بەیاننامە یان پاساونامە !؟

زانیارقادر
  2020-06-22     1306

لەهەمبەر لەشکرکێشی جەندرمەی تورکیا، لە ژێر پەردەی لەناوبردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بە ناڕەوا کوشتنی خەڵکی بێچەک و ڕەشۆکی، یەکگرتو بەیاننامەێێکی بەتامی پاساوهێنانەوە بڵاوکردەوە.
هەرچەندە جێگەی دەستخۆشییە لەوەدا کە یەکگرتو ڕاستگۆیانە لەژێر ناوی ئیدانەکردندا بەیاننامەکەی بڵاونەکردەوە، چونکە گەرسەرنجبدەین لە نێوسێ پەڕەگراف ولە نزیکەی دووسەد وشەی ئەو بەیاننامەیەدا، بەهێندەی کەوچکە چایێک بوێروجورئەتی ئەوە بەدیناکەین وا لەیەکگرتو بکات بەوشەیێک سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکە بکات وسنوربەزاندن و خەڵک کوشتن و پاوان سوتاندن بداتە پاڵ تورکیا.
 بەپێچەوانەوە بەیاننامەکە زیاتر لە پاساو و پۆزشێک دەچێت و جۆرێک لە لەکۆڵخۆکردنەوەو تێپەڕاندنی دۆخەکەی پێوەدیارە و، خۆتەکاندنە لە بەپرسیاریێتی وسەرکۆنەی خەڵک لەبێدەنگبوونی یەکگرتو، بۆیە بەوردبونەوەلێی هەستدەکەیت لە شوێنێک نوسراو و، کەسانێک ئاخێوەرین کە بەخوێی چێشتیش ناگەن بە کورد، هەرگیز لەخوێندنەوەیدا باوەڕناکەیت بەیاننامەکە هی حیزبێکی کوردی بێت ولەلایەن کەسانێکەو نوسرابێت کە هاوسۆزی ستەملێکراوبن و ، قەت لە زمانی کەسانێک ناچێت کە لەلایەن دەوڵەتیکی داگیرکەرەوە  تاوانێک بەرامبەر هاوزمانەکەیان کرابێت و بێباکانە بە پێشکەوتوترین جۆری فڕۆکەو چەکی ترسناک لە نێوخاکی خۆیاندا لەدویان نەبێتەوە و، سوێندی قەڵاچۆکردنیان بخوات.
خوا پێمنەگرێت دەڵێی لە کونسوڵخانەی تورکیا نوسراوەو، ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتو ئەرکی وەرگێڕان وبڵاوکردنەوەی گرتووەتە ئەستۆ.
هەڵبەت بۆیە ناڵێم بەیاننامەکە لەهی کەسانێک ناچێت کەستەم بەرامبەر هاوئاینەکەیان کراوە، چونکە برادەرانی یەکگرتوو ئەوەندەی تورک وئۆردۆگان بەهاوئاینی خۆیان دەزانن و، هێندەی باوەڕیان بەچەتری ئیخوانییە لەگەڵ هەرکەسێکدا کۆیان بکاتەوە، ئەوەندە کۆڵیان بە هاوئاینی کوردەوە هەڵنەگرتووەو، بگرە هەندێکجار ئاینپەروەری ئۆردۆگان و دژەدینی ئەولایەنانە دەکەنە پاساوی تورکیا بۆ هەڵکوتانە سەر لایەنە کوردییەکان.
بۆئەوەی بەبەڵگەوە بدوێین و سەرنجەکان نەچنەخانەی تۆمەت بەخشینەوەوە، باشترە  چاوێک بە بەیاننامەکەدا بخشێنین:
لە پەرەگرافی یەکەمدا هاتووە: "...، خەباتی سەردەم  ئەبێ سیاسی ومەدەنی بێ و لەناوخۆی وڵاتەوە بێ ، هەروەک وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموکراسی قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ...." *


