مرۆڤو بەهاکان
کامەران عەزیز
2020-06-22   1274
بههای جهستهی مرۆڤ لهبۆشایی دەستەڵاتدا..!
بەشی سێیەم:
لەو سەردەمەوەی جەستەی مرۆڤ سەرچاوەی هێزی کارو داهێنان بوە، جەستەی مرۆڤ پۆلێن کراوە بە چەند جۆرەوە، ئەم جۆرە جەستانە پێش ئەوەی کۆمەڵناسێکو مرۆڤناسێک جیایان بکاتەوەو بیانناسێنێت، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە پێی ئەزمونی کارکردنو شەڕو جەنگەکانو چۆنیەتی پێوەری دەستەڵاتو سیستەمەکانو کولتورو ئایینو ئایدلۆژیاو یاساو ڕێساکان، دابەشکاریو جیاکاری لە نێوان جەستەی مرۆڤەکاندا کراوە.
لە مێژەوە جیاکاری لە نێوان بەهای (مرۆڤی سروشتی) و بەهای (جەستەی مرۆڤ) کراوە. واتا ئەم دوو بەهایە هەرگیز یەک بەهای یەکسانو هاوتاو جوت نەبون، چونکە کاتێک کە دەڵێین (بەهای مرۆڤ) ئەگەر ئەو مرۆڤە خاوەنی هەر جۆرە جەستەیەکی لاواز و بەهێز و پەکەوتە یان پیرو گەنج، نێر یان مێ، باوەڕدارو بێ باوەڕ، بە هەرجۆرە زمانێک بدوێ, یان هەر ڕەنگێکی هەبێت،خاوەنی بەهای ئینسانی خۆیەتی.
بەڵام کە دەلێین (بەهای جەستە) ئەوا چۆنیەتی جەستە لە ماناو بەهای مرۆڤی ڕوت وسروشتی جیا دەکرێتەوە..واتا پێوەرێکی دی هەیە بۆ جیاکردنەوەی چۆنیەتی (بەهای جەستە) لە (بەهای ڕووتی مرۆڤ) بە موجەڕەدی، هەر ئەم جیاکردەنەوەیە دەبێتە بنەمای بەخشینی نرخو بەهایەکی مادیو ئابوری جەستەی مرۆڤ لە ساتی بەرهەمهێنانو بازاڕی کڕینو فرۆشتندا..!
وە جەستەی مرۆڤ تەنها لە رووی هێزو تواناوە دابەش نەکراوە، بەڵکو لە رووی بایۆلۆژی و نەژادی و سێکسوالێتیو جەندەریو چینایەتییەوە جیاکاری لە نێوانیاندا کراوە. بۆ نمونە(جەستەی مێینەو جەستەی نێرینە، جەستەی کۆیلەو جوتیارو کرێکار، جەستەی بەهێزو لاواز، جەستەی ڕەشو سپی، جەستەی حەرامو حەڵال، جەستەی پیرو گەنج، جەستەی کاریزماییو بێبەها، جەستەی جوانو جەستەی ناشیرین، جەستەی چێژداری و سێکسی).
هەر لە یەک لەم جۆرە جەستانە، بە پێی چۆنیەتی دەستەڵات و یاساو باوەڕو پێوەری کۆمەڵایەتی سەردەمە جیاوازەکان بەهایەکی تایبەت بە خۆیان هەبوە.
بەهای جەستەی کۆیلە..!
فیلمی سپارتاکۆس کە فیلمێکی مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەستەڵاتی ئیمبراتۆرو پاشای ڕۆمەکان چەندین سەدە پێش ئیستا، ئەم فیلمە چ جای جیاوازی چینایەتی و نەبونی بەهای ئینسانی پیشان دەدات، لە هەمان کاتدا جیاوازیو جیاکاری لە نێوان جەستەی کۆیلەکانیش پیشان دەدات، دەبینین کە چ پیوەرێك هەبوە بۆ نرخاندنی جەستەی کۆیلەکان لە دیدی ئیمبڕاتۆری رۆمەکاندا. پاشاکانی ئەو سەردەمە بەشێک لە بازرگانیکردنیان لەسەر کڕین وفرۆشتن و جەستەی کۆیلەکان بوە، کۆیلەیەکی خاوەن جەستەیەکی بەهێزی جەنگاوەر بە هۆی جەستەکەیەوە زۆرترین نرخی هەبوە لە بازاڕدا..!
بەهای جەستەی مێینە:
جەستەی مێینە لە رووی سروشتیو بایلۆژیەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ جەستەی نێرینەدا، بەڵام لە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵگای پیاوسالاریو خێڵەکیدا ئەم جیاوازیە بایلۆژیە کراوەتە بنەمای دروستبونی تێڕوانینێکی جیاوازی کۆمەڵایەتی جیاکاری گەورە لە پێگەی نێوان ئەم دوو جەستەدا کراوە. ئەم جیاکاریە کۆمەڵایەتییە جەستەی مێینەی وەک (شتێک) پێناسە کردوە بۆپیاوان، ئەم شتە وەک بەهایەکی فەنتازیایی سێکسوالیتی و چێژی سێکسی بە نیعمەتێک بۆ پیاوان پێناسەکراوە، بۆ تێرکردنی ئارەزو و جەستەی پیاوان. کە(فرە ژنی) نمونەیەکی زیندوە.
مێینەکان بە پێچەوانەی پیاوانەوە نەیانتوانیوە بە ئازادی مامەڵە بە جەستەی خۆیانەوە بکەن و چێژ لە جەستەی خۆیان ببینن. تەنانەت لە تەمەنێکی نەگونجاو ومنداڵیدا پیاوان جەستەی مێینەکانیان داگیرکردوەو بۆ هەوەسی نێرینەی خۆیان بەکاریان هێناوە.
بۆ نمونە لە کاتی زاوزێدا جەستەی ژنان وەک جەستەیەکی بەرهەمدار بۆ بەردەوامی نەسڵو ئەسڵی خێڵ بەکارهێنراوە، واتا ئەگەر ژنێک توانای زیادکردنی مرۆڤیکی تری نەبوبێت بۆ نێو خێڵ و کۆمەڵگا، ئەوا ئەو ژنە وەک دارێکی بێبەرو بێبەرهەم سەیر کراوە.
بەهای جەستەی کرێکار :
جەستەی مرۆڤ له ڕووی بایۆلۆژییهوه خاوهنی جهستهیـــهکـــــی فیزیکی زیـندوه، یان چالاکه و توانای گهشه و بیرکردنهوهو کارو گۆڕانکاری ههیــــه یان ســــســـتو لاوازو نا چالاکو نهخۆشە.
لە بازاڕێ فرۆشتنی هێزی کاردا، ڕاستەخۆ پێوەرێکی ئابوری هەیە، ئەگەرجەستەیەکی چالاک و بەهێز بێت و توانای کاری قورسو زۆری بۆ دروستکردنو بەرهەمهێنان هەبێت، ئەوا نرخ و بەهایەکی باشی هەیە لە بازاڕی فرۆشتی هێزی کاردا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر جەستەیەکی لاوازو بێتواناو نەخۆشی هەبێت، ئەم جەستەیە بە جەستەیەکی پاسیڤو ناکارا هەژمار دەکرێت هیج بەهاو نرخێکی نییە لە سیستەمی سەرمایەداریدا، لە وڵاتەکانی وەک ئەمەریکا سەر شەقامەکان جێگای شەو و ڕۆژیەتی..!
بەهای جەستەی حەرام وحەڵاڵ:
جەستەی حەرام یان حەڵاڵ، زیاتر مانایەکی دینی هەیە، سەوابتە ئایینەکان پێوەری جیاکاری نێوان جەستە حەرام و حەڵاڵەکانە، واتا هەر کەسێک توانی بڕوا بە ئایینێک لە ئایینە ئاسمانیەکان بهێنێو پەیڕەوی عورفو شەریعەتەکانی بکات، ئەوا قەشەو ئیمامو موفتیەکان بە جەستەیەکی حەڵاڵ قبوڵی دەکەن، وە لەو کاتەوەی کە قبوڵ دەکرێت بەهایەکی تایبەتی دینی پێدەبەخشڕێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بڕوایان پێنەهێنێت و دژی ئەحکام و شەریعەتەکانی بوەستێتەوە، ئەوا جەستەی ئەو کەسە بە جەستەیەکی کافر و حەرام پێناسە دەکرێت، لەم دینانەدا نەک هیچ بەهایەکیان نییە، بەڵکو بە جەستەیەکی پیس دەناسرێتو تێکەڵبونی حەرامە، جەستەی حەرامیش دەبێت لەسەر زەوی بسڕێتەوە ..!
بەهای جەستە لە بۆشای ئۆرگانی حیزبدا:
لە دونیای مۆدێرنەدا، بەهای جەستە لە بۆشایی ئۆرگانی سیاسی و پەیکەری دەستەڵاتەکاندا، زۆربەی جۆری جەستەکان دەتوانن لە بۆشایی ئۆرگان و دەستەڵاتی سیاسیدا جێگای خۆیان بکەنەوە بە مەرجێک جەستەیەکی زیندو بێتو توانای دەنگدانو ڕەئدانو هەڵبژاردنی هەبێت.
ئۆرگان هەروەک پێکهاتەی خێڵ و عەشرەت (ناوەوە و دەرەوە)ی بۆ جەستەی مرۆڤەکان هەیە، ئینتماو بێ ئینتیماییو ئەندام بونو ئەندام نەبونو بە دیسپلین و تەسلیمبون، پێوەری نرخ و بەهای جەستەی مرۆڤەکانە لە دیدو تێڕوانینی ئۆرگانە سیاسیەکانی دەستەڵاتخوازیدا.
لەناوەوەی ئۆرگانەکاندا دیسان جیاکاری جەستەیو عەقڵی لە نێوان ئەندامانی ئۆرگانەکانی دەستەڵاتدا دەکەن، هەمیشە پێکهاتەی سوپای دەزگا سەربازیەکانیان، بە مرۆڤی خاوەن جەستەی بەهێزو جەنگاوەر پڕ دەکەنەوە، مرۆڤی لاوازو پاسیڤ دەکەنە دەرەوەی دەزگا سەربازیەکان.
جەستە لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا.
لە سەردەمی باڵای تەکنەلۆژیدا دیسان بەهای (مرۆڤی ڕوت و سروشتی) پێوەر نییە بۆ بەهای مرۆڤەکان، بەڵکو گونجاندنی هەموو جۆرە جەستەکانی مرۆڤە لە نێو دەزگا ئابوریو سیاسیو کولتوریو کۆمەڵایەتییەکاندا، چۆنیەتی پێوەرەکان بۆ جیاکردنەوەو بەهای جەستەکان لەم سەردەمەدا گۆڕانیان بەسەر دێت بۆ نمونە( هێزو بازو) پێوەری پێوانەیی نابێت بۆ بەخشینی بەهای جەستە، بەڵکو پێوەرێکی دیکە جێگای ئەم پێوەرە دەگرێتەوە، لەسەر دەمی تەکنەلۆژیادا جەستە وەک سەرچاوەی عەقڵو داهێنان سەیر دەکرێت بۆیە جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان تێڕوانی کۆمەڵگای پێش سەدەی پیشەسازی و خودی سەردەمی پیشەسازی.
لە سەردەمی باڵای زانست و تەکنەلۆژیادا، توانای عەقڵیو هزرو هۆشیاریو بیرکردنەوەو داهێنان کە بەرهەمی مێشکە لە جەستەی مرۆڤدا، پێوەری نرخو (بەهای جەستەی مرۆڤەکانە)، [ستێڤان هۆکینگ] زانای فیزیاو گەردوناسی بەریتانی نمونەیەکی زیندوە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونە، کە مرۆڤێکی هەندیکاپ بو تەنانەت توانای قسەکردنیشی نەبو، ڕۆژانە لەسەر عارەبانەیەکی ئەلکترۆنی کارو ژیانی بەسەر دەبرد، بەڵام ئەم مرۆڤە بەهایەکی گەورەی هەبو لە نێو دونیای زانست وتەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا. بەڵام چەندین مرۆڤی هەندیکاپ و کەمئەندامی دی هەیە، وەک مرۆڤێکی زیادە لە هەمان سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئینگلترادا هەژمار دەکرێت.
وە نمونەیەکی زیندوتر بۆ سەلماندی ئەم دیدەی سەرەوە، یاری سیاسی و ئیداری هەندێک لە دەوڵەتان بە (ڤایرۆسی کۆڤید_١٩) لە بەرامبەر جەستەی مرۆڤە بەتەمەنو پەککەوتەو نەخۆشو ناکارا لە هەندێ وڵاتدا، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن، کە جەستەیەکی کاراو بەبەرهەم، بەهاو نرخێکی سیاسیو بازرگانی هەیەو، پێوەری (بەهای سروشتی) بۆ مرۆڤەکان لە دونای ئەمڕۆدا بونی نییە..!
کۆتایی