لە شەڕی دۆڵەکانەوە بۆ شەڕی پۆستەکان..!!

کامەران عەزیز
  2022-01-31     519

هەر وەک چۆن لە سەرتاسەری عێراقدا دەستەڵاتداریەتی پاشخانێکی مەزهەبی و خیڵەکی هەیە،لە کوردستانیشدا حیزب درێژکراوەی هێزو دەستەڵاتی هۆزو خێڵ و عەشرەتە پاشخانی تەریقەتی شێخەکانی قادری و نەقشبەندیان هەیە. دەستەڵاتداری خێڵ و هۆز و عەشرەت و  ئایینیەکان هەڵگری یەک مەهامی هاوبەشن، ئەویش تەنها (دەستەڵاتخوازی‌ و پاوەنخوازی)ە.

خاسیەتە دیارەکانی خێڵ ئەوەیە کە پێویستی بە وێنەو سێبەری (دوژمنێکی فیزیکی و دوژمنی وەهمی) هەیە، دەبێت هەمیشە وێنەی دوژمنێک بەرامبەر بە تەواوی خێڵ دروست بکات و خیڵێکی تر بکاتە دوژمنی خۆی، لەگەڵ ئەم دوژمنەدا هەمیشە دەبێت هەم فەزای شەڕ هەم فەزای ئاشتی دروست بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پێگەی سەرۆکی خێڵ و چالاکی خێڵ به زیندویی بهێڵێتەوە. وە خاسیەتیەکی تری خێڵ ئەوەیە لە ململانێ‌ی نێوانیاندا، لە کەمترین کاتدا، بڕوایان بە دیالۆگ وگفتوگۆو هەیە، وە تەنها پارسەنگی هێز دەتوانێت گفتوگۆ ولێکنزیکبونەوە دروست بکات، چونکە نەریتی خێڵ  بڕوای بە پەیڕەوکردنی نەریت و پڕنسیبی زۆرانبازیە، بڕوای بە ملکەچی و (شەرەف) شکاندن و ژێرکەوتنی ئەویدی‌ و سەرکەوتنی خۆی هەیە. وە خێڵ بۆ پاراستنی چوارچێوەو پاوانی خۆی ئامادەیە دەستبەرێت بۆ هەموو هیزێک بە بەێ لەبەرچاوگرتن و هیچ نۆرم و مۆڕاڵێکی مرۆیی.

حیزب لە کوردستاندا لە کەمترین کاتدا ڕێچکەیەکی عەقڵی و فکری و ململانێ‌ی مەدەنی گرتوە، بۆیە زۆربەی حیزبەکان ئەگەر بە شکڵ هەلگری دروشمی دیموکراتی و دادپەروەری و ئاشتی و مافی نەتەوەیی و بەرنامەیەکی سیاسی و پەیڕەوێکی مەدەنی بوبن، بەڵام لە ململانێ‌‌ و پراکتیکی سیاسیدا پێچەوانەی ئەم مەهام و ئامانج و بەهایانە بون، شەڕیان لە پێناوی (پاوەنکردن) و سەروەری خێڵ ئەنجامداوە. ململانێ سیاسیەکان و شەڕی سەربازی حیزبەکان نەک هەر لەسەر هیچ بەهایەکی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەیی نەبوە، بەڵکو هەموو بەها هاوبەش و کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکانی ئەم نیشتمان و کۆمەڵگایان کردۆتە قوربانی دەستەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان.

بیری ( خێڵ و هۆزو عەشرەت) پەیوەستە بە (زەوی و کێڵگە)وە، وە ئاستی دەستەڵاتی خێڵ بەستراوە بە بەرین و فراوانی کیڵگەوە، نە شار بە مانا شارستانیەکەی لە بیرو نەریتی(خێڵەکی)دا بونی هەیە، نە نیشتمان بەمانای سەر زەمینێکی گشتی بۆ ژیانی  تەواوی هاوڵاتیان لە عەقڵ و نەریتی(خێڵ)دا بونی هەیە، نە بەهاو نۆرم و شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی لە عەقڵی خێڵدا بونی هەیە. بەڵکو لە دیدی خێڵدا نیشتمان و شار (کێڵگەو مەرزێک)ی گەورەی بازرگانی‌یەو دەبێت لە ژێر سایەو سێبەری خێڵدا بڕوات بەڕێوە، بە مانایەکی دی شارو کولتوری شار دژی پێکهاتەی خێڵە.

