چاکسازی و بیست وحەوت
قادر حەمەکەریم
2020-06-14   554
هەر لەسەرتای دامەزراندنی دەستەڵاتی خواروخێچی کوردوستان کە بە دابەشکردنی
سامانی گەل لەسەر بنەمای بەشم هەبێت ورتەم نایەت بوە، چیتر قسە لەسەر چاکسازی جگە
لەهیوایەکی بێ بنەما هیچ مانایەکی نەبەخشیوە. بە چاو خشاندنێک بە ناو داتاکانی
خودی دەستەڵاتدا و بە کەمێک زانیاری
بنەڕەتی ماتماتیکی تێدەگەین هیواو، گفتی چاکسازی جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک بۆ
خەڵەتاندنیان هیچی ترنیە.
بە پێی سەرچاوەکانی ئاماری
٢٠١٨ دانیشتوانی کوردوستان ٥.٣ ملێۆنە، و بەپێی سەرچاوەی فەرمی حکومەتی هەرێمیش
نزیکەی ١٢٥٥٢٧٣ لە وانە موچەخۆرن. ئەم
ژمارەیە بە هەمولۆژیکێکی بەڕێوەبردن لەبەراورد
بە ژمارەی دانیشتوان و ئابوری یەک سەرچاوەیی کوردوستان زۆر زۆرە . هۆکاری ئە ژمارە قەبەیە بۆ
بوونی خاوەن دوو موچە، یا موچەخۆری
بندیوار دەگەڕێتەوە. ئاسایی دەبینرێت خانەنشینکراو بە پلەی بەرز، ئەرکی حیزبی لە هەمان کاتدا بە موچەی بەرز هەیە و هەروەها
سەیارەی نوێ بە بەنزینی مفتەوە لە سە ر سامانی گشتی لە خزمەتیاندایە. بەرپراسانی
لایەنەکانی دەستەڵاتیش جارەجارە بۆ مەبەستی خۆدەرخستن و یا باجی سیاد سەندن کەمێک
لە گەندەڵیەکان ئەدرکێنن وەک بڵێی شتێکی نوێیان دۆزیبیتەوە، ئەم کارەیش هەر بۆ فیودانی
خەڵکی کوردوستانە.
ئاشکرایە ژمارەی لەشکری موچەخۆرانی حیزبی ، بندیوار ئەوەندە زۆرە
لە مەزەندەکردن نایەت. بە شەهید و زیندانی سیاسی بێ بنەما تۆمارکردن تەنها بە مەبەستی کۆکردنەوەی ژمارەی زۆر
لەدەربارەکاندا بە ئاسایی بەدیدەکرێت.
بەرپرسە حیزبیەکان هەریەکە بە ناوی ڕاوێژکار، یاریدەدەر، چەند لیوا، فەوج، یا سریەی هێزی پارێزەری
تایبەتیان بە مەبەستی وەرگرتنی بڕی پارەی
زیاترە لە داهاتی گشتی هەیە. بەمکارەی بەرپرسی حیزبەکان جگە لەکەم کردنەوەی بەهای
قوربانی شەهیدان و زیندانیەکان بەفیڕۆدانی سامانی گشتیشە بەناوی موچەی دەربارو
پاریزەرانەوە. هەروەها هەر حیزبە بە پێی قەبارەکەی ١-٣ یا پتر کەناڵی تەلەفزیۆنی
ئاسمانی و ئاساییان هەیە.
ئەمە گۆشەیەکە لە کەلێنی
بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە لەلایەن
حیزبەکانی کوردوستانەوە ساڵانە ڕودەدات. زۆربەی حیزبەکان لە هەمو یا بەشێکی ئەو
گەندەڵیانەی ئاماژەم پێدا بەشدارن.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە
هەموئاگادارن و تا کاتێک یەکێک بە ئاگاداری حیزبەکەی یا باڵێکی ناو حیزبەکەی دێتەگۆ،
بەڕێزیان دەیکاتە هەڵا تەنها لە سەر
گەندەڵییەک نەک سەچاوەی هەمو گەندەڵیەکان کە خۆی و لایەنەکەیشی بەشداری ئەندازیاری
بوون و چەند ساڵە لێێ دەخۆن.
سەرۆک وەزیرانی کوردوستان دەڵێت ئیمە قەرزی ٢٧ ملیار دولارمان لە
حکومەتی پێشوەوە بەمیرات بۆ ماوەتەوە.
لەبیری چوە بەرپرسانی حیزبەکەی بەخۆیشیەوە هەمیشە شانازی بە یەک ڕاو و
بۆچون لە ناو حیزبەکەیاندا دەکەن. پێت وایە خەڵک ئەوەندە گەمژە بێت نەزانن هیچ
بڕیارێکی حیزبی و حکومی لە هەر ئاستێکدا نوێنەری حیزبەکەتی تیدایبێت بەبێ
ڕەزامەندی مەکەتبی سیاسیەکەت کە خۆشت ئەندامی تێدا نادرێت. گریمان بەشێوەی
سیناریۆیەکەت بخەڵەتێین، خەمخۆری میلەت چۆن ڕازیبویت هۆکاری مایەپوچبوونی سەرمایەی
کوردوستان سەرۆکت بێت.
لەولایشەوە سەرۆکی پەڕلەمان دێت ودەڵێت کوردوستان هیچ قەرزدارنیە، بۆ بەرچاو
ڕونیش ئاماژە بە پڕۆسەی بودجەی ساڵانی حکومەتی
پێشو ئەم پەرلەمانی کوردوستان دەکات.
بەڕێزم بۆ ئەم ووتەیەت زۆر درەنگە ، دەبوا ئەوکات لەپەڕلەمان باسەکەت
بخستابا ژێر پرسیار.
بەدور لەوەی کامیان ڕاستدەکات، پرسیارێکی لۆژیکی لە بەرپرسان
وهاوکارانی بەتاڵانبردنی سامانی کوردوستان:
حکومەتی عیراق بۆ ناردنی موچەی کوردوستان مەرجی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی کوردوستان بە عێراق کردوە.
بەڵام بەرپرسانی هەرێم بەناردنی پتر لەو ژمارە و ماوەیەکیش تا ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
نەوتی ناوچەدابڕاوەکانیش ئاودیو دەکرا، هەروەها موچەی ساڵ و چەند مانگێکی
موچەخۆران خوراوە ، کەچی هێشتا ٢٧ ملیار
دۆلار قەرزداربین؟ سیاسی خاوەن دروشمی بریقەدارەکان، سەرکردایەتی حەکیم و دانا
دەکرێت ڕونکردنەوەیەک بدەن. سەبارەت بە چاکسازیەکییشتان دەڵێم: دەمێکە جوتیارە
نەخوێندەرەکانیشمان دڵنیان درەختی کرمەڕێز و پوترکاو بە هەڵپاچینی لق و پۆپ نایەتە
بەر. بەڵکو تەنها بە هەڵکێشان لە ڕەگەوە و ناشتنی نەمامی نوێ چارەسەر دەکرێت.