخۆییەو ئەم هەرێمە هەمیشە پەیوەست بوە بە بیری ئازادانەو بەرزو نزمی ئاستی بەرگری‌و بەرخۆدان‌و ئیرادەی یەکگرتوی خەڵکی کوردستان،لە کەمترین کاتدا پەیوەست بوە بە بون‌و نەبونی حیزبێکی سیاسی،  بە پێچەوانەوە، بون و نەبونی هەر حیزبێکی کوردستانی پەیوەستە بوە بە زیندومانەوەی خەڵکی کوردستان لەم هەرێمە کوردستانیەدا. 
وە نوخبەی دەستەڵاتدارانی سیاسی کوردی لە ژێر ناونیشانی(کوردایەتی)دا، سودیان لەم ئیرادە یەکگرتوەی هاوڵاتیان وەرگرتوە بۆ تاکە ئامانجی پاوەنخوازی‌و  بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی‌و بنەماڵەیی خۆیان، وە بیری ئازادی‌و رزگاری  سەربەخۆیی هاوڵاتی ئەم هەرێمەیان کردە هەوێنێ هەڵتۆقینی دەستەڵاتداریەتی خۆیان.
  بە داخەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە حوکمرانی دەستەڵاتدارانی کوردستان، پاش ئەوەی ئازارو چەوسانەوەو بێمافی لە سایەی ئەم دەستەڵاتە گەیشتە سەر گۆشت و ئێسقانەکانیان ئەوکات لە مەهام و ئەجندای پێچەوانەو پیسی ئەم دەەستەڵاتە تێگەیشتن کە چ بەڕێوەبردنێک‌و حوکمرانیەکیان ئەنجامداوە..!!
 ئێستا ئەم میللەتە لە بارێکی دەرونی زۆر خراپ‌و بێئیرادەو  بێمتمانەو روخاو و بێئومێدیدا ژیان دەگوزەرێنێن ، زۆربەی ڕێگاکانیان لێداخراوەو نازانن چی بکەن‌و پەنا بۆکوێ بەرن..سەریان لێشێواوەو نازانن کام ڕێگایە باشە بیگرنەبەر، تا لەم کاتە تاریکە رزگاریان ببێت..؟؟!!

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×