لەبەرچی بەرپرس و کوڕەکانیان قێزەونن لەو کاتەی بە ئەسپەوە وێنە دەگرن؟!

زانا عارف
  2023-08-06     562

هەرکاتێک وێنەی دەسەڵاتدار و ئەسپت بینی و مێگەل ڕقی بە وێنەکە هەستا ئەوە بزانە چوار جۆر ڕقی جیاواز هەیە:

یەکەم: ئاست نزمترین چینی کۆمەڵگا ئیرەیی بە خودی ئەسپەکە دەبەن، حەز دەکەن ئەوەی لەژێر دەسەڵاتدارەکەدایە خۆیان بوونایە. واتە لە جیاتی مرۆڤ حەزیان بەوەیە ئەسپ یان هەر ئاژەڵێکی ناو کولانەی دەسەڵاتدارەکە بوونایە و ڕقیان لە مرۆڤبوونی خۆیانە. چونکە دڵنیان لەوەی ئاژەڵێتی زۆر چێژدارترە لەوەی مرۆڤ بیت. لای ئەمانە چێژ سەنتەر و ئامانجی ژیانە. بۆیە ڕقیان لە وێنەی ئەسپەکەیە لە جیاتی دەسەڵاتدارەکە. چونکە ئامادەن بۆ بوونە ئەسپ و سەگ و مەڕ و تانجی ڕاو...بڵێ بکوژە دەکوژێ، بڵێ بمرە دەرێ، ئەمانە زۆرینەی کات دەستی چەقۆوەشێن و چەورەی بەرسینەما و چایخانەکانن، هەرچی کاری گەند و سووک و قێزەونە ئەم چینە ئامادەن "بالروح بالدم" بۆ بکەن و بیکەنە ویردی سەرزوبان و دروشمیان.

دووهەم: زۆرینەی مێگەل ئیرەیی بە ئالیکی ئەسپەکە دەبەن کە بۆچی ئالیکی دەرخواردی ئەسپەکە داوە و بەشی ئەمانی نەداوە، ئەمانە چەشنی کۆیلەکەی سینۆهە کە لە کەنار دەریاکە بینی، لە ئەزەلەوە هەڵگری ڕۆحی کۆیلەن و ڕزگاربوونیان لە ڕۆح و فکری کۆیلایەتی مەحاڵە. واتە وێڕای ئەو هەموو زوڵمەی لێیکراوە هێشتا خاوەنەکەی یان سەردارەکەی خۆشدەوێت و کێشەی لەگەڵ خودی زوڵمەکەدا نییە... بەڵکو ئەوەی پێناخۆشە کە بۆ ئەمی کردۆتە مەزڵوم و کەسێکی تری بەهرەمەند کردووە. ئەمانە مێشک بچوکەکانن و هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەسپەکە و ئالیکەکەشی هەر بە سەروەتی خۆی کڕدراوە، چونکە پێی وایە دەسەڵاتدارەکە بە پارەی خۆی کڕیوێتی.

سێهەم: بەشێکی تری کۆمەڵگاش ڕقیان لە دەسەڵاتدارەکەیە چونکە ئیرەیی بە پێگەکەی دەبەن و حەز دەکەن خۆیان لە شوێنی دەسەڵادارەکە بوونایە، واتە ئەمیش کیشەی لەگەڵ زوڵمەکەدا نییە بەڵکو ئاواتەخوازی ئەوەیە خۆی ببێتە زاڵم و زەمانەی خوێڕی ئەو هەلەی پێنەداوە. هەربۆیە تەواوی جوێن و ڕق و خەشم و قینیان لە پێناو ئەوەیە ببن "بەو"، گەر هەلی بوونە ئەویان دەستکەوت زۆر لەو خراپتریش دەکەن!!! ئەمانە زۆرینەی کات ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە لە نێو کۆمەڵگادا دروست دەکەن. ئەم جۆرە لە مرۆڤ زۆرینەی کات بە درێژایی هەموو تەمەنی کۆیلایەتی دەکاتە پیشە و شێوازی ژیانی لە پێناو ئەوەی ببێتە "ئەوی سەردار".

چوارەم: ئەمانە چینی کەمینەن، نە ڕقیان لە دەسەڵاتدارەکەیە نە لە ئەسپەکەی، نە دەیانەوێت ببنە ئەسپەکە و نە دەیانەوێت ئالیکەکەی ئەو بخۆن. تەنیا ڕقیان لە زوڵمە، ڕقیان بۆ دەسەڵاتدارەکەش لە زوڵمەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە نەک لە خودی خۆی. ئەمانە ئەو چینەن کە دادپەروەری لەلایان سەنتەرە. ئەم جۆرە لە ڕق مەترسیدارترین جۆری ڕقە بۆ سەر دەسەڵات، هەربۆیە دەسەڵات هەردەم ئەم جۆرە کەسانە دەکات ئامانج و سێ جۆرەکەی تری بە بای خەیاڵدا نایەت.

لەلایەکی ترەوە هەر کاتێک لە ڕۆژهەڵاتدا دەسەڵاتدارت بە ئەسپەوە بینی ئەوە بزانە یەک پەیامی پێیە بۆ مێگەل: ئەم ئەسپە بە پارەی ئێوە کڕدراوە، گەر زۆریشت پێناخۆش بێت وەک ئەم ئەسپە لغاوت دەکەم و دەتخەمە ژێری خۆمەوە...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×