با سەری خۆ کز کەین و خەریکی باخەکەمان بین !
سۆزان سەعید
2021-12-02   891
لەدوا گەراندا بەدوای
دونیایەکی باش و کامەران ڤۆڵتێر روناکبیری شۆرشی فەرەنسی لەسەدەی ١٨دا وەک فاڵگەرەوەیەک
هاتبێتە بەرچاوی کە دوای چەند سەدەیەک و ئەمرۆ لە دونیاکەماندا چی دەگوزەرێت. وەک ئەوەی بزانێت
ئەمرۆی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە چ سەردەمێک و نەهامەتییەکدا تێدەپەرێت. باس لەوە دەکات کە
چۆن مرۆڤ بەدوای دونیایەکی ئایدیال و باشدا دەگرێت، بەڵام بەسەردەمانىکدا دەروات
لەم دونیا بۆ ئەودونیا و لە پارچەیەکی ئەم جیهانەوە بۆ ئەو پارچەیەی تری لە کۆچ و جێگۆڕیدایە و هێشتا ناتوانێت دونیایەکی باش بدۆزێتەوە. تەنها
ڕێگریەکانیشی خراپەکاری هاومرۆڤاکانیەتی.
لەکاتێکدا مرۆڤ خۆی
بەرپرسە لە کردارو هەڵسوکەوتی خۆی، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت جیهانێکی باش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ
دەوروبەرەکەی بنیات بنێت. لەهەمان کاتدا ڤۆڵتێر باس لەوە دەکات کە ئەوە
بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤێکە کە نەک تەنها خەریکی خۆی و خیزان و ماڵەکەی بێت، بەڵکو
ئەرکی ئەخلاقیشێتی کە کەم یان زۆر بەپێی توانا کانی بەرپرسیارێتی نەهامەتی مرۆڤەکانی
دیکەش بخاتە ئەستۆ. ڤۆلتیر لە پەرتوکەکەی باس لە کەسێک دەکات بەناوی ``کاندیدی`` .
بەسەرهاتەکانی کاندیدی بەشێوازێکە کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە لە ناخماندا ئەو
هەستە دروست دەبێت کە ڤۆڵتێر باس لە بەسەرهاتی گەنجێکی کوردی خێر لەخۆ نەدیو دەکات.
کاندیدی کاتێك بە
هەوڵێکی زۆر و پڕ لە مانودو لەدوا گەرانیدا بەدوای دونیایەکی باش و ئارام، دونیای
شەرو کوشتار جێدەهێڵیت بۆ دونیایەکی باشتر
، توشی نەهامەتی دەبێت و دەکەوێتە دونیایەکی پڕ لە کارەساتی چاوەڕوان نەکراوی
سروشتی و دونیای گومەلەرزەی
وێرانکەر.پاشان بە ناچاری لەوێشەوە
رادەکاتە دونیایەکی ترەوە کە هەموان
سەرقاڵی شەری ئایین و نوێنەرایەتی خوا و
پەیامبەرانن و یەکتری بە دارا دەکەن و خەمسارد و دڕندانە ژیانی بەرامبەرەکانیان
کۆتایی پێدەهێنن. کاندیدی لەوێش سەری خۆی
هەڵدەگرێت بۆ دونیایەکی دیکە بەنیازی دنیایەکی باشتر. بەڵام جارێکیتر دەکەوێتە دونیایەکی چڕ تر لە نەهامەتی دونیایەك کە مرۆڤەکان بونەتە کانیباڵ و قەپاڵ لە گۆشتی یەکتری دەگرن و خۆیانی پێ تێر و
ئاسودە دەکەن. کاندیدی هەمیشە دەبێتە قوربانی خراپکاری مرۆڤەکانی دیکەو ناتوانێت
ژیانێکی مرۆڤی ئاسایی بدۆزێتەوە.
