گۆڕانكارییەكانی سووریا و رێككەوتنی نێوان وڵاتان

محەمەد عەلی
  2024-12-03     213

ئەم گۆڕانكارییانەی لە سووریا ڕوویان داوە و ڕوودەدەن، هاوكات بوون لەگەڵ تێپەڕینی یەك رۆژ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان و لە هەمووی گرینگرتریش ئەم دوو پێشهاتە هاوكاتە لەگەڵ سەركەوتنی (دۆناڵد ترەمپ) بە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دۆستی هەموو ئەو سەركردانەیە كە سوومەندن لەم گۆڕانی هاوكێشەیە و تاكە زەرەرمەندیش ئێرانە، كە هەموو پێشهاتەكانیش ئاماژەن بۆ رێككەوتنی نێوان سوودمەندبووەكان.

 

بە سەرنجدانێكی سەرەتایی، بۆمان دەردەكەوێت كە توركیا سوومەندی یەكەمی ئەم هاوكێشە نوێیەیە لە سووریا، بە شێوەیەك هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشدارن لە هێرشەكان و هاوپەیمانی نزیكی توركیان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی هەرێمیی توركیا لە ناوچەكەدا، هاوكات ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پێگەی ئێران دەبێت، كە بە زلهێزە ركابەرەكەی توركیا هەژماردەكرێت لە ناوچەكەدا، ئەمە سەرباری ئەوەی كە شەڕ بە تەواوی لە سنوورەكانی دوور دەخاتەوە و ئەو هەموو ئاوارەیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خاكی سووریا، كە بە تەواوی گۆرانكاری دیمۆگرافی دەكات لە ناوچەكە بە زیادكردنی هەژموونی سوننە بەرامبەر كورد و عەلەوییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی كە ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تەواو لاواز دەكات، ئەوەی دووپاتی رێككەوتنی نێوان هەرسێ سەرۆكی ئەمەریكا و ڕووسیا و توركیا دەكاتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئۆردوگان و ترەمپ دوو سەركردەی نزیكی یەكترن.

 

ئەگەر سەیری رۆڵی ڕووسیا بكەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە هاوكێشەكە بە رێككەوتن كراوە، بە هۆكاری ئەوەی پاشەكشەی لەناكاوی سەربازە رووسییەكان لە خاڵە سەربازییەكانیان و هاوكات كاردانەوەكان بۆ هێرشەكانی ئۆپۆزسیۆن، بۆردوومانی ئاسمانیی زۆر دیاریكراون و كاریگەر نین، دەكرێ رێككەوتنەكەش بەم شێوەیە بێ، كەمكردنەوەی رۆڵی ئێران لە بەرامبەر ڕاگرتنی شەڕ لە ئۆكراینا، كە بووەتە هۆی كێشەی زۆر بۆ ئابووری رووسیا و وەرگرتنی ئەو خاكەی كە داگیری كردووە، كۆتا لێدوانی سەرۆكی ئۆكراینا (زیلینسكی) كە گوتی ئامادەین لە بەرامبەر چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ دەست هەڵگرین لە نیوەی خاكی ئۆكراینا، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە، هاوكات ئەو هەنگاوەی رووسیا بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیلە لە ناوچەكەدا، كە مێژوو دەڵێ هەمیشە رووسیا گرینگی بە بەرژەوەندییەكانی ئەم وڵاتە داوە، ئەمە لە كاتێكدایە هەرسێ سەرۆكی ئەمەریكا و رووسیا و ئیسڕائیل زۆر نزیكن لە یەكتر و ئەگەری رێككەوتن لە نێوانیاندا لە هەموو كات ئاسانترە.

 

 لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) چەند جارێك داوای لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كردبوو كە پاشەكشە بكەن لەم ناوچانە، بەڵام داواكارییەكەی رەت كرایەوە، هاوكات باش دەزانرا لە دوای لوبنان نۆرەی سووریایە ئەمجارە ، بۆیە دوای كۆتاییهێنان بە ڕۆڵی حەماس لە غەززە و حوسییەكان لە یەمەن و حیزبوڵڵا لە لوبنان، ئەمجارە میلیشیاكانی ئێرانن، كە بوونیان هەیە لەسەر خاكی سووریا، بۆیە دەكرێ ئەمە وەك سەودایەك سەیر بكرێت لەلایەن سەرۆكی سووریا كە بەرامبەر مانەوەی دیمەشق رازی بوون بە كۆتاییهێنان بە رۆڵی ئێران و دابەشكردنی سووریا، كە ئەمە لەسەر ئەرزی واقع رووی داوە، بە شێوەیەك كاتێك ئەو هێرشانە ئەنجام دران، سەرۆكی سووریا لە ڕووسیا بوو، بۆیە ئێستا مەترسییەكان لەسەر گرتنی دیمەشق نەماوە، بەڵكو ئێستا نۆرەی عێراقە، كە سوننەكان ئیدی بكەونە جموجۆڵ بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و كشانەوەی ئەو هێزانە بۆ ناوچەكانی باشوور، بە شێوەیەك پێدەچێت دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی سووریا بۆ دابەشبوون بەرامبەر مانەوە لە باشوور بێت.

 

ئەم پێشهاتانە بۆ كوردیش لە رۆژئاوا و باكوور و باشوریش  چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش مەترسییە، بۆیە ئەگەر لە رۆژئاوا دوور نەكەونەوە لە بەشار ئەسەد و كۆدەنگیی نێوان هێزەكان دروست نەبێت و هەماهەنگی لەگەڵ باشوور نەبێ، ئەوا مەترسییەكان زۆر زیاتر دەبن، بەپێچەوانەوە دەرفەتێكی زێڕینە، بۆ كوردانی باكووریش هەمان شتە و دووركەوتنەوە لە چەك و بەدەمەوەچوون بۆ پرۆسەی ئاشتی نەبێ، مەترسییەكان زۆر زیاد دەبن، لە باشووریش هاوكێشەكە ڕوونە و دەبێت لایەنە سیاسییەكان دوور بكەونەوە لە بەرەی ئێرانی لە عێراق و هاوكار بن لە پێكهێنانی كابینەی دەیەم و یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانیش لە هەرێم تەواو گەرەنتی بكرێت بۆ ئامادەیی هەرێم بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتوو، ئەگەرنا مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم زۆر زیاتر دەبن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×