نەخێر بەڕێزم
قادر حەمەکەریم
2020-05-14   1003
حەسانەی پەڕلەمانتاری کوردوستان ئێستا هەڵناگیرێت بەڵکو لە بنەڕەتدا جگە لە چەند تاکێکی کەم کەس حەسانەی نەبوە. هەڵەیت ئەگەر پێت وابێت تەنها لەو ڕۆژەی تۆ و لایەنەکەت بڕیارتان داوە، یان بەواتایەکی تر هەستی مەترسی بەرتەسکبونەوەی پاوەنەکەتان کردوە ،ئیتر پەڕلەمان وحکومەتی هەرێم شەرعیەتی لەدەست داوە . حکومەتی هەرێم هەر لەسەرتاوە بەخوارو خێچی و لەسەر بنەمایەکی نا دیموکراتی دامەزراوە.بۆیە ناڕەوایە چاوەڕوانی کاری دیموکراتی لە سیستەمێکی دژ بە بنەما سادەکانی دیموکراتی بکەین.هەر لەژێر سایەی ئەم حکومەتەدا ، بە پاشگری حیزبە بچوکەکان چی گوزەراا:
*پاش ڕاپەڕین هەرچی ئامێر و دەزگای بەرهەمهێنانی گرنگی کوردوستان تاڵانکرا و ئاودیوکران ، کەس خۆی بەخاوەنیان نەزانی.
* کار بۆ دروستکردنی دەستەڵاتێکی یاسادانانی سەربەخۆ بە سود لە یاسا نێودەوڵەتیەکان وەرگرتن و گونجاندنیان بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی کوردوستان نەکرا،یاسایەک بۆ هەمو پرسە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵگا ڕێنیشاندەردەبو. لەژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایە سنوری دەستەڵاتەکانی، یاسادانان/بەڕێوەبردن وە ئەنجومەنی داوەریش نیشان دەکرا وە چاودێری هەڵبژاردنەکانیش بێ کێشە دڵسۆزانە و بێلایەن دەکرا.
* بەرپرسان لەبری پەیڕەویکردنی تاکتیکی تۆکمە و دانانی پلانێ دروست بۆ گێڕانەوەی ناوچەدابڕاوەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەمایەتیە نەتەوییەکانی ئەوشوێنانە بۆ گەیشتنە ئامانجە ستراتیژیەکە گرنگی بە پەرژەوەندی حیزبی و تاک درا. دەستەڵاتی کوردوستان لە نێوان دو پارتە گەورەکە بە فیفتی/فیفتی بێ ڕێزگرتن لە بوچونەجیاوازەکانی تر کە سادەترین پرینسیپی دیموکراتیە دابەشکرا. لە ناوچە دابڕاوەکانیش لەجێی دەستەڵاتێکی کوردی کارای پشت بەستو بە پرینسیپی دیموکراتی و مافی مرۆڤ لایەنەکان دەستیان بەسەر سەرچاوە ئابوریەکاندا گرت بۆ کۆکردنەوەی لەشکری لایەنگر دەستی پێکرد. پێشبڕکێی جاش، کۆنەبەعپی لەخۆگرتن و بەموچەخۆرکردنی ژمارەی زۆر بۆ پاوەنکردنی ناوچەکان بوبەستراتیژی حیزبە سیاسیەکان . بۆیە لە هەر لە ناوچەیەکی دابڕاوە دو دەزگای ئاسایش، پۆلیس.....هتد قوتکرانەوە.
*پێشبڕکێی چالاکی لایەنەکان بە تاک یا جوتە لە نێوان مزگەوت، تەکیە، یا حەوزە کانی نەجەف بۆ بدەست هێنانی پێگەی پتر بۆ خۆیان کەوتەگەڕ. همولە بیرمانە دەستەڵات یا لایەنێکی ناوی بە پشتیوانی داگیرکەری بەشێکی کوردوستان دژی ناحەزانیان و پارتە سیاسیەکانی تری کوردوستان کاری قێزەونیان ئەنجامدا. ڕێگەدان بە کردنەوەی سەنتەری سیخوڕی داگیرکەرانی بەشەکانی تری کوردوستان لە ژێر ناوی تردا شتێکی نامۆ نیە. بۆ کپ کردنی دەنگە ناڕازیەکان بە زیندانی کردن، ڕاونان یا تیرۆرکردنیان و تاوانبارکردنیشیان بە تۆمەتی درۆ و هەڵبەستراو زۆر چالاک بوە. بەردانی تاوانبارانی ئاسایی، تەنانەت گۆڕینی سزایش کە تەنها کاری دادوەرانە بەبڕیاری سەرکردەیەک ئاسایی بوە.
* بۆ سەرقاڵکردنی خەلکی کوردوستان بە هات و نەهاتنی موچەوە بانکەکانی کوردوستان لە نەختینە خاڵیکران، و دراوەکان بۆ ژێرخانی کۆشکی فیرعەونەکان و حسابی بانکی دەرەوە گوێزرانەوە.
* پرینسێپی ئەڵقەلەگوێی لە بری پسپۆڕی و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر و بەرپرسی شوێنێک ڕەچاودەکرا. لە دەرباری سەرانی نەخوێندەواران خاوەن بڕوانامەت لە بری کار لە بواری پسپۆڕی خۆی وەک پاسەوان و خزمەتچی لە دەربار دەبینی.
* بازاڕی کوردوستان لە لایەن دەزگای حیزبە دەستەڵاتدارەکانەوە قۆرخ کرا و بێ بەرپرسانە سەرپەرشتی پڕۆژەی هەستیاربە کەسانێکی ناشارەزا سپێردرا و کاڵای ماوەبەسەرچو بەکوالێتی خراپیشەوە تەنها بۆ قازانجی حیزبەکان بەقوڕگی خەڵکی هەژاردا دەکرا.
دەستەڵاتێکی لەمجۆرە کەی شەرعیەتی هەبوە؟