مرۆڤی کورد لەم سەردەمەدا وەک کاندیدی قەتیس
سەرلێشێواو ماوە، رادەکات لەم دونیا بۆ ئەو دونیا دونیایەک نادۆزێتەوە لەسەر زەوی
هەست بە ئاسایش و ئارامی و گوزەرانێکی ئاسایی بکات و خۆی لە ژیانێکی شکۆداردا بدۆزێتەوە. مرۆڤی کورد نەیبینیوە نە رۆژو هەفتە و مانگ و ساڵێک و ساڵانێکی بەسەردا بروات بەبێ تێپەربونی بە نەهامەتی و کێشەو دڵەراوکێ. تەواوی دونیاکانی بەرەو نەهامەتی تر و ناخۆشتر
دەروات و بە خۆڕایی نیە هەمیشە دوبارە و چەند بارە دەڵێن " ساڵ بە ساڵ خۆزگەم
بە پار". لەدونیای ژێردەسەلاتی
ئیمپراتۆرەکانی سەدەکانی ناوەندەوە تاکو کۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیزمی بە ناو
مۆدێرنەوە و داگیرکەرانی شاهەنشاهی و کۆماری و عیلمانی و ئیسلامی و جینوسایدو
ئەنفال و شەری براکوژی و ڕەوەی دەستی بێگانە و دوائەنجام گەندەڵی و زیندان و ڕەوەی دەستی دەسەڵاتی هاوزمانانی خۆیان و خنکاندن و بی تەرمی کەرامەت شکاندنو بێرێزی
پێیان. ژیان لە دونیای بێنڕخی و بێ
موچەیی، بێ دەرماڵەیی بەشەق لێدان و زیندان و سوکایەتی پێکردن ... وهتد.
ڤۆڵتێر، ئاخۆ دەبێت کاندیدی کوردی چی بکات و چی لەدەست بێت لە
کاتێکدا بستێكی بۆ نادۆزێتەوە کە بتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی ژیان و ئازادی و نرخ و کەرامەتی وەکو مرۆڤێکی
ئاسایی تیادا پارێزراو بێت؟!
ڤۆڵتێری ئەدیبی ڕوناکبیر، کاندیدی
تۆ لەکۆتایدا گەیشتە ئەو باوەرەی ملی شۆڕ و سەری خۆی کز کات و خەریکی
باخەکەی بێت. گەیشتە ئەو باوەرە تاڵەی کە ئەم دونیایە بە ئەو ناگۆرێت، بریاریدا خۆی لە شۆێنێکا قەتیس بکات و کاری بە دونیاو مرۆفی ترەوە نەبێت و تەنها و
تەنها خەریکی باخەکەی خۆی بێت.
ئەوە تەنها کاندیدەکەی تۆ نەبو بەو قۆناغی بێهیوایی و
داڕمانە گەیشت، مەخابن ئەمڕۆ زۆربەی تاکی کۆمەڵگای کوردی بەو باوەرە تاریك و ڕەشە گەیشتووە و بە کرداری پەیرەوی دەکەن. ئەگەر
خەریکی باخەکەی خۆیان نەبن ئەوا خەریکی دوکانەکە و فەرمانبەری یا دەسگێڕی یان
بازرگانی یان پیشەی خۆیانن و دەسیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات. هەموان دەڵێن:
گۆرانکاری و چاکسازیمان پێناکریت و باشتر
وایە سەری خۆمان کز بکەین و بێدەنگ بین.
ئەم بریارەی کاندیدی لە چیروکەکەی
ڤۆڵتیر و لە چیرۆکی کۆمەڵگاکەی ئێمەشدا زۆر
جێگای بایەخە لەروانگەی مۆڕاڵی مرۆڤەوە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت ماڵ و باخەکەی و دوکان و پیشەکەی خۆی چاک بکات لەکاتێکدا هەمو ئەوانە بەشێکی بچوکن لە دونیایەکی گەورە؟ دونیایەک کە
کەمترین گۆرانکاری خراپ و کارەسات ئاسای بەسەردابێت روو دەکات باخ و ماڵەکەی تۆش. مرۆڤ چۆن دەتوانێت
بێباک بێت و زیندانی باخەکەی خۆی بێت و خۆی
گۆشەگیر بکات تەنها لە چوارچێوەی باخە بچکۆلەکەیدا بژی؟ ئەو مرۆڤەی چاوی خۆی
دابخات بۆ تەواوی دونیاکانی دەرەوەی باخەکەی، دەبێت بە چ جۆرە مرۆڤێک ناوی بهێنرێت؟
ڕاستە مرۆڤ رەنگە نەتوانێت تەنانەت دونیای بچوکەکەی خۆشی پێنەگۆڕدرێت، بەڵام
دەتوانێت لەپاڵ باخەکەی خۆیدا بەر ماڵەکەشی پاك بکاتەوە. دەتوانێت بۆ مافی خۆی و مافی تاكە کەسی دەنگی بەرز بکاتەوە، هەر هیچ نەبێت نەبێتە بڵندگۆی کاندیدی پاڵەوانی چیرۆکەکەی ڤۆڵتێر و
لە پاڵ خۆیا دەوروبەرەکەشی بە بەهانەی جۆراو جۆر و نالۆژیکیەوە بەرەو بێدەنگی و سەرکزی ببات و مۆرکی مرۆڤ بون لە خۆی داماڵێت.