سەرنج:
هەر لەسەرەتاوە ڕووی داواکاریی بەیاننامەکە ئاراستەی لایەنە کوردییەکان کراوە، کەواتە ناڕاستەوخۆ  خەباتی کوردانی باکور بە ناسەردەمی و ناسیاسی ونامەدەنی لەقەڵەمدەدات، هەروەک دەڵێت " .. خەباتی سەردەم  ئەبێ سیاسی ومەدەنی بێ و لەناوخۆی وڵاتەوە بێ.."، لەبەرامبەریشدا تورکیا بە دیموکرسی و مەدەنی دەناسێنێت، کاتێک دەڵێت " ، وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموکراسی قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ… "

کاڵئاوەزیێکی دیکەی نوسینی ئەم بەیاننامەیە لەوەدایە، هەمیشە لۆژیک و تەنانەت کارکردنی خودی ئاینیش بەوئاراستەیەدایە، کاتێک نێوەند گیری دوولایەنی بەجەنگ هاتوودەکرێت، دەبێت لەسەرەتادا، ڕووبکرێتە ئەو لایەنەی هەڵیکوتاوەتەسەر بەرامبەرەکەی ومافەکانی زەوتکردووە، بۆئەوەی سەرکۆنەبکرێت، وەک قورئانیش دەفەرموێت:" وَإِنْ طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا ۖ فَإِنْ بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَىٰ فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي..."(١).
کەچی بەیاننامەکەی ئەم پارتە ئیسلامییە بەپێچەوانەوەی لۆژیکە قورئانییەکەوە، لەسەرەتادا داوا لە کوردی دەرکراو دەرپەڕێندراو دەکات کاری سەردەمیانەو مەدەنی و یاسایی بکات و، دواتر ڕوودەکاتە دەوڵەتی تورک پاشئەوەی بە هەردوو سیفەتی دیموکراسی ومەدەنی پەسن و ستایشیدەکات، ئینجا داوای لێدەکات ، نازی هاوڵاتییەکانی هەڵبگرێت!

مامۆستا مەسعود موحەمەمەد لەنوسینێکدا دەڵێت : " گرنگ نیە بۆ حەرامکردنی گۆشت ڕەزامەندی مەڕ وەربگرین، بەڵکو ئازایێتی ئەوەیە ئیمزای گورگ بهێنین".
بەڵام وابزانم یەکگرتوش بەهەمان " ئەو لۆژیکی گوشت حەرامکردنە" بەیاننامەکەی نوسیوە!
ئاخرگەروانیە، تۆبڵێیت یەکگرتو تائێستا نەزانێت، ئەوەی کوردی باکور لەپێناویدا دەستیداوەتە خەباتی چەکداری  " بێنازی" نیە، بەڵکو نکوڵیکردنی کلتور وزمان وشوناسی کوردبوونە؟!
یەکگرتو داوالە کوردەکان دەکات بچنەسەرمێز، وەک بڵێیت تورک لەسەرمێزدانیشتووەو لەچاوەڕوانی کورددا یاری بەپەنجەی دەکات، کەچی کوردیش وڕکی گرتووە، جەنگ و ئاوارەیی هەڵبژاردووەو ئەوەی پێباشترە ؟!
لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئەوە دەوڵەتی تورکە چەندین، نەخشەڕێگای ئاشتی وئاگربەستی شکستپێهێناوەو، ڕۆژانەش سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانییە کوردەکان لادەبات و بە " قەیوم"ەکانی حیزبەکەی خۆی جێگاکانیان پڕدەکاتەوەو، پارێزبەندی لەسەرئەندام پەرلەمانەکانیان هەڵدەگرێت.
ڕەحمەت لە پیرەمێرد کەدەڵێت :" ئەوەی ڕووناکی کەچ بینانە گۆڕوایەڕەنجی بابیبات".

لەپەرەگرافی دووەمداهاتووە:
" .., نابێ هیچ لایەنێک ئیجازە بەخۆی بداو به‌ناوی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نه‌هامه‌تی و كاره‌سات بۆ گه‌ل و وڵات به‌رهه‌م بهێنێت ..."
سەرنج :
ئەم پەڕەگرافە، ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا سەرکۆنەی گەریلاکانی پەکەکە دەکات، بەڵام بە یەک وشە باسی سنوربەزاندن و مرۆڤ کوشتنی  سوپای تورک ناکات.بەجۆرێک واهەستدەکەیت گەریلاکان لەنێوخاکی تورکیادا دەستپێشخەربوون وهەڵیانکوتاوەتە سەرسوپای تورک، نەک تورک لەخاکی خۆیاندا بگرە سنوری وڵاتێکی دیکەشی بۆکوشتن وڕاوەدونانیان بەزاندووە!

لەپەڕەگرافی کۆتاییدا:
ئەگەرچی لەسەرەتاوە باسی گرنگی دانوستان دەکات، بەڵام ئەگەر سەیری دێڕی کۆتایی بکەین کەدەڵێت:
"... بەرهەمی کەمی ئە و مێزە لە زۆری تر باشتر و بەردەوامترە .. "
ئەوا هەستدەکەین چەند مەبەستێکی شاراوەی تێدایە:

ڕۆڵی نەرێنی و تێکدەر لە دانوستانەکاندا لەگەڵ تورکیادا بەکورد وپارتەکانی باکوردەدات، لەوەدا کەناڕاستەوخۆ هۆکاری ئەم شەڕوکوشتارەی نێوانیان، بۆ بەکەم ڕازینەبوونی کوردەکان دەگەڕێنێتەوە.

هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ئارەزوی پاوەنخوازی دەوڵەتی تورک وەک هۆکارێک لە دروستبونی کێشەکانداو، لە بەرامبەردا دروستکردنی تۆمەتی ڕێبازی کارکردنی لایەنەکوردەکان بە تیۆری پیلانگێڕی و موئامەرە،بەوەی گوایە کورد لەبەرامبەر پێدانی مافی زیاترهاندەدرێتبۆ گێچەڵکردن بەدەوڵەتی تورک.

 وەک دەڵێت:" بەرهەمی کەمی ئەو لەزۆری ترباشترە"، بەڵام  ڕوونی نەکردووەتەوە ئەوە " تر" ە، کێیە کە بەڵێنیداوە لەبەرامبەر ڕازینەبوونی لایەنە کوردییەکان " بە " کەمێکی  بەردەوام "ی ، تورکیا " زۆر" یان بداتێ!

دوا وشەی بەیاننامەکە. جارێکی دیکە لێدانی خەباتی کوردو هەڵدانە بەباڵای تورکیادا، وەکو دەڵێت :" کەمێکی بەردەوام "، کەمەبەستی ئەو مافە کەمەی تورکیایە، کە بەلای یەکگرتووەوە لە " زۆری تر.."،بێ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە باشترەکە کێیە!

لێرەدا مافی خۆمانە بپرسین، کاتێک یەکگرتو ڕەخنە لە کوردانی باکور دەگرێت و خەباتەکەیان بەهەڵەدەزانێت لەبەرئەوەی  ناچنەوە باوەشی تورک و بەومافە کەمەی ئەو ڕازینابن، ئەدی بۆچی سەرانی یەکگرتوو بەناوی خەباتەوە لەڕابردوودا دەچونە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان، خۆ ئەو مافانەی ڕژێمی عێراق نیوسەدە پێشتریش دەیدا بە کورد لە هی ئێستای تورک زیاتربوون، یان ئەم ماستە مویێکی تێدایە؟! 


*بەیاننامەکە لەڕووی ڕەنوسی کوردییەوە، کرچوکاڵی پێوەدیارە ، لەنێویشیدا ئەم دێڕە " هەروەک وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموکراسی قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ .." ، دەربڕینەکەی هەڵەیە، پێدەچێت ویستبێتیان بڵێن  " هەروەک وەڵامی دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی ئەبێت قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ "کەئەمە لەگەڵ ستایشی تورکیادا باشتردێتەوە.

(١) قورئانی پیرۆز،سورەتی حوجورات ئایەتی ٩.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×