Merry Crisis and a Happy New Fear
ئەو شــیعارەی سەر دیــوارەکە، بەرهەمی خوێـــنی گەنجێـــکی ١٥ ســـاڵانە کە لە خۆپیشـــاندانەکانی یۆنان لە ســاڵی ٢٠٠٨ بە دەســتی پۆلیس کورژرا. لە تۆڵەی ئەو خوێـــنە گەنجـــە، خۆپیشـــاندەران گڕیــان بەردایە چەندین فەرمانگەی فەرمی و سیمبوڵەکانی سەرمایەداری ئەو وڵاتەیان وەك بانکەکان و بنکەکانی پۆلیس سوتان و بەرد باران کرد. نەك هەر ئەمە بەڵکو پەلاماری درەخــتەکە گەورەکەی ناوەندی شــاریان دا کە بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و کریسمس ڕازاندرابووە! هەر ئەو شــەوە یەکێك لە خۆپیشــــاندەران لەسەر دیواری "بانکی یۆنان" بە ســپرایەکی سور ئەو دێڕەی سەرەوەی نووسی!
بۆ ئێســتای من ســـاڵی نوێ هیــچ مانایەك نابەخشــێت، ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێ وەك ڕۆژەکانی پێش خۆی دەگوزەرێت و ڕەنگە تەنها ئەرکێك دەیخاتە سەرشانم هێنانی خەتێك بێت بەسەر رۆژی پێش خۆی. هیــچ ئومێــدێك و هیوایەکی ســاختە نانووسم و نابەستم بە باش بوونی ســاڵی ئاییـــندە. لای من "ئومێد و هــیوا" بۆ باشبوونی دۆخی خۆم و ئەوانەی وەك منن هیچی کەمتر نیــیە لە دۆعــای کەســێکی ئیماندار بۆ ئەوەی خودا بەڵایەکی لەســەر لابەرێت. دیوی ئەودیوی ئۆمێد و دۆعا، بێ ئومێدی و زەبوونی و لاوازییەك دەردەخات کە من خۆمی تیا نابینمەوە. ئومێدی باشتربوونی ساڵی نوێ و دۆعای ئیمانداران جۆرێكە لە پــــاسیڤبوون و دانی چارەنووسە بە قەدەر و یۆتۆبیایەکی دڵخۆشکەری ساختە.
دەڵێــن پیــاوێك دەچێــتە لای ئیمامی عەلی و داوای یارمەتی لێدەکات بۆ چاکبوونەوەی حوشترەکەی کە تووشی نەخۆشی گەڕیی بووە! کابرا بە ئیمامی عەلی دەڵێــت کە ئەو شەو و ڕۆژ دۆعا دەکات بەڵکو ئەمەخوایە ئەم بەڵایە لە حوشترەکەی بکاتەوە، ئیمامی عەلی پێی دەڵێــت: "ئەتوانیت کەمێ لە دۆعاکانت بگۆڕیت بە قەتران؟!"، یانی چارەسەری گەڕی حوشترەکەت قەترانە نەك دۆعـــا!
ئەگەر قەتران لە حاڵەتی نەخۆشــی گەڕیــیدا جێگەی دۆعــا دەگرێــتەوە، ئەوا قەترانی کێشــە کۆمەڵایەتیــەکانمان لە برســێتی و سەرکوتی ســیاسی، هەژاریی و بێئومێــدی کۆمەڵایەتی، دەســەڵاتی سەرمایەداریی چاوچنۆکی کوردی، قۆڵهەڵماڵیــنە بۆ گۆڕیــنی دۆخی ئێســتا و ئایــیندەمان، قەترانەکەی ئێمە ڕێکخراوبوونە لە ئاســتی خوارەوەی کۆمەڵگە و دروســتکردنی ئەلتەرنایڤی شۆرشگێرانەیە بۆ هەژموون و دەسەڵاتدارێتێکی تر کە ئیــرادی خەڵك نوێــنەرایەتی بکات.
ناســیونالیزمی کورد و حزبە قەومی و دیــینیەکان، ئەو بەڵایەن کە ژیـــانیان لە خەڵك کردۆتە دۆزەخ، ئەوانن کە هەموو ڕۆژەکانی ســاڵیان کردۆتە یەك ڕەنگی ڕەش کە تێــیدا ئایــیندەی باشی تیــا نابینرێت. ڕزگاربوون لەم بەڵایە بە ئومێــد و دۆعا و ڕیتواڵە سیمبوڵیکەکانی تر ناکرێت بەڵکو بە وەســتان بەرامبەر بە تاعونی دەسەڵاتدارێتی ئەوان مانا پەیــدا دەکات.
پێش چەند ڕۆژێك هاوڕێـــیەکم لە فەیسبووك نوکتەیەکی فەلسەفی لەسەر واڵەکەی خۆی بڵاو کردەوە، بە داخەوە سەرنجی کەم کەسی بەلای خۆیـــدا ڕاکێشــــا. نوکتەکە بەم شێوەیەیە:
لە شێتخانەیەکدا دکتۆرێك لە نەخۆشێك دەپرسێت:
ئەمڕۆ چەند شەممەیە؟
نەخۆش: ئەمڕۆ شەممەیە.
دکتۆر: زۆر ڕاستە، ئەی سبەینێ چەند شەممەیە؟
نەخۆش: هەر شەممەیە!
دکتۆر: چۆن شتی وا دەبێت، ئەگەر ئەمڕۆ شەممە بێت و سبەینێش هەر شەممە بێت، ئەی یەکشەممە کەی دێت؟
نەخۆش: یەکشەممە کاتێك دێت کە ئەمڕۆ جیاوازتر بێت لە دوێنێ، ئەو کاتە دێت کە هەست بکەین هەنگاوێك لە ژیان چووینەتە پێشەوە، ئەو کاتەیە کە دادپەروەری ئەمڕۆ زیاتر بێت لە دادپەروەری دوێنێ، چەوسانەوەی ئەمڕۆ کەمتر بێت لە چەوسانەوەی دوێنێ. ئەوکات رۆژی ئاییندە دێت، رۆژێکی جیاوازتر.