کام دیموکراتی؟
قادر حەمەکەریم
2020-06-19   530
بەشی ٢
وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد،زۆربەی پارتە سیاسیەکانی لەمەڕ خۆمان زیاتر لە کۆمپانییای خیزانیی دەچن تا ڕێکخراوەی سیاسی.زۆر سانایە سەدان تێکۆشەری بەتوانا لە ڕوی تیئوری و پراکتیکەوە و خاوەن مێژوی خەباتی درێژخایەن لە ناوبۆتەی سیاسیدا بەکاری لاوەکی و کەم بەها سەرقاڵ کراون، کەچی لە پڕێکا ٢ یا چەند دانەیەک زیاتر لەبنەماڵەی ڕەهبەر کارگ ئاسا لە سەر شانۆیسیاسی هەڵدەتۆقێن و زۆر بە خێرا پلە و پایەی هەستیار دەخرێتە خزمەتیان بۆ ئامادەکردنیان بۆ داهاتوو. بۆ ئەم مەبەستەش ئاشی کویلە و ماستاوچیەکان چالاکانە وە گەڕ ئەکەوێت. بۆیە ئاسایی دەبینین ئیمامزادە و ئەمیرزادەکان پتر لە کێشی خۆیان پلە و پایەی سەربازی، سیڤیل و پارەیەکی خەیاڵیشیان لەبەردەستدایە. بۆ تۆقاندن یا کڕینی تاکە هەڕاج کراوەکان بۆ ئەم مەبەستە. ئەگەر بۆ ناو هەیکەلی ڕێکخراوەی پارتە سیاسیەکانی مەڕ خۆیشمان ڕۆچین زیاتر دوری ئەو پارتانە لە کاری ڕێکخراوەیی و پەیڕەوی ناوخۆی خودی پارتەکە بۆ ئاشکرادەبێت.
توێژێک لە خوارەوەی ئورگانی پارتەکان دەروێش و سۆفی ئاسا بەبێ دودڵی پەیڕەوی فەرمانەکان دەکەن پاساوی ئەمەش بە دڵسۆزی بۆ خوێنی شەهیدان ئەدەنەوە. توێژیکی تریش وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا خاوەنی پلە و توانان بۆ فریودانی هاوڵاتیان لەکاردان، بە وتاری بریقەدار و هەڵویستی دیماگۆگییانە وەک کوڵە کویخا پێشەنگن بۆ چەسپاندنی بیر و بەرنامەی دیاریکراو لە خزمەت سیاسەتی خیزانی ڕابەرایەتیەکەیان. ئەمەش تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی قێزەون لەسەر قوتی خەڵک . بۆیە جگە لە موچە و شاباشی زۆر هەریەکە بە ئاگاداری ڕابەران خاوەنی دەیان موچەی بندیواری، پشک لە کۆمپانیاکاندا و ئۆتۆمبیلی نوێ...هتد. بەم شێوە ئاشی ڕابەران و ماستاوچیان بەباشی لەگەڕدایە و خەڵکی ئاساییش مەمرە و مەژی کات دەگوزەرێنن. ئیتر با ناحەزان سیر بخۆن و زوڕنا لێدەن. هەر ئەمڕۆ لەهەواڵەکاندا خوێندمەوە کە پارتێکی سیاسی(گەرچی لای زۆربەی پارتە سیاسیەکان ئەم کارە نامۆ نیە) بە نیازە نزیکەی ٦ ملێون دولار بۆ کڕینی ئۆتۆمبیلی مودیل بەرز بۆ کوڵە کوێخاکان تازە دەستنیشانکراوەکان تەرخان بکات. خەڵکی ناتوانێت ، خواردن، دەرمان ...هتد بۆ منداڵەکانی دابین بکات کەچی کۆمپانیای خێزانە سیاسیەکان سەرگەرمی تەخشان و پەخشانی سامانی خەڵکن بۆ خۆیان و کەڕەنا ژەنەکان.
گەرچی تا ئێستا نەمبیستوە هیچ یەک لەپارتە سیاسیەکانی لەمەڕ خۆمان پشکیان لە قومارخانەی لاسفیگاسدا هەبێت، یا خوانەکردە بازرگانی بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە بکەن وبەو شێوە ئەو سامانە خەیاڵییەیان دەستکەوتبیت. دەکرێت بپرسین ئەم سەرمایە بێ سنورەیان لەکوێوە هێناوە ئەگەر سامانی تاڵانکراوی نیشتیمان نەبێت ، جگە لە خۆیشیان هەر شازادەیەک یا نەوەیەکیان دەگریت دەبینیت دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی لە وڵاتانی دەرەوە هەیە جگە لە سامانی زۆر و دەیان کۆشک و تەلار لە شار، شاخ یا لە شوێنە گەشتیاریە بەنرخەکان کە دەبوا موڵکی گشتی بیت و بۆ هەمووان بێت.
لە وڵاتە دیموکراتیەکاندا بۆ نمونە لە سوید جگە لە ئابونەی ئەندامان ، هەر پارتێک لانی کەم ٠٢٥٪ دەنگەکانی دراو بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان لە ٢ دەورەی لە دوای یەک هێنا، ئەوا لە یارمەتی دەوڵەت بۆ پارتی سیاسی سودمەند دەبێت . بە پێی بڕگە یاسایی دەستکاری کراوی ٢٠١٩ هەر پارتێک مەرجی یارمەتی وەرگرتن گرتیەوە ئەوا ساڵی ١٧٠ هەزار دۆلار وەک یارمەتی بنەڕەتی ، و بۆ هەرکوەسیەکی پەڕلەمانیش ٥٧٠٠ دۆلار. بەڵام بۆ پارتەکانی دەرەوەی دەستەڵات(ئۆپۆزیسێۆن) یارمەتیەبنەڕەتیەکە دەبێتە ٣٤٠ هەزار دۆلار ، خێری کەسیش نیە وەک لای خۆمان. ساڵانە ڕاپۆرتی خەرجکردنی ئاشکرای سامانی پارتەکەکانیش بە دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە بۆ شوێنی وەرگرتنی یارمەتیەکە دەنێررێت.