لە سەدەی بیستەمدا بەهۆی ئەو گۆڕنکاریە سیاسی و فکری و ڕۆشنبیریەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ڕۆژئاوا ڕویاندا، بەرنامەو دروشم و داواکاری سیاسیەکانی زۆربەی رێکخراوەکانی جیهانیش گۆرانیان بەسەردا هات. بزووتنەوەی کوردایەتی و ڕێکخراوی سیاسی لە کوردستاندا لە  شکڵدا گۆڕانیان بە سەرداهات، بە تایبەت هەردوو بنەماڵەی (بارزانی و تاڵەبانی) هەر یەکەیان ناوی ڕیکخراوێکی سیاسیان بۆ خۆیان داتاشی بە ناوی ئەم دوو ناونیشانە سیاسی‌یە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) بەکاربهێنن.

کاتێک لە شاخ هاتنە خوارەوە، بە هەمان عەقڵی خێڵ و شاخەوە گەڕانەوە، نەک هیچ گۆرانکاری و داهێنانێکی شارستانیان لە چؤنیەتی بەڕێوەبردن و کولتوری سیاسیدا نەکرد، بەڵکو بە چەند هەنگاوێک داهێنانی خراپتریان لە شێوازی پێکهاتەی دەستەڵاتدا داهێنا.

جیاکردنەوەی ناو ناونیشانی(خێڵەکی و مەزهەبی) خۆیان و ناسانی خێڵەکانی خۆیان وەک پێکهاتەی ڕێکخراوێکی سیاسی مەدەنی ڕزگارکارو دروستکردنی وەهمیکی فکری سیاسی، تا بتوانن نوخبەی ڕؤشنبیرو خوێندەوار و هێزی مرۆیی و تەواوی هۆزو عەشیرەتەکانی کوردستان لە بۆتەی خێڵی خۆیاندا کۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی هێزی بەرگری مرۆیی بکەنە ئامرازو بنەمای هێزێکی گەورە بۆ بەدەستهێنانی دەستەڵاتداریەتی خۆیان.

وە لە لایەکی دیەوە توانیان کێشەی سیاسی و مافی نەتەوەیی  خەڵکی کوردستان  گرێ بدنەوە بە عەقڵی دەستەلاتخوازی خۆیانەوە.

وە زانستی سیاسی لە شێوازی بەڕێوەبردن جیابکەنەوە و دەستەڵاتی پاوەنخوازی خێڵەکی خۆیان بەبێ هونەری سیاسی بە سەر خەڵکیدا بسەپێن.

هەرە گۆڕانکاری گەورە (پارتی و یەکیەتی) توانیان ئەنجامی بدەن، گۆڕینی پاوەنخوازی و داگیرکاری خێڵەکی و بنەماڵەیی لە شارەکاندا بگۆڕن بە (گەندەڵی مەرکەزی)، واتا پاوەنخوازیان گواستەوە بۆ نێو دەستەڵاتێکی باڵای حوکمرانی، بۆ نێو پۆستە گرنگ و گەورەکانی نێو دەستەڵات و حکومەت، بە مانایەکی تر پۆستە گرنگ و باڵاو ستراتیژیەکانی حکومەتی هەرێمیان لە نێوان هەردو بنەماڵەی (بارزانی و تاڵەبانی)دا تواندەوەو داهات و سامانی گشتی و نەتەوەیەک بخەنە ژێردەستی دەستەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان.

لە ئەنجامی ئەم هەنگاوە گرنگ‌و ستراتیژەیە توانیان سیاسەتی شارستانی و مەدەنی، پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراتی لە ڕێڕەوی سروشتی خۆی لابدەن‌و بیخەنە سەر سەر ڕەوتی نەریتی خێڵەکی و ڕێکەوتنی نێو دیوەخانەکان، تا پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکاراتی هەرگیز نەتوانێت  گۆرانکاری لە دەستەلاتی میلیشیاییدا بکات.

هەرچەندە ئەم دوو حیزبە خێڵەکی و میلیشیایی وسەربازیە هەمیشە ململانێ‌یەکی ساردو نافیزیکی و گەرم و فیزیکی  لە نێوانیاندا بونی هەبوە، ئەوا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە هاوکێشەی دەستەڵات و دابەشکاری نێوان ئەم دوو بنەماڵە خێڵەکیە کێشەی تێکەوتوە،  ناتوانن هاوتایی و هاوسەنگی داگیرکاری و پاوانی کێڵگەکانی (نەوت و غاز و باج و پێگەو پۆست و بەرژەوەندی ئابوری) یەکتر بپارێزن. ترسی ئەم لاسەنگیە ئەم دوو هێزەی توڕە کردوەو هەرەشەی جیاکردنەوەی حوکمڕانی هەردو زۆنی (سەوز و زەرد) دەکەن، دروستکردنی دۆخی ململانێ‌یەکی توند لە پێناو پێگەو پارەو پۆستەکاندا..!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×