کوشـندەیی بێلایەنیی ســـیاسی لە"کووردبوون"دا.. سەرنجێك لەبابەتێکی ڕێبــین هەردی

عومەری خەتات
  2020-06-29     729
(گەر ناپاکی و خیانەتی براکان نەبێت، لە کوێ و چۆن فرۆکەیەکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەکی لە سەیرانگەیەکی دەوری سلێمانیدا بکاتە ئامانج و ئامانجەکەش بپێکێت؟ گەر سیخوڕی خۆیی نەبێت، ئەو ماشینە چۆن دەبینرا و دەکرایە ئامانج؟
چاوەڕوانیەکانی ئێمە گەورە نیە...کەس داوای خستنە خوارەوەی فرۆکەکان ناکات، کەس داوای رێگەگرتن لە بومباران ناکات (چونکە دەزانین بە ئێمە ناکرێت) داواکەی ئێمە زۆر سادەتر و کەمترە: هیچ نەبێت هاوکاری مەکەن، سیخۆرەکان بدۆزنەوە و رێگە لە ناپاکی ناوخۆمان بگرن..بێدەنگیش بن قەینا، بەس کە قسەتان کرد شەرمەزار و ڕوو ڕەشمان مەکەن..هیچی تر نا)
بەم پەراگرافەی سەرەوە، نووســەر ڕێبین هەردی کۆتایی بە ووتارەکەی دەهێنێــت کە ٢٦ی ئەم مــانگە لە ئـــاوێنە دا لە ژێــر ناوی " کووردبوون"دا بڵاویکردەوە.
ئەم داوایەی بەڕێز ڕێبیـــــــــن هەردی لە پەیوەند بە بۆردوومانەکەی کانی ماسی دێت کە تێیــدا فڕۆکەیەکی تورکی بۆردوومانی ئەو ناوچەیەی کرد و چەند کەسێكی ســیڤیل لەوێــدا گیانیــان لەدەســت دا و برینداربوون. 


ئێمە لە عان و ساتێکداین کە پێداویستیەکی زۆر هەیە بۆ ووردبوونەوە لە مانای هەموو ئەو تێــرم و دەستەواژە سیـــاسیانەی رۆژانە بەکار دەبرێن چ لە ڕێی نووسینەوە یان لە ڕێی دیسکۆرسی سیــاسییەوە. گرنگی ئەم پێداویستییە بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە مانای تێرمەکان و دەستەواژەکان و تەنانەت ووشــەکانیش لە ســیاقێکدا یان لە پەیوەندیدا لەگەڵ چەند سیاقێکی تردا تەشویش و تەمومژێك دروست دەکەن کە ئەگەر شی نەکرێنەوە بۆ مەبەست و نیازە حەقیقیەکان ئەوا کاریگەرییەکانی زەرەرمەند و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی بەلاڕێـــدا بردنی زەینی خەڵك. 
ئەم هەڵوێســتە و چاوەڕوانیــەی بەڕێز ڕێبین هەردی سـادەییەك و بێلایەنیەکی ســیاسی بە بەرگێکی ڕۆمانســیەوە پێوە دیــارە کە گرنگە سەرنجی بدرێتێ و ئەو مەبەســتە سیاسیە دیاری بکرێت کە ئەو زاتە لە پشت ووشەکانیەوە بە شوێنیەوەیەتی و لە دوو پەراگرافی کۆتاییـــدا دەربڕیـــنی بۆ دەکات.
با بزانین، "گەر ناپاکی و خیانەتی براکان نەبێت"، یـــان" چاوەڕوانیەکانی ئێمە گەورە نیە، هیچ نەبێت هاوکاری مەکەن، سیخۆرەکان بدۆزنەوە و رێگە لە ناپاکی ناوخۆمان بگرن" لە ســیاقی بارودۆخی کوردستاندا چ مانایـــەك دەگەێنێت و لە کوێــی کێشمەکێشە گەرمەکانی ئەمڕۆی کوردســـتاندا دەنیشێتەوە، چەندە دروستــە بەو شێوەیە قســە بکەین؟ وە ئەم شــیوە نووســینە یان قسەکردنە خزمەت بە چ ڕەوتێکی کۆمەڵگەکەمان دەکات؟ من لەم ووتارە کورتەدا شوێن ئەم دەستەواژە و تێرمانەی بەڕێز ڕێبین هەردی دەکەوم و لە ســـیاقی بابەتەکەدا قســەی خۆشم دەکەم.


دەکرێت لە بەڕێز ڕێبین هەردی بپرســین مەبەستت لە ناپاکی و خیــانەتی "براکان" چیە؟ براکان کێن، یان کێ برای کێــیە، وە ئەم تێرمە لە قاموس و کێشمەکێشی سیاسیدا چ مانایەك دەگەێنێت؟ ئەوەی کەمێك سەری لە کێشمـەکێشە کۆمەڵایەتیەکان دەربکات دەزانێت کە بونیــادی بزووتنەوە سیــاسیەکانی هەر کۆمەڵگەیەك زادەی کێشمەکێشە چینایەتیەکانی ناویەتی، هەر حزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێنەری خواست و داخوازیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی چینێك یان بەشێكی کۆمەڵگەیە و بەشوێن هێنانەدی ئەوە داخوازیــانەوەیە. لە کوردســتاندا لەم سەری چەپ بۆ ئەو سەری ڕاســت حزب و ڕێکخراوی ســیاسی خۆیان هەیە و ئامانج و ئاسۆی سیاسی هەر یەك لەو هێزانە هەمیشە و لە گشتدا دژ بە یەکە. تەنانەت خودی ئەو هێزانەی کە سەر بە یەك خێزانی ســیاسیشن سەرەڕای برابوونیـــان لە دزین و تاڵانکردندا بەڵام دژایەتی گەورە لە نێواندا هەیە. بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد بە دەیان حزب و ڕێکخراوەی سیاسیان هەیە و نەك هەر برای یەك نیــن بەڵکە تا بۆیـــان کرابێت بەرامبەر بەیەك جەنگیــون. مێژووی ســیاسی و چەکداریی ئەوان چ لە شــاخ و چ لە پاش ڕاپەڕین شاهیــدی ئەو دوژمنایەتیە دێرینەی ئەوانە. برایەتی ئێســتایان لە بەرژەوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردســتانەوە نیە بەڵکو بەرژەوەندی و قازانج و گرێبەســتە ئابووریەکانی خۆیـــانە لەگەڵ بەغداو لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە. 
خیانەت و ناپاکی براکان پێــناسەیەکی تەواو دروســت نییە بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لە هەرێمی کوردســـتان. خودی ئەم تێــرمە واتە "براکان"، تێرمێکی تەواو خێڵەکیــانەیە و پەیوەندی بە جەدەلی ســیاسی مۆدێرنەوە نیــە! وە ئەگەر لە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردســتانەوە بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی بڕوانین دەبیــنین ناپاکی و خیــانەتی ئەوان لە یەکتری و لە خەڵکی کوردســتان، پێنــاسەیەکی هەڵخەڵەتێــنەر و نا واقیعــیە. نەك هەر خیـــانەت و ناپاکیی، بەڵکو کۆنەپەرستیی فەرهەنگی و سەرکوتی ســیاسی و هەڵخەڵەتاندن، دزینی داهاتی خەڵکی کوردســـتان، کلکایەتی و جاوساغی بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستیی ناوچەکە، لۆمپینیزمی سیـــاسی و ...تاد بەشێکە لە هەویەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەبەدیی ئەم حزبانە. منیش و خەڵکی کوردســـتانی تینووی ئازادی دەمێکە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم هێـــزانە ئامرازێکی سەرکووتی ســیاسی هەر هێزێکی ئازادیخوازە لە ناوچەکەدا، مێژوو پراکتیکی سیاسیی ئەوان ئەمەی نیشـــان داوە نەك قســەی من. 
هەر ئەم هەڵوێســتە نووسەر ڕێبیـــن هەردی دەگەێنێت بەو ئەنجامەی کۆتایی کە داوایەکی ڕۆمانســی، شەرمنۆکانە و چاورەڕوانیەکی بەتاڵ بداتە گوێی براکان و پێــیان بڵێ: هیچ نەبێت هاوکاری مەکەن، سیخۆرەکان بدۆزنەوە و رێگە لە ناپاکی ناوخۆمان بگرن! چۆن دەکرێت داوا لە کۆمەڵێك مافیای نەوت و خوێــن بکەیت کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری بەهێزیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا هەیە کە فڕۆکەکانیان ناردووە بۆ بۆردوومانی خەڵکی ســیڤیل کە هاوکاریەکانیان ڕابگرن؟! دەزگای سیخوڕی میت و سوپای پاسداران بە تایبەتی دەیان بنکەو مۆڵگەی تایبەتیــیان لە کوردســتان هەیە و بە هاوکاری و چاوساغی فەرمی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی کارەکانیان مەیســەر دەبێت نەك کەسێك یان گروپێكی تایبەت لەناو ئەم حزبانەدا.
بیرت چوو لە یەکەمین کۆبوونەوەی براکان لە ژێر چەتری پەرلەمانی کوردستــان و بۆ ڕازیکردنی تورکیا، هەردوو لیستی زەرد و سەوزو ئیخوانە ئیسلامیەکانی دەســتەخوشکیان بە کۆی دەنگ حزبی کرێکارانی کوردســتانیان خســتە سەر لیستی تیرۆر و یەکەم هەنگاویــان داخستنی رۆژنامەی وڵات بوو، ئەوە بوو بە دوای ئەم بڕیارەدا شێرکۆ بێکەسی نووسەرو شاعیر لە دژی هەڵوێستی دوژمنکارانەی براکان لە وەزارەتی ڕٶشنبیریی دەستی لە کار کێشایەوە!
ئەم هەڵوێســتە ســیاسیەی ڕێبیــن هەردی و ئەم داوایەی لە براکان بۆ ڕێگرتن لە خیـــانەت و چاوساغی بۆ دوژمنـــان زەرەر دەدات بە ڕەوتی تەنــانەت بچوکترین گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەم ســادەیی و نیوتراڵێتییە لە هەڵوێستی سیاسیی ئەودا زادەی دوو شــتە، یان ئەوەتــا جەوهەری بزووتنەوەی کوردایــەتی نانــاسێت کە لە هەرێمی کوردســـتاندا دەسەڵاتدارن لێرەشەوە کۆی دۆخەکەی لەبەرچاو نیــە، یاخود بەرژەوەندی ئەو وەکو نوسەرێكی نـاو خێزانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد ڕێگرە لە نیشـــاندانی هەڵوێستێکی سیـــاسی تر بە جیــا لە ئاسۆی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیـــان.
هەردوو گریمانەکە واتە نە ناسینی دۆخی کوردســتان یان هەڵوێستوەرگرتنی شەرمنۆکانە بە مەبەستی پاراستنی جێگەوڕێگەی ئەو هێزانەو مانەوەیان وەك مۆتەکە بەسـەر سنگی خەڵکی کوردستانەوە، هەڵوێستی ســیاسی ئەو دەکاتە هەوڵێك بۆ لێڵکردنی ئاسۆی سیاسی خەڵك و مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی ئەمەش بە قازانجی دەسەڵات و حزبەکانیــان کۆتایی دێت.
هەڵەیەکی ڕۆشنبیرانەی کوشـــندە ئەوەیە کە پێت وابێت بێـــلایەنی و نیوتراڵی بە تایبەتی لە فیکری ســیاسیــدا بەڵگەیە بۆ بابەتیی بوون " Objectivity"!. بەڵام بە پێچەوانەوە فیکری ســیاسی ئەبێت بابەتیی بێت چونکە مەیدانێکی کارایە بۆ جەدەلی زینـــدوو لە ناو کێشمەکێشێکی گەورەی کۆمەڵاتیدا و هیــچ نووسەرێك تەنانەت ئەوانەشی ئیدعای بێلایەنی دەکەن لە ڕاستیـــدا بێلایەن نین.
هەڵوێستی دروست بۆ وەســتانەوە بەرامبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورك، ئامادەکردنی خەڵکی کوردســتانە بۆ بەرەنگاریی هەمەلایەنە بە دژی ئەم فاشیزمە. ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم ئەم بەرەنگاریی بوونەوە و ئەم هەڵسانەی خەڵکی کوردســتان خودی تورکیــاو سوپا فاشیسـتەکەی نیـــە، بەڵکو هێزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە خیــانەت و ناپاکییان کردۆتە عادەتێکی ســیاسی و نانی ڕۆژی لەســەر ئەخۆن. لێدان لە فاشیزمی تورك و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی لە کوردســتان، بە هێـــنانە مەیدانی هێزی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان بە دژی بزووتنەوەی کوردایەتی و مافیاکانی دەسەڵاتی کوردی مەیســەر دەبێت.  
هەڵوێستێك کە ڕێبیــن هەردی لە "کوردبوون" وە لە زمانی باوکیەوە دەیگێڕێتەوە لەســەر فایەق بێکەس بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە ســیەکانی سەدەی پێشوو، لەگەڵ هەڵوێستی شێرکۆی کوڕیشی لە سەرەتای نەوەدەکانی هەمان سەدە کاتێك وازی هێـــنا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە دژی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات، تەواو ســیاسیانەو باباتەیانەیە هەربۆیە هەردوو هەڵوێستەکە مێژوو دەتوانێت وەك هەڵوێستی ســیاسی ڕۆشن تۆماریان بکـــات. بە داخەوە هەڵوێســتی ڕێبین هەردی لە پەیوەند بە شەڕی فاشیزمی تورکی لەگەڵ خەڵکی کوردســـتاندا تەواو ناڕۆشن، ڕۆمانسی وە خزمەت بە مانەوەی بارودۆخەکەو دەسەڵاتی  مافیــاکانی دەســەڵات